کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەفتەری سیاسی: کۆماری ئیسلامی وەکوو ڕێژیمێکی ئیدئۆلۆژیکی سەرەڕۆ، هیچ مافێک بۆ مرۆڤەکان و پێکهاتەکانی کۆمەڵگا لەبەرچاو ناگرێ و تەنانەت یاسا دواکەوتوانەکانی خۆیشی پێشێل دەکا

17:14 - 29 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی مانگرتنی زیندانی سیاسی کورد، محەممەد نەزەری ڕاگەیەندراوێکی دەرکرد و تێیدا داوای لە ناوبراو کرد دەست لە مانگرتنەکەی هەڵ بگرێ.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

راگەیەندراو بەبۆنەی مانگرتنی موحەمەد نەزەری

کۆڕو کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان،
خەڵکی ئازادیخوازی ئێران
هاونیشتمانیانی کورد


ماوەی زیاتر لە ٨٠ رۆژە کە زیندانیی سیاسی ، موحەمەد نەزەری مانی لە خواردن گرتووە و تەنیا داواکاریی ئەو، جێبەجێکردنی یاساکانی کۆماری ئیسلامییە سەبارەت بە ماوەی حوکمدرانەکەی.

موحەمەد نەزەری خەڵکی سایین قەڵا ، تەمەن ٤٦ ساڵ، ماوەی ٢٤ ساڵە کە زیندانی کراوە و حوکمی ناڕەوای بەسەردا سەپاوە، تەنیا تاوانێک کە کۆماری ئیسلامی خستوویەتە پاڵی پشتیوانی لە مافی کوردان و ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردیدایە.

موحەممەد نەزەری لەبەر ئەوەی پشتیوانی لە مافی کورد کردووە، ٢٤ ساڵە بە بێ مورەخەسی لە چاڵە ڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیدا دەسبەسەرە و بەرپرسانی رێژیم تەنانەت بەپێی یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامیش لەگەڵی ناجووڵێنەوە و ستەمی زیاتری لێ دەکەن.

بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی دەبوا ماوەی دەسبەسەرکرانەکەشی کەمتر بوایە و چەند ساڵ پێش ئازاد بکرایە و موحەمەد نەزەری بە پێی یاسای ساڵی ١٣٩٢ی رێژیم داوای دووبارە دادگاییکردنەوەی کردووە و وەڵامیان نەداوەتەوە، بۆیە لە رۆژی ٨ی گەلاوێژەوە دەستی داوەتە مانگرتن و تەنیا داوای ئەوە دەکا کە یاساکانی کۆماری ئیسلامیی لەسەری جێبەجێ بکەن.

کۆڕ و کۆمەڵە جیهانی و مرۆڤدۆستەکان،

ئێمە لە حیزبی دێموکرات داواتان لێ دەکەین کە دەنگی مافویستیی زیندانیی سیاسی، موحەمەد نەزەری بن و گوشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی کە گوێ لە موحەممەد نەزەری بگرێ و داواکانی جێبەجێ بکا و هەرچی زووتر ئازاد بکرێ.

کۆماری ئیسلامی وەکوو رێژیمێکی ئیدئۆلۆژیکی سەرەڕۆ، هیچ مافێک بۆ مرۆڤەکان و پێکهاتەکانی کۆمەڵگا لەبەرچاو ناگرێ و تەنانەت یاسا دواکەوتوانەکانی خۆیشی پێشێل دەکا.

روو لە زیندانیی خەباتکار و مافویست موحەمەد نەزەری دەکەین و داوای لێ دەکەین کە لەم دۆخە دژوارە جەستەییە کە تێیدایە، دوای زیاتر لە ٨٠ رۆژ مانگرتن، دەست لە مانگرتنەکەی هەڵ بگرێ، چوونکە کۆماری ئیسلامیی ستەمکار گیانی هیچ مرۆڤێکی بەلاوە گرینگ نییە و بایەخ بۆ هیچ ویست و هیچ گیانێک دانانێ بۆیە لەبەر پاراستنی گیانی خۆی داوای لێ دەکەین واز لە مانگرتنەکە بێنێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

٢٩ی رەزبەری ١٣٩٦
٢١ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