• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٣ی ئاوریلی ٢٠١٨ی زایینی - ٠٣ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی  

ڕاسان، هۆکاری سەرەکی سپا بۆ ئاڵۆزییەکانی کەرکووک

زایینی: ٢٢-١٠-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٧/٣٠ - ١٧:٣٦ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
ڕاسان، هۆکاری سەرەکی سپا بۆ ئاڵۆزییەکانی کەرکووک
ئاسۆ ساڵح

یەکێک لە گەورەترین پرسیارەکان که ئەم ڕۆژانە بیر و مێشکی خەڵکی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە، دژکردەوەی توندی ڕێژیمی ئێران دوای ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی باشوورە. لە هەندێک لە حاڵەتەکاندا دژکردەوەی هەندێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران تەنانەت توندتر لە سەرانی عێراقی بوو. ئەو دژکردەوانە لە شەڕی کەرکووک و حزووری فەرماندەکانی سپای پاسداران و هێزەکانی سپای قودس لەو عەمەلیاتەدا گەیشتە لوتکە.

بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی حزوور یان ڕۆڵی خۆیان لە هەر چەشنە عەمەلیاتێکی ئەم دواییانەی کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان ڕەت کردووەتەوە. میدیاکانی ڕێژیم ڕۆژی سێشەممە لێدوانەکانی عەلی‌ئەکبەر ویلایەتی، وەزیری پێشووی کاروباری دەرەوە، ڕاوێژکاری کاروباری دەرەوەی ڕێبەری ڕێژیم و ئەندامی دیاریکردنی بەرژەوندییەکانی نیزامیان بڵاو کردەوە کە گوتبووی "ئێران هیچ ڕۆڵێکی لە عەمەلیاتی کەرکووک‌دا نییه". ویلایەتی کە بەپێی حوکمی دادگای میکۆنووس، یەکێک لە بکەرانی تێرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی، سکرتێری ناوداری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکێک لە ستراتیژیستەکانی ڕێژیم لە بواری پرسەکانی پێوەندیدار بە کوردستانە، هەروەها گوتبووی کە هۆکاری داگیرکردنی کەرکووک لە لایەن میلیشاکانی حەشدی شەعبی "خواستی خەڵکی ناڕازی" یە.

بەڵام بە پشت‌بەستن بە گوتەی فەرماندە نیزامییەکانی کورد و وێنە بڵاوکراوەکان لە لایەن میدیا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، ڕاستییەکان باس لە شتێکی دیکە دەکەن.

ڕێژەی بازرگانیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئێران ساڵانە ٨ میلیارد دۆلاره، واتە کوردستانی عێراق دوای تورکیه گەورەترین شەریکی بازرگانیی ئێرانە، چ حاڵەت یا حاڵەتگەلێک هەیە که گرینگیی ئەوە بۆ ڕێژیم ئەوەندە زۆرە کە لەو قەیرانە ئابوورییەدا کە بەرۆکی کۆماری ئیسلامی گرتووەتەوە لەو ڕێژە بازرگانییە چاوپۆشی دەکا و ئەم جۆره بە ئاشکرایی پیلانڕێژی بۆ کەرکووک دەکات.

ڕەنگە هەندێک لە ئامانجەکانی ئێران کە بۆ وەڕێخستن و حوزووری چالاکی لە شەڕی کەرکووکدا بەدی دەکرێت ئەو بابەتانەی خوارەوە بێت کە لە میدیاکانی سەر بە ڕێژیم‌دا بڵاو بووەتەوە، بەڵام بە ڕای نووسەری ئەو بابەتە ئەم حاڵەتانە بە تەنیایی ناکرێت هۆکاری ئەسڵی بن.

