کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبووردنی نێونەتەوەیی: محەممەد نەزەری بە بێ مەرج و بە زووترین کات ئازاد کەن

20:44 - 30 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی داوای ئازاد کردنی بێ مەرجی محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج دەکات.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی دژ کردەوەی لە هەمبەر باری جەستەیی محەممەد نەزەری نیشان داوە و زیندانی کردنی ناوبراوی بە نادادپەروەرانە لە قەڵم دا.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاند: زیندانی عەقیدەتی، محەممەد نەزەری کە زیاتر لە دوو دەیەیە دەستبەسەر کراوە و لە زیندان دایە و ئێستا لە دەستبەسەرییەکی نادادپەروەرانەدا دەژی و بۆ چارەسەری پزیشکی پێویستی بە نەخۆشخانەیەک لە دەرەوەی زیندان هەیە.

ئەو ڕێکخراوە لە بەشێکی دیکە لە بەیاننامەکەیدا باسی لەوە کردووە: تەندروستیی محەممەد نەزەری، زیندانیی عەقیدەتی ٤٦ ساڵە کە نیوەی زیاتری تەمەنی خۆی لە زیندان دابووە و ئێستا بە هۆی مانگرتن لە خواردنی درێژ خایەن، دۆخی جەستەیی بە شێوەیەکی مەترسیدار کەوتووەتە مەترسیەوە. محەممەد نەزەری لە ٨ی گەڵاوێژ، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر زیندانی کردنی نادادپەروەرانەکەی و خۆپاراستنی بەرپرسانی قەزایی لە لێڕوانینەوەی دووبارەی حوکمەکەی دەستی دایە مانگرتن لە خواردن. ئەو حوکمە لە دەیەی ٧٠ و دوای ڕەوتێکی قەزایی زۆر نادادپەروەرانە و زۆرتر بە هۆی لایەنگریی ئاشتیخوازانەی ناوبراو لە ئامانجە سیاسییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران درکراوە. محەممەد نەزەری لە ماوەی مانگرتنەکەیدا ٢٥ کیلۆ لە کێشی خۆی لە دەست داوە و ڕادەی هەڵکشانی خوێنی ناوبراو چەندین بار هاتووەتە خوارێ و لە باری جەستییەوە زۆر لاواز بووە، بە شێوەیەک کە ناتوانێ قسان بکا و به ڕێگادا بڕوات.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی جەختی کردەووەتەوە کە محەممەد نەزەری بە هۆی چەندین نەخوشی دیکە وەک نەخۆشی دڵ ئازار دەکێشێ و پزیشکانی زیندان زۆر لەوە پێش هوشداریان داوە کە ناوبراو پێویستی بە پزیشکی پسپۆر لە دەرەوی زیندان هەیە و بەو حاڵەشەوە بەرپرسانی زیندان گوێ بە داواکاری ناوبراو نادەن. محەممەد نەزەری گوتوویەتی تا کاتی مردن ئەو مانگرتنە درێژە پێدەدەم، مەگەر ئەوەیکە بەرپرسان جوابی داواکارییەکانی یەک لە دوای یەکی ناوبراو بۆ پێداچوونەوەی دادپەروەرانە بە دۆسیەکەی بدەنەوە.

محەممەد نەزەری ماوەی ٨٥ ڕۆژە، کە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن و داواکاری ئەو زیندانییە سیاسییە، قەبووڵ کردنی داوای گەڕانەوەی دادڕەسی (اعادە دادرسی) بەپێی یاسای سزادانی ئیسلامی نوێیە کە ساڵی ١٣٩٢ دەرچووە.

لە ئەگەری بەڕێوەچوونی یاسای سزای ئیسلامیی نوێ، زیندانی هەتاهەتایی محەممەد نەزەری بۆ ١٥ ساڵ کەم دەبێتەوە.

ئەو زیندانیە سیاسیە ٢٤ ساڵە بە بێ مەرەخەسی لە زیندان دایە، پێداچوونەوەی دووبارە، بەپێی یاسای سزادانی ئیسلامیی نوێ ئازادی ناوبرا مسۆگەر دەکات.

محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسی کورد، خەڵکی شاری ساین قەڵا، ڕۆژی ٩ی جۆزەردانی ساڵی ٧٣ی هەتاوی، لە لایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی سپای ئەبووزەری شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کرا و هەتا ئێستا لە مافی هەر جۆرە مورەخەسییەکی یاسایی بێبەرییە.

ناوبراو یکێک لە کۆنترین زیندانییە سیاسییکانی کوردستان و ئێرانە کە تەنیا بە تۆمەتی هەواداری و پاگەندە بۆ حیزبێکی کوردی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیمی ئیسلامی ایران دەسبەسەر کراوە و لە دادگایەک، کە بە بێ بوونی پارێزەر و بە سەرۆکایەتی قازی جلال زادە، سەرۆکی دادگایی ئینقلابی شاری ورمێ بە ئیعدام مەحکووم کراوە.

ئەو هاووڵاتییە سەرئەنجام ساڵی ١٣٧٨ حوکمی لەسێدارەدانەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا و هەتا ئێستا لە زیندانەکانی ورمێ و ڕەجایی‌شاری کەرەج لە دەسبەسەری دایە و لە مافی چوونە مەرەخەسیی بێبەرییە.

محەممەد نەزەری، کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩١ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە مانەوەی دوو دەیە لە زیندان، لێوەکانی خۆی دووری و هاوکات بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت.

ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەممەی ١٣٩٥ی هەتاوی، دادستانی ڕێژیمی ئێران بە ناردنی نامەیەک بۆ محەممەد نەزەری زیندانیی سیاسی لە گرتووخانەی ڕەجایی‌شاری کەرەج، دژایەتی خۆی بە لێبوردنی ناوبراو دەربڕی.