کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵێکی نوێ بۆ گەمارۆدانی ڕێژیمی ئێران لە لایەن ئامریکاوە

14:57 - 30 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: تیلرسۆن لە سەفەرەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە هەوڵ دایە گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران زیاد بکات.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری ئاسوشێتدپرێس ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی ڕێکس تێلرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئامریکا وڵاتەکەی بۆ سەفەرێک بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە جێ هێشتووە.

بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان تێلرسۆن لە یەکەم سەردانیدا دەچێتە عەرەبستان و بڕیارە نێوبژیوانی بکا بۆ ئەوەیکە بەرەیەکی نوێ لە نێوان بەغدا و ڕیاز پێک بێنێت.

چەند بەرپرسی ئامریکایی کە نەیانویستووە نێوێان ئاشکرا ببێ وتوویانە مەبەستی سەرەکی سەفەری وەزیری دەرەوەی ئامریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەوڵدان بۆ سازکردنی بەرەیەکی نوێ بە مێحوەرێتی عەرەبستان-بەغدایە دژ بە ڕێژیمی ئێران.

هەواڵدەری ئاسوشێتدپرێس لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاشکرای کردووە کە مەبەست لەو بەرەیە نوێیە بەستنی دەرگاکانی پەیوەندی جەهانی عەرەب بە ڕووی ڕێژیمی ئیسلامیی تارانە و ڕووبەڕووبونەوەی نفووزی ڕۆژ بە ڕۆژی ڕێژیمی ئێرانە لە ناوچەکەدا.

کۆمیتەیەکی نوێی هاوکاری نێوان عێراق و عەرەبستان ساز بووە کە مەبەستی سەرەکیان دوور کردنەوەی بەغدایە لە تاران و تێلرسۆن بڕیارە لە سەر قەیرانی یەمەنیش لەگەڵ بەرپرسانی عەرەبستانی قسە بکات.

ئەو هەوڵانەی ئامریکا و وڵاتانی جیهان و ناوچەکە دژ بە ڕێژیمی ئێران دوای ستراتژی نوێی ئامریکایە لە هەمبەر ڕێژیمی ئیران.

ڕێژیمی ئێران دوای هوشداری دانی زۆر لە لایەن ئامریکا و وڵاتانی جیهان و ناوچەکە لەمەڕ دەستێوەردانەکانی لە کاروباری وڵاتان و پاڵپشتی و پەرەپێدانی تێرور بەردەوام ئەو هەوڵانەی دووپات کردووەتەوە و ئامریکا پێشتر ڕاشیگەیاندبوو کە لە ئەگەری دووپاتکردنەوەی ئەو کارانە ڕیژیمی ئێران سزادەکات.

ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهـ تەنیا مانەوەی خۆی بۆ گرینگە و سزادان و ئابلۆقەکان ژیانی خەڵک سەختتر دەکات و بەرپرسانی ڕێژیم هاوشێوەی کۆریای باکوور دەڕواننە خەڵکی ئێران.