کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی ڕێژیمی ئێران: تەمەنا دەکەین باسی خراپی ئابووریی مەکەن تا خراپترمان بە سەر نەهێنن

20:24 - 27 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: وتەبێژی ڕێژیم، تەمەنا لە خەڵک دەکات و دەڵێت: باسی خراپی ئابووریی مەکەن تا نەزانن چیمان بە سەر هاتووە، دەنا خراپترمان بە سەر دێنن.

محەممەد باقری نەوبەخت، وتەبێژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەڵێت: ئێستە کە دۆخێکی ئابووریی باشمان نییە، باسی خراپی بواری ئابووریی مەکەن، هەتا وڵاتە دەرەکییەکان نەزانن لەو بوارەوە لاوازین و گوشاری زیاتر نەخەنە سەرمان.

نەوبەخت لە دانیشتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان وتی: لە ئێستەدا یەکیەتی و یەکڕیزی وڵات بپارێزن و هێندە مەڵێن دۆخەکە باش نییە و سەرچاوە داراییەکانمان بۆ ئیدارە کردنی وڵات کەمن.

ئەو قسانەی نەوبەخت لە حاڵێک دایە کە ڕێژیم بۆ دابین کردنی تێچووی شەش مانگەی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە خەزێنەی وڵات دراوی نەختی وەرگرتووە و بەو حاڵەشەوە گلەیی هەیە لە ئەو کاسانەی باسی نالەباریی بواری ئابووریی دەکەن.

وتەبێژی ڕێژیم وتیشی: ئێستە بابەتی بەرجام لە گۆڕێ دایە، تکایە باسی خراپی و لاوازیی بواری ئابووریی مەکەن تا خراپترمان بە سەر نەهێنن و دیتیشمان کە ئامریکا لەو بارەوە تەنیایە و بێجگە لە ئیسرائیل و چەند وڵاتی خێڵەکیی پاڵپشتی دیکەی نییە.

ئەو قسانەی نەوبەخت و بەرپرسانی دیکەی ڕێژیم لە حاڵێک دایە، کە ڕێژیم بوودجە بۆ پەرەپێدانی تێرۆر و سپای تێرۆریستی قودس لە ناوچەکە دابین دەکات، بەڵام ئاوڕێک بۆ تێچووە سەرەکییەکان ناداتەوە و دابین کردنی تێچوو بۆ کردەوەی تێرۆریستیی دەخاتە سەر شانی خەڵک و بە گران کردنی سەرچاوەکانی وزە و زیاد کردنی داهاتانە دەیەوێ قەرەبووی بکاتەوە
بەرپرسانی ڕێژیم هیچ بایەخێک بە ژیانی خەڵک نادەن و بەردەوام لافی خەڵکی بوونی حکوومەتەکەیان لێ دەدەن، بەڵام وەک وڵاتی کورەی باکوور مامەڵە لەگەڵ خەڵک دەکەن و هیچ بۆیان گرینگ نییە خەڵک برسییانە یان نە.