کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٠ لەسەدی بنەماڵەکانی ئێران، بەخێوکەریان نییە

20:18 - 27 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: بەپێی ئاماری وزارەتی کاری رێژیمی ئێران ٥ میلیۆن لە بنەماڵەکانی ئێران، تەنانەت یەک کەسیشیان کاری نییە.

بێکاری یەکێک لە سەرەکیترین کێشەکانی خەڵکی ئێرانە، کە ساڵانێکە ڕێژیمی ئێران نەیتوانیوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکات و تەنیا دروشمی چارەسەر کردنی دەدەن و بە کردەوە هیچ ڕێگاچارەیەکی بۆی دیاری نەکردووە.

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران ٥/ ١٢ لەسەدی خەڵک بێکارن و ئەمە لە حاڵێک دایە کە زۆربەیان تازە پەیوەست بوونە بە بازاڕی کار و بەشێکی هەرە زۆریان خوێندەواری ئاکادێمکیان هەیە.

جەمشید ئەنساری، جێگری سەرکۆمار و بەرپرسی ڕێکخراوی ئیداری و دامەزراندنەکانی ڕێژیم، لە کۆنفڕانسێک لە زانکۆی تاران باسی لەوە کردووە، کە کارە دەوڵەتییەکان بە عەداڵەتەوە لە نێو کۆمەڵگا دابەش نەکراوە.

هەروەها جەمشید ئەنساری، کێشە ئابوورییەکانیش بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بازاڕی کاری لاوانی خوێندکار دەزانێت.

لە سەر کێشەی بێکاری بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، بە بەردەوامیی تاوانەکان دەخەنە ئەستۆی یەکتر و لە لایەکی دیکەشەوە و زۆربەیان ڕێکار دەدەن بۆ چارەسەریی، بەڵام ئاکامی هیچ کام لەو بەڵێنانە بۆ خەڵک دیار نەبووە.

بەپێی ئامارەکانی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، بەشداریی بوارە ئابوورییەکان نزیک بە ٣٩ لەسەد بووە، واتە ٥/ ٢٦میلیۆن کەس لە بازاڕی کاری ئێران خوازیاری کارن و هەموو ساڵێک ئەو ڕێژەیە زیاد دەبێت.

بەڵام رێژیمی ئێران توانای پێکهێنانی کار و پێشەی نییە و زیاد بوونی ڕێژەی دەرچووانی زانکۆ گەێشتووتە ئاستێک کە هەموو ساڵیک بێکار ڕوو لە زیاد بوون دەکات و بەشێکی کەمیان دادەمەزرێن و هەتا دەڕوات ئەم کێشەیە گەورەتر دەبێت.

هەبوونی ٥ میلیۆن بنەماڵە بە بێ‌داهات کارەساتێکە کە داهاتووی کۆمەڵگای ئێران و بەرەی تازەی خستووەتە قەیرانەوە.