کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل پشتیوانی لە کورد دەکات

14:07 - 29 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: دەوڵەتی ئیسرائیل بەردەوام پشتیوانی لە پرسی کورد دەکات و جارێکی دیکە پشتیوانیی خۆی بۆ سەربەخۆیی لە کوردستان دەربڕی.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە کە بنیامین نێتانیاهۆ هەفتەی ڕابردوو بۆ پشتیوانی لە کورد و لابردنی هەڕەشەکانی سەر هەرێمی کوردستان پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەنگێلا مێرکل و ڤلادێمیر پوتین پێک هێناوە.

کاربەدەستانی ئیسرائیل باسیان لەوە کردووە کە بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیری ئەو وڵاتە، لابی بۆ کوردی عێراق دەکات تا هەڕەشەی عێراق لە سەر هەرێمی کوردستان لاببات.

هەروەها نتانیاهۆ لەگەڵ فەرانسە لە سەر کێشەکانی ئێستای کوردستان قسەی کردووە.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز باسی لەوەش کردمەئیر بن شەبات ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل لەبارەی پرسی کورد لەگەڵ کاربەدەستانی ئامریکا پەیوەندی ئەنجام داوە.

بەرپرسێکی وڵاتی ئیسرائیل که بە هۆی هەستیاریی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و کورد ناوی خۆی ئاشکرا نەکردووە، گوتویەتی ئیسرائیل بەرژەوەندیی ئاسایشی لەگەڵ کوردستان هەیە، چونکە هەرێم لە تاران و دیمەشقەوە کە نەیاری ئیسرائیلن نزیکە.

ئەو بەرپرسەی ئیسرائیل گوتوویەتی هەرێمی کوردستان شوێنێکی گرینگە بۆ ئەوان.

ئیسرائیل کاتس وەزیری ئیتلاعاتی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕادیۆ تەل ئاویڤ گوتوویەتی: لە ئێستادا گرینگ ئەوەیە نەهێڵین هێرش بکرێتە سەر کوردەکان و کۆمەڵکوژیان بکەن و زیان بەر هەرێمەکەیان بکەوێت، کە تورکیه و ئێران و هێزە شیعەکان و هێزی دیکەی عێراق و بەشێکی حکومەتی عێراق دەیانهەوێت ئەم ئامانجە بپێکن.

هەر لەو پێوەندییەدا ڕاڵف ئا‌براهام، مارشا بلاكبێرن، جارید پۆلس و مایك گالاگه‌ر چوار كۆنگرێسمەنی ئا‌مریكایی نامه‌یه‌كیان ئاراسته‌ی ڕێكس تیله‌رسن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئا‌مریكا کردووە و تێیدا داوایان لە ناوبراو کردووە به‌ زووترین كات، به گرتنه‌به‌ری ته‌واوی ڕێوشوێنه‌ به‌رده‌سته‌كان، ڕێگری له‌‌و هێرشانه‌ بکات كه‌ له‌ لایه‌ن میلیشیا شیعه‌كان به‌ پاڵپشتی ئێرانه‌وه‌ ده‌كرێنه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.