ڕەوایی‌دان بە درێژەی تەمەنی هێزەکانی حەشدی شەعبی

بەپێی ئیدعای فەرماندەکانی حەشدی شەعبی، ئەو هێزانە کە ئێستا تەنانەت لە ئەرتەشی عێراقیش بە‌هێزترن، دوای فتوای عەلی سیستانی مەرجەعی شیعەکان و بۆ شەڕ لەگەڵ داعش دامەزرا. کاتێک کە بەشێکی بەرین لە خاکی عێراق لەژێر دەستی داعش‌ دابوو، ئەو هێزانە توانیان ببنە هێزێکی یاسایی. بەوتەی سیاسەتمەدارانی عێراقی، حەشدی شەعبی تەواو لەژێر دەسەڵاتی سپای قودسی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران لە عێراقدا بەڕێوە دەبات.

بە لاوازبوونی داعش و ئازادسازیی ناوچە داگیرکراوەکان، بەرەبەرە دەنگۆی ئەوەیکە ئەو هێزانە دوای داعش مەشروعیەتیان نامێنی دەبیسترا.

دەستێوەردانی ئەو هێزانە لە مەسەلەی کەرکووک و هاتنی ئەوان بۆ یەکێک لە ناوچە هەستیارەکان هەم بۆ کوردەکان و هەم بۆ عەرەبەکان، مەشروعیەتی ئەو هێزانەی لانیکەم بۆ بەشێک لە خەڵکی عەرەبی عێراق زیاتر کرد.

لە کاتێکدا کە ڕێبەرانی کوردستانی باشوور لە سەر حوزووری نایاسایی ئەو هێزانە لە شەڕی کەرکووک پێداگری دەکەن، ڕێژیمی ئێران حوزووری ئەوان دەسەلمێنێت. لەو بارەیەوە "حەسەن کازمیی قۆمی" باڵوێزی پێشووی ئێران لە عێراق، بابەتێکی خۆی بۆ ڕۆژنامەی "دەوڵەت"ـی ئێران بەو ڕستەیە دەست پێکرد: "دولت عراق با فراغت از تداوم نسبی عملیات پاکسازی و آزادسازی مناطق اشغال شده توسط گروه تروریستی داعش، عملیات تازه خود را متوجه بازپس گیری مناطقی کرد که پس از خروج داعش تحت کنترل پیشمرگه های کورد قرار گرفته بود". بەڵام لە تەنیشت یەک دانانی بە ئەنقەستی داعش و پێشمرگە، لە درێژەی بابەتەکەی خۆیدا بە ئاماژه بە شەڕی کەرکووک و یاسایی‌بوونی دەنووسێ: "ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە دوێنێ لە کەرکووک ئەنجام درا، لە چوارچێوەی جێبەجێ‌کردنی خاڵەکانی یاسای بنەڕەتی و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق بوو". ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران که چەندین ساڵ لە عێراقدا باڵوێز بوو، ئاگادارانە باس لە مەسەلەی یاسایی بوون دەکات و هەوڵ دەدات ئەو گومانە لابەرێت کە حەشدی شەعبی وەک سەرەکیترین هێز لە شەڕی کەرکووک هێزێکی یاساییە کە ناوەرۆکی یاسای بەڕێوە بردووە.

ئامانجی سەرەکی ئێران واتە وەڕێخستن و حوزووری چالاک لە شەڕی کەرکووک ناتوانێت مەشڕوعیەت‌بەخشین بە درێژەی تەمەنی هێزەکانی حەشدی شەعبی بێت. چونکە زۆرینەی پارلمانی عێراق لە دەستی هێزەکانی ژێردەستی ئێران دایه و هەر تەرح و گەڵاڵەیەک کە بیهەوێت بە ئاسانی پەسندی دەکات. هەر چەند لە عێراقدا بە جێگای یاسا زیاتر عورفی ڕدێن سپیەتی و پێوەندی دیکەی نایاسایی حوکم دەکەن. شەڕی کەرکووک، تەنیا دەتوانێت ڕێگا بۆ دروستکردن یا پەرەپێدانی ئەو پێوەندییە نایاساییانەی عەرەبەکان بۆ بە ئاکام گەیشتنی ئەو ئامانجە هەموارتر بکات.

دابەزینی ڕۆڵی هێزە بیانییەکان (ئامریکایی)

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و بە تایبەت بە دەستپێکی شەڕی داعش و حوزووری هێزەکانی هاوپەیمانان بە تایبەت ئامریکا لەو شەڕەدا، کوردستان و عێراق شوێنی ئەو هێزانە بوون. لەگەڵ کۆتایی عەمەلیاتی نیزامیی دژی داعش، ڕێژیمی ئێران لە حوزووری ئەو هێزانە بەتایبەت لەو ناوچانەی کە کەمتر دەسەڵاتی هەبوو، هەستی بە مەترسی کرد. یەکێک لە ناوچەکان لە کوردستان و شاری ستراتیژیکی کەرکووک بوو. داگیرکردنی کەرکووک لە لایەن عێراق (بڵێین ئێران) دەتوانێت دزەکردنی ڕێژیمی ئێران لەو ناوچەیەدا بەرز بکاتەوە و ئەو ناوچانە بۆ حزووری هێزە بیانییەکان دژوار یان غەیری مومکین بکات.

لەو پێوەندییەدا "ئەحمەد وەحیدی" وەزیری پێشووی بەرگری و ئەندامی ئێستای کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام، یەک ڕۆژ دوای شەڕی کەرکووک لە پرێس کۆنفڕانسێکدا گووتی:" ئەمڕۆ کەرکووک کەوتووەتە دەس هێزە عێراقییەکان و هیچ پێویستییەک بە بوونی هێزی دەرەکی نییە".

بەڵام ئامانجی "سەرەکی" ئێران وەڕێخستن و بەشداریی چالاکانە لە شەڕی کەرکووکدا ناتوانێت دابەزینی ڕۆڵی هێزە بیانییەکان (ئامریکایی) یان بەرزکردنەوەی دزەکردنی خۆی بێت، چونکە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، تەنانەت لە شارەکانی دیکە بە تەواوەتی لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دایە (وەک هەولێر و سلێمانی) ڕێژیمی ئێران توانیویەتی بەشداری چالاکانەی هەبێت. بێ داگیرکردنی کەرکووک، هەر بەو ڕێژەیەیش دەیتوانی لە شاری ستراتژیکی کەرکووک حوزووی هەبێت.

بەهێزکردنی دەوڵەتی (شکست خواردووی) عێراق

ڕەنگە پێویست بە شرۆڤەکردن نەکات کە دەوڵەتی یەکگرتووی عێراق کە بڕیار بوو هاوپەیمانییەک لە هەموو کەمینە دانیشتووەکانی ئەو شوێنە بێت، بووەتە دەوڵەتێکی ژێردەستی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران. ئەو دەوڵەته لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا گەیشتبووە خاڵێک کە تەنانەت هەندێک ڕەوتی شیعه کە دژی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران لە عێراق بوون لە خۆی دوور خستبۆوە، ئەو ڕەوتانەش دەستیان دایە ناڕەزایەتی جیددی. ئاکامی ئەو سیاسەتەش، چەند پارچەبوونی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق یان بوونی ئەو بە یەک Failed state یان دەوڵەتی شکست خواردوو بوو. ئەوە لە حاڵێک دابوو کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتێکی بە نیسبەت سەربەخۆ لە عێراقدایه کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە بواری ئابووری و مەشروعیەتی نێودەوڵەتییەوە بەهێزتر دەبوو. کوردستان، زیاتر لە ٢ میلیۆن ئاوارەی عێراق (و سووریه)ی لە خۆیدا پەنا دا. سیاسەتی ئەمنییەتی زۆر توندی گرتەبەر بە شێوەیەک کە تەقریبەن هیچ عەمەلیاتێکی تێرۆریستیی جیددی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئەنجام نەدرا. ئەو حکوومەتە تەنانەت سیاسەتی تایبەتیی دەرەوەی خۆی بنیات نا و دەستی بە پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی جوارجۆردا گرت. شەڕی کەرکووک ئەو لاپەڕەی بە تەواوەتی وەرگێڕا. لەو پێوەندییەدا، ڕۆژنامەی کەیهان کە سەکۆی ڕوانگەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە له یەکێک لە بابەتەکانی خۆیدا لەبارەی شرۆڤەی شەڕی کەرکووکدا نووسی: "ئەم وڵاتانە (ئامریکا و ئۆروپا) لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ پێوەندی گرتنی سیاسی ڕوویان لە هەولێڕ دەکرد و بەغدایان لەبیر کردبوو".

شەڕی کەرکووک، بوو بە هۆی ئەوەیکە دەوڵەتی شکست خواردووی عێراق کەمێک گیانی بێتەوە بەر. بەڵام بەدڵنیاییەوە ئامانجی "سەرەکی" ئێران لە وەڕێخستن و حوزووری چالاکانە لە شەڕی کەرکووکدا ناتوانێت بەهێزکەری دەوڵەتی "شکست خواردووی" عێراق بێت. چونکە بە سەرنجدان بە دزەکردنی زۆری ڕێژیمی ئێران لە عێراقدا ئەو دەوڵەتە شکست خواردوویە دەیتوانی بە شێوەی دیکە بەهێز بێت، وەک دانی ئیمتیازی زیاتر بە دژبەرانی یان تەنانەت لەناوبردنی ڕێبەرانی دژبەر کە ڕێژیمی ئێران لەو جۆرە تێرۆرە دەوڵەتییانە مەهارەتی تایبەتی هەیە.

ئەگەری هۆکارەکانی دیکە

هۆکاری دیکەش دەتوانین بۆ ئامانجی ئێران لە وەڕێخستن و حزووری چالاک لە شەڕی کەرکووکدا لەبەر چاو بگرین. وەک گرینگیی ستراتیژیکی شاری کەرکووک لە پێوەندی لەگەڵ ستراتیژی هیلالی شیعیی ئێران، گرینگیی ئابووری ئەو ناوچەیە هەم بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەم بۆ دەوڵەتی عێراق، دێموکراسی تازە پێ گرتووی کوردستانی عێراق و هەوڵدان بۆ نەزۆک کردنی ئەو. بە باوەڕی نووسەر هیچ کام لەو ئامانجانە ناتوانرێت ئامانجی سەرەکی ئێران بێت.

حەتمەن تا ئێستا ئەو پرسیارە لە مێشکی خوێنەردا شکڵی گرتووە ئەدی "چ ئامانجێکە کە ئەولەویەتی ڕێژیمی ئێرانه؟" بۆ دۆزینەوەی ئەو وڵامە دەبێ دۆخی ئێستای ناوچەکە لەگەڵ دۆخی ساڵی ١٩٩٢ی زایینی بۆ دواتر بەراورد بکەین.

چ گۆڕانکارییەک لە ناوچەکەدا پێکهاتووە که ڕێژیم پێویستی بە حزوورێکی وا هەیە؟ مەگەر دۆخەکە لە ساڵەکانی دروستبوونی حکوومەتەکانی کوردستان دوای دیاریکردنی زۆنی دژە فڕینی ٣٦ دەرجە نالەبارترە؟ دۆخەکه نیسبەت بە کاتی ڕاگەیاندنی سیستمی فێدراڵی لە عێراقدا و بە فەرمی ناسینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (که شادی و خۆشی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیشی لێکەوتەوە) و کاتی یەکەمین ڕێفراندۆم چ گۆڕانێکی کردووە؟ وڵامی ئەو پرسیارانە دەبێ مەسەلەیەک بێت کە ڕاستەوخۆ پێوەندی بە ڕێژیمی ئێرانەوە هەیە؟ تەنیا گۆڕانێک کە دروست بوو و ڕاستەوخۆ بۆ سەر ڕێژیمی ئێران هەڕەشەیەکی جیددیە، ڕاسان و قۆناغێکی تازە لە خەباتی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە.

ساڵی ڕابردوو له کاتێکدا که دوای یەک ساڵ لە ڕاگەیاندنی ڕاسان تێپەڕیبوو، خەڵکی کوردستانی ئێران بە وەڕێخستن و بەشداری چالاکانه لە کەمپەینی "نەورۆزی جامانە" یان "زەماوەندی جامانە" حەماسەیەکی مێژووییان تۆمار کرد.

ئەو حەماسە مێژووییە لە ڕۆژی ڕێفراندۆمی کوردستانی باشووریش بە کەمپەینی "زەماوەندی ئاڵا" دووپات بوویەوە. ڕێژیم کە بەردەوام هەوڵی داوە و واقعیەتی مەسەلەی کورد ئینکار یا بەلاڕێدا ببات ئەو سیاسەتەی خۆی بە حزووری بەرینی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە شەقامەکان، بە شکست خواردوو لە قەڵەم دا و ئامانجی ئەوە بوو بە هەر شێوەیەک لە بەرانبەریدا ڕابوەستێت.

لەو چوارچێوەیەدا و لە گۆشە نیگای ڕاسان، وەڕێخستنی ئاژاوەی کەرکووک بۆ ڕێژیم دەیتوانی چەندین دەستکەوتی هەبێت: سەرکووت و بێ هیوایی بیروڕای گشتیی کورد، لاوازکردنی (دوو یا چەند بەش کردنی) حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئاکامی هەڵکشانی دزەکردنی خۆی (تەنانەت زیاتر لە پێش) لە کوردستانی عێراق، (ئەگەری) دەستپێکردنەوەی تێرۆرەکان لەو ناوچەیە و لە کۆتاییدا وشککردنی نەمامی تازە پێ گرتووی ڕاسان کە کەم کەم دەبێتە یەکێک لە فاکتەرە گرینگەکان لە هاوکێشەکانی ناوچەدا.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧٢٣ لەم ژمارەیەدا:

ــ نان، ئازادی، کەرامەتی ئینسانی
ــ تارمایی لە چاویلکەی فاشیزمەوە
ــ کۆڵبەر یان کۆڵنەدەر
ــ د.سەربەست نەبی: دەریای سپی بە هەناسەی ڕووسیه دەژمێردرێت
  • ئەدەبیاتی کوردی و کۆماری جیهانیی ئەدەبیات ئەدەبیاتی کوردی و کۆماری جیهانیی ئەدەبیات
    مێژووی سەرهەڵدانی ئەدەبی جیهانی لەلایەن پاسکال کازانۆڤا لە کتێبی کۆماری جیهانیی ئەدەبیات(ز١٣٩٢) سێ رەوتی فۆرم، گەشەسەندن و رەوتی کێبڕکێی نێودەوڵەتی لەخۆ گرتووە و هەر رەوتێکی لەگەڵ گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە سەرهەڵدان و پەرەسەندنی زمانە رەسەنەکانی ئەورووپا لێکداوەتەوە و مانای کردۆتەوە.
  • د.سەربەست نەبی: دەریای سپی بە هەناسەی ڕووسیه دەژمێردرێت د.سەربەست نەبی: دەریای سپی بە هەناسەی ڕووسیه دەژمێردرێت
    مەسەلەی عەفرین جودایە لەگەڵ ئەو مەسەلەیە؛ ئەجێندای سیاسیی گەورە لە پشت ئەو هێرشە هەبوو، بۆیە ئەورووپا ئامادە بوو هێرش بکات، بەڵام بۆ عەفرین نا.
  • کۆڵبەر یان کۆڵنەدەر کۆڵبەر یان کۆڵنەدەر
    ئەوەیکە لە گۆشە و کەناری وڵاتدا هێندێک خەمخۆری لەلایەن خەڵک یان خەڵکانێکدا دەبیندرێ یان هێندێک پێشکەوتن لە چەند بواری جیاجیادا دێتە ئاراوە، ئەوە هیممەت و بەرخۆدانی خەڵکە لە بەرامبەر کۆنەپەرەستی رێژیم و بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە رێژیمەوە نییە .
  • \ "هوزمانەوەن" نمونەی بەرچاوی له نێوبردنی سروشتی کوردستان
    کاتێک ئێمه دەڵێین حکوومەته داگیرکەرەکانی کوردستان به بەرنامەیەکی داڕێژراو، سەرەکیترین سەرچاوەی ژیانی نەتەوەی کوردیان کردووەتە ئامانجی هێرشەکەیان، تەنیا له ڕووی هەستی خۆشەویستی خاک و کوردبوونەوە نییه، بەڵکوو لەم ڕاستایه‌دا بەڵگه ئەوەنده زۆره که تەنیا لێکوڵینەوەیەکی کورت دەتوانێ زۆر شت ڕوون بکاتەوە، بەڵام بەداخەوه لەم بوارەشدا ئێمەی کورد کەمکارییەکی ئێجگار زۆرمان کردووه.
  • دوژمنانی ئازادی چ ڕەوتە فیکرییەکیان بەدڵە دوژمنانی ئازادی چ ڕەوتە فیکرییەکیان بەدڵە
    ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی فەلسەفە و زۆربەی زانستە فیکرییەکان بدرێتەوە، هێندێ خاڵ بەرچاو دەکەوێت، کە وڵامی زۆربەی قەیرانە هزرییەکان دەدرێتەوە. ئەگەر لە بابەتێکدا دوو لایەن و هێڵی فیکری جیاواز دەکەونە ململانێیەوە، ئاکامەکەی یان دەبێتە هۆی بەزینی یەکیان، یان دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی فکرێکی سێهەم کە ڕەنگە دڵخوازی هیچ لایەکیان نەبێت، بەڵام کۆتاییهێنەری ململانێیەکانە.
  • تارمایی لە چاویلکەی فاشیزمەوە تارمایی لە چاویلکەی فاشیزمەوە
    بنەماییترین تایبەتمەندییەکانی فاشیزم بریتییە لە پیرۆزمەندیی پەتی و سەرۆکێکی بێ هەڵە. لەلای فاشیستەکان ئەوەی هەمیشە وەک داردەست ئاپۆرەی پێ کۆنترۆڵ دەکرێ، تارماییەکی تۆقێنەرە کە بەپێی هەڵکەوتەیەکی تایبەت ئەم تارماییە لە شێوازی دوژمن، لایەن یان ئەگەرێک خۆی دەردەخات.
  • نان، ئازادی، کەرامەتی ئینسانی نان، ئازادی، کەرامەتی ئینسانی
    مرۆڤێك كه له هەژاریدا ڕاگیراوه، مرۆڤێك كه نكۆڵی له ناسنامه ئێتنیكی، ئایینی یان نەتەوەییەكەی دەكرێ یان دەكەوێته بەر تەوژمی سیاسەتی تواندنەوه و سووكایەتی پێكردن یان لەژێر ستەمی جنسیدا دەژی، مرۆڤێكه كه كەرامەتی لێ زەوت كراوه.
  • شەریف هەژاری: کورد خۆی دەرفەتەکان وەک پێویست ناقۆزێتەوە. بەشێک لە ھێزەکوردییەکان بوونەتە داردەستی ئێران و بە بێ ھیچ شەرمێک، فەرمانەکانی جێبەجێ ئەکەن شەریف هەژاری: کورد خۆی دەرفەتەکان وەک پێویست ناقۆزێتەوە. بەشێک لە ھێزەکوردییەکان بوونەتە داردەستی ئێران و بە بێ ھیچ شەرمێک، فەرمانەکانی جێبەجێ ئەکەن
    گۆڕانکارییەکانی ناو کابینەی ترامپ و کاریگەرییان لە سەر سیاسەت و رووداوەکانی ناوچە، تەوەری گفتوگۆی ئەم ژمارەیەی رۆژنامەی کوردستانە لەگەڵ شەریف هەژاری، مامۆستای مێژوو لە زانکۆی سلێمانی، کە سەرنجتانی بۆ ڕادەکێشین:
  • پاژنەی ئاشیلی ڕێژیمی ئێران پاژنەی ئاشیلی ڕێژیمی ئێران
    لە دوو بابەتی پێشوودا، "شەڕی ئێران و ئیسرائیل"و بەشی یەکەمی "پاژنەی ئاشیلی ڕێژیمی ئێران"، هێڵی بەهێزی ڕێژیمی تاران (دەرەوەی سنوورەکان و کەڵک وەرگرتن لە ملیشیا و لایەنگرە شێعەکانی لە وڵاتانی ناوچە) و خاڵی لاوازی ئەو ڕێژیمە (خەڵکی ناڕازی و وەزاڵەهاتووی نێو شارەکانی ئێران) خرایە بەر باس و لێک درایەوە.
  • بێستوون، شوێنی خودای خوداکان بێستوون، شوێنی خودای خوداکان
    شاری بێستوون، یەکێک له شارەکانی کرماشانه که له باکووری رۆژهەڵاتی ئەو گەورەشاره جێگای خۆش کردووه و له سەر رێگای کرماشان - هەمەدان که سەردەمانێک پێتەختی ئیمپراتوری کوردان بوو، هەڵکەوتووه.
  • مانیفێستی ڕزگاری مانیفێستی ڕزگاری
    هەتا لاپەڕەکانی مێژووی کورد زیاتر هەڵدەدەینەوە، تابلۆی تراژێدیای کورد زیاتر دەردەکەوێت. لە پەنای ئەم تابلۆیە سەربوردەی قارەمانیەتی، فیداکاری، کاریگەری بلیمەت و ڕێبەرەکانمان لەسەر زیندوو مانەوەی کورد وەکوو نەتەوە زۆر ڕوونە. لە لایەک پرسیاری بۆچی تا ئێستا سەرنەکەوتووین دەبێتە خۆرەی مێشک، لە لایەک جێ داخە بۆچی ئەم ڕێبەرە زانا و لێهاتووانە بە ڕادەی پێویست لە لایەن تاکی کورد بەرجەستە نەکراون.
  • پەیامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ٧١ەمین ساڵیادی لەسێدارەدرانی پێشەوا قازی محەممەد و ڕۆژی شەهیدانی کوردستان پەیامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ٧١ەمین ساڵیادی لەسێدارەدرانی پێشەوا قازی محەممەد و ڕۆژی شەهیدانی کوردستان
    ئەوان کۆتاییان بە کۆمار هێنا، بەڵام نەیانزانی ئامانجەکانی کۆمار و گیانفیدایی ڕێبەرەکانی، چ بەهایەکی مەزنن و چۆن بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگوازرێنەوە، دوای حەفتاو یەک ساڵ لەو ڕووداوە، داستانی مەرگی سەربەرزانەی پێشەوا، هێشتا خاوەنی بەهێزترین وانەی خۆنەویستی، خەڵکویستی، ئازادیخوازی و سەرفرازییە و ئەوینێکی بەهێزیشە بۆ بە چۆکداهێنانی هەموو مەترسی و ناخۆشییەکان.
  • سووکایەتی، ئامرازی تواندنەوە سووکایەتی، ئامرازی تواندنەوە
    لە وڵاتێکدا کە چەند کەلتوور و نەتەوە و ئایینی جیاواز دەژین، حکوومەتی دەسەڵاتدار لەگەڵ هەڕەشە و دەرفەتی جۆربەجۆر بەرەوڕوویە؛ لەو جۆرە وڵاتانەدا، بەهۆی چەندنەتەوەیی و چەندکولتووری و پێکهاتەی ئاڵۆزی کۆمەڵگاوە، ژیانی کۆمەڵایەتی - سیاسی و هەروەها ئیدارەکردنی حکوومەت و دابەشکردنی دەسەڵات و سامان و ئیمتیازەکان لە نێو خەڵکدا ئەرکێکی ئاڵۆز و پڕمەترسییە، کە هەرجۆرە هەنگاو و کردارێک کە نیشان لە هەڵاواردن و بێبەشکردنی کەس و کەسانێک و پێکهاتەیەک بدا، دەبێتە هۆکارێک بۆ رووخانی ئێعتمادی خەڵک بەرامبەر بە دەسەڵاتدار و حکوومەت.
  • پانۆڕامای ساڵ پانۆڕامای ساڵ
    خوێنەرانی خۆشەویست، ڕۆژنامەی کوردستان وەک نەریتی ساڵانە لە دوایین ژمارەی ساڵدا پوختەیەک لە ڕووداو و هەواڵە گرینگە حیزبییەکانی ساڵ دەخاتە بەر دیدی ئێوەی ئازیز؛ لێرەدا بەشێک لەم هەواڵ و ڕووداوانە دەخەینە بەر چاوی ئێوەی هێژا: