• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
١٩ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی  

لاوازکردنی ئێران لە پێناو سەقامگیریی و ئاشتیدا

زایینی: ٢٢-١٠-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٧/٣٠ - ١٨:٠١ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
لاوازکردنی ئێران لە پێناو سەقامگیریی و ئاشتیدا
د. ئیدریس ئەحمەدی

چەند ڕۆژ پاش ڕاگەیاندنی سیاسەتی نوێی ئەمریکا لەهەمبەر ئێران، کەرکووک لە لایەن حەشدی شەعەبییەوە بە پاڵپشتی سپای پاسدارانی ئێران، داگیر کرا. پێش ئەوەش، لە باشووری کوردستان، رێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام درا.

ئەمریکا و باقی وڵاتانی ڕۆژئاوا، کە لە شەڕ دژ بە داعشدا هاوپەیمانی نزیکی کورد بوون، نەک تەنیا هاوڕا نەبوون لەگەڵ کاتی ئەنجامدانی رێفراندۆم ، بەڵکوو رێگرییان لە داگیرکردنی کەرکووک نەکرد. لە لایەکی دیکەوە، ئێران، تورکیە و عێراق، کە بە ئەستەم دەتوانن پێکەوە هاوکاریی بکەن، دژ بە رێفراندۆم لێک نزیک بوونەوە. ئێران دواجار توانی لەو پەیوەندییەدا گەلەکۆمەکیی نێودەوڵەتی ڕێک بخا دژ بە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی کورد.

ئەم مەسەلانە رەنگ بێ لێکدابڕاو بێنە بەرچاو؛ لە لایەکی دیکەوە، سیاسەتی ئەمریکا سەرسووڕهێنەرە. لە هەمووی سەرسوڕهێنەرتر ئەوەیە کە ئەمریکا باش دەزانێ کە کەرکووک بە پیلانگێڕیی ئێران و پشتیوانی سپای پاسداران داگیر کرا. ئەمە لە کاتێکدایە کە سیاسەتی نوێی ئیدارەی ترامپ لە هەمبەر ئێران، ئامانجی بەرەوڕووبوونەوەی تەواوی ئێرانە و لەو پەیوەندییەدا، سپای پاسدارانی کردووەتە ئامانجی سەرەکی.

خوێندنەوەیەکی مێژوویی سەبارەت بە نیزامی خەشتی ڕۆژهەڵاتی ناوین و سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەو دەڤەرەدا وێڕای گۆڕانێک کە لە ستراتیژی ئەمریکا لە ساڵانی دواییدا هاتووەتە پێش، دەریدەخا کە ئەو مەسەلانە پێکەوە گرێدراون. لە گەڵ ئەوەی، یان دروستترە بڵێین بە هۆی ئەوەوە کە ئەمریکا لە خوێندنەوەی خۆی بۆ عێراق و پەیوەندی نێوان بەغدا و تاران بەهەڵەدا چووە، ئەو ناکۆکییانەی لێ کەوتووەتەوە کە لەم دواییانەدا لە پەیوەندی لەگەڵ باشووری کوردستان شاهیدی بووین.

ڕۆژهەڵاتی ناوین بە "دڵی جێوپۆلیتک" لە جیهاندا ناوزەد کراوە. هەڵبەت لە باتی ئەوەی ستایشکردنی بێ، ئەو دەستەواژەیە زۆرتر گوزارشتێکە لە نەهامەتی ناوچەکە، چوونکە ناسەقامگیری بەردەوام، تووندئاژۆیی سیاسی، شەڕی دووبارەبووەوە، کوشتاری بە کۆمەڵ، جێنوساید، تیرۆریزم و درێژەکێشانی دیکتاتۆرییەت و گەندەڵی بەرچاو لە حکومەتڕانیدا بوونەتە مۆرکی ئەو دەڤەرە. ئەگەر لە شوێنێکی جیهان مێژوو بەردەوام دووپات بێتەوە، ئەوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوینە.

ئەو نەهامەتیانەش یەک هۆکاریان نییە، بەڵکوو کۆمەڵێک فاکتەری مێژوویی، سیاسیی، ئابووری، کولتووریی و کۆمەڵایەتی وایان کردووە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەردەوام لە بازنەیەکی شوومدا بخولێتەوە.

بە درێژایی مێژووی سەد ساڵی ڕابردوو، سیاسەتی زلهێزان — بریتانیا، فەرانسە، ئەمریکا و ڕووسیە— لە ناوچەکەدا یارمەتیدەری درێژەکێشان و قووڵبوونەوەی کێشەکانی ناوچەکە بوون. هەڵبەت بە پێچەوانەی تێگەیشتنێکی باو و هەڵە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، دەوری زلهێزان هۆکاری بنەڕەتیی نەهامەتییەکانی ناوچەکە نین، بەڵکوو هۆکارە بنەڕەتییەکان لە خودی ناوچەکەدان.