کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووسیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕێککەوتننامەی نەوتیی واژۆ کرد

15:21 - 28 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: کومپانیای حکوومەتیی ڕووس نەوت ڕێککەوتننامەیەکی نەوتی مەزنی لەگەڵ هەرێم کوردستان واژۆ کرد.

کومپانیای حکوومەتیی ڕووس نەوت لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕێککەوتننامەیەکی نەوتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژۆ کرد و بەپێی ئەم ڕێککەوتننامەیە بڕیارە کومپانیای ڕووسی لە ٥ کێڵگەی نەوتیدا پرۆژەی دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی نەوت دەست پێ بکات.

بڕیارە لە ساڵی ٢٠١٨ی زایینییەوە بەرهەمهێنانی تاقیکارانەی نەوت دەست پێ بکات و لەم ٥ کێڵگە نەوتییە ٦٧٠ میلیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنرێت، هەر بەپێی ئەم ڕێککەوتننامە دوو لایەنە کومپانیای ڕووس نەوت تێچووەکانی ئەم پرۆژەیە کە بڕی ٤٠٠ میلیۆن دولارە دابین دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕویتێرز، هەرێمی کوردستان و کومپانیای ڕووسی لە سەر پەرەپێدان بە هێندێ پرۆژەی و کێڵگەی نەوتی دیکە ڕێککەوتننامەیان واژۆ کردووە.

مامەڵە نەوتییەکانی ڕووسیە و هەرێمی کوردستان یەکەم جار نییە کە ئەنجام دەدرێت، بەڵکوو نزیک بە مانگێک پێشتر بەرپرسانی کومپانیای ڕووس نەوت باسیان لە هاوکارییە بەربڵاوەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هێڵی گواستنەوەی گازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان بەرەو تورکیە و ئورووپا کردووە، کە دوابەدوای بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە لە سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی دنیا کوردستان وەکوو یەکێک لە گەورەترین هەناردەکاری گاز بۆ تورکیە و ئورووپا لە قەڵەم درا.

لە ڕۆژی ٢٧ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، رۆژێک پاش ئەوەیکە ئەم ڕێککەوتننامە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کومپانیای حکوومەتیی ڕووس نەوت واژۆ بکرێت، وەزیری نەوتی بەغداد بە دەنگ هات و ناڕەزایەتیی خۆی دەربڕی.

جەبار عەلیەلعەیبی، وەزیری نەوتی بەغداد، لە ڕاگەیندراوێکدا باسی لەوە کردووە، کە واژۆ کردنی ڕێککەوتننامەی نەوتی بەبێ ئاگاداریی حکوومەتی ناوەندیی و وەزارەتی نەوت، نابەرپرسانە و دەستێوەردانی ئاشکرایە.

ناوبراو پێداگریی لەسەر ئەوە کردووە، کە تەواوی ڕێککەوتننامە نەوتییەکان لە پاوانی حکوومەتی ناوەندیی و وەزارەتخانەی نەوتە و ئەم ڕێککەوتننامەیە لە ڕوانگەی بەغدادەوە لە لایەن حکوومەتە فیدڕاڵەکانەوە نایاسایی و بێ‌بنەماـیە.

ناڕەزایەتیی وەزیری نەوتی بەغداد و نایاسایی بوونی ئەم ڕێککەوتننامەیە لە ڕوانگەی ئەوانەوە لە حاڵێک دایە، کە ١٧ لەسەدی بوودجەی وڵات کە لە یاسای حکوومەتی فیدراڵی بۆ هەرێم کوردستان تەرخان کراوە، نزیک بە ٣ ساڵە بڕدراوە، بۆیە ئەگەر هەرێم کوردستان بڕیاری سەربەخۆیی داوە و یەک لایەنە وەها ڕێککەوتننامەیەک واژۆ دەکات بە هۆی سیاسەتە هەڵە و چەوتەکانی بەغدادە کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆیان دیاری دەکرێت.