کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا بەردەوام دژی ڕێژیمی ئێران لێدوان دەدات

15:18 - 28 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ئامریکا دوای دیاری کردنی ستراتیژی نوێی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران لێدوانی نوێ دەدن و پشتیوانی له بڕیارەکانی دانڵد ترامپ دەکەن.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، ژێنراڵ هێربێرت ڕیمۆند مەک مەستێر ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی کۆشکی سپی، لە بارەی ستراتیژی نوێی ئامریکا لە مەڕ ڕێژیمی ئێران وتی: ئەو بڕیارانەی ترامپ هەموو بە هۆی کردەوە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێرانە.

ناوبراو باسی لەوە کردووە ستراتیژی نوێی ئامریکا تەنیا لە سەر بەرجام چڕ نابێتەوە.

مەک مەستێر لە بەشێکی قسەکانیدا باسی له کردەوە تێکدارانەکانی ڕێژیمی ئێران، وەک پشتیوانیی ماڵی لە تێرۆریزم، پشتیوانی لە جینایەتەکانی ئەسەد، هەڕەشە لە ئیسرائیل، هەڕەشە لە کەشتییەکانی ئامریکا لە کەنداو و چەندین کردەوەی تێکدەرانەی دیکە کردووە.

ڕاوێژکاری ئەمنییەتی کۆشکی سپی هەروەها وتی: کە ئێمە دەبێ وەکوو کۆمەڵگای جیهانی بۆ مەحکووم ‌کردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە لایەن سپای تێرۆریستیی پاسدارانەوە هەموو پێشبینیەک لەبەر چاو بگرین.

هەروەها مایک پمپێئۆ سەرۆکی ڕێکخراوی (CIA) وتوویەتی: ڕێژیمی ئێران ناوەندی هەڕەشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و ئامریکا بە گوشارهێنان بۆ سەر سپای پاسداران و هێزی قودس پێش لە کردەوە تێکدەرانەکانی ئەو ڕێژیمە دەگرێت.

سەرۆکی سی‌ئای‌ئەی باسی لەوەش کردووە، ڕێژیمی ئێران بە شێوەی شاراوە درێژە بە چالاکییە مووشەکییەکانی دەدات.

پێشتریش مایک پێمپێئۆ، لە وتارێکدا لە زانکۆی تێگزاس ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر، ڕێژیمی ئێرانی بە هاوشێوەی داعش ناو برد و وتی: جیاوازی نێوان ڕێژیمی ئێران و داعش لەوە دایە، کە دەوڵەتی ئیسلامیی بە دوای دامەزراندنی خەلافەتەوە بووە، بەڵام ڕێژیمی ئێران گەورەترین پشتیوانی تێرۆریست لە دنیا دایە.

لە دوای لێدوانەکانی ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی ئامریکا، ڕێکخراوی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە بەیانییەیەکدا ڕایگەیاند، پەرەپێدانی توانای مووشەکیی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای هەموو گەمارۆوە ئابوورییەکان بە هێزێکی زیاتر درێژە پێ دەدەین.

ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا بە پەیڕەوی لە سیاسەت و ستراتیژییەکی دیار لە فیکری ئەوەدا بووە، کە بە دامەزراندنی گرووپە بونیاتگەرا مەزهەبییەکان لە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەدا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هێز و دەسەڵاتی خۆی لە وڵاتانی ناوچەکەدا پەرە پێ بدات و بە دروست کردنی دووبەرەکیی و شەڕی ناوخۆ لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستدا ویستوویەتی ئاگری شەڕ لە خۆی دوور بخاتەوە.