کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی رێزگرتن لە رۆژی شەهیدانی کوردستان لە ڤانکۆڤێری کانادا

22:56 - 21 خاکەلێوه 2712

کوردستان میدیا: رێوڕه‌سمی 10ی خاکه‌لێوه‌ له‌ رۆژئاوای کانادا بوڕێوه‌چوو و کۆمیته‌ی حیزبی له‌و وڵاته‌ رێزی له‌ بنه‌ماڵه‌ی هه‌موو شه‌هیدانی کوردستان گرت.

به‌پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو به‌ ماڵپه‌ڕی کوردستان میدیا، رێکه‌وتی 19ی خاکه‌لێوه‌ی 1391ی هه‌تاوی، کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ــ رۆژئاوای کانادا، بۆ بەرز راگرتنى‌ یادی هەموو شەهیدانی کوردستان، رێوڕەسمێکی تایبەتیی به‌ به‌شداریی هاووڵاتییانی دانیشتووی ڤانکۆڤێر و ده‌وروبه‌ری به‌ڕێوه‌ برد.

کۆڕیادەکە سەرتا بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و راگرتنی خوله‌کێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن له‌ شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
393.jpg

دواتر پەیامی دەفتەری سیاسیی حدک ــ ئێران، بە بۆنەی 10ی خاکەلێوە لەلایەن به‌ڕیز رەحمان مورادییه‌وه‌ پێشکەش کرا.

بەڕێز تەها جەبار بەرپرسی رێکخراوی یەکیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان لە ڤانکۆڤێر بە نوێنەرایەتی یەکێتی نیشتمانی پەیامی رێزلێنانی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و یاد و ناوی پێشەوای شەهید و هاوڕێیانی بەرز و نرخاند و هیواخوازی وەدی هاتنی ئامانجە پیرۆزەکانی پێشەوا و کۆماری کوردستان بوو.

له‌ درێژه‌ ئاماژه‌ به‌ ناوی ئه‌و رێکخراو لایه‌نانه‌ کرا په‌یامی خۆیان بۆ رێوڕه‌سمه‌که‌ ناردبوو:
ــ کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ رۆژئاوای کانادا
ــ پارتی دێمۆکراتی کوردستان
ــ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان
ــ سازمان خەباتی کوردستانی ئێران
ــ جڤاتی کوردەکانی رۆژئاوای کوردستان
392.jpg


پاشان بەڕێز کیومەرس نیک‌رەفتار، کەسایەتی سیاسی و مێژووناسی کورد، وتارێکی لەسەر مێژووی جووڵانەوەی رزگاریخوازیی کوردستان، راپەرینە مەزنەکانی کوردستان و کۆماری کوردستان پێشکەش کرد و بە وردی لەسەر کەسایەتیی پێشەوای شەهید و کارەساتی شەهیدکرانی ئەم کەسایەتییە هەڵکه‌وتووی کورد دوا.

دواتر بەڕیز محیه‌‌دین پاڵانی، ئەندامی راوێژکاری کۆمیتەی ناوەندیی حدک ئێران، لە دووتوێی وتارێکدا تیشکی خستەسەر هەلومەرجی پێکهاتنی کۆماری کوردستان و لایەنە ئەرینی و نەرینییەکانی ئەو کۆمارە جوانەمەرگە و هەروەها خەسارناسیی کۆمار و شەهیدکرانی پێشەوا و هاوڕێیانی. بەڕێز پاڵانی باوەڕ بە خۆبوون و ئیمان بە رێبازی رزگاریخوازی وەک هەوێنی فیکریی پێشەوای شەهید پێناسە کرد کە وەک میراتێکی بە نرخ بۆ حیزبەکەی پێشەوا بەجێ ماوە و هه‌تا ئێستاش دوای 65 ساڵ رێبوارانی رێبازی پێشەوای نەمر بە بەو بنەما فیکرییانەی پێشەوا گۆش دەکرێن و ئاڵای شۆڕشی پیرۆزی گەلەکەمان شەکاوە رادەگرن.

390.jpg

لە بەشێکی دیکه‌ی رێوڕەسمەکەدا، هونەرمەند ده‌نگ‌خۆش، بە‌ڕێز عادڵ چەند سروودی نیشتمانی پێشکەش کرد و دوا برگەی رێورەسمەکە بریتی بوو لە پێشکەش کردنی لەوحی رێزلێنان لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان لەلایەن هاوڕێیان محیه‌دین پاڵانی و شەهریار ویژە، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب، بە نوێنەری بنەمالەی شەهیدان.
391.jpg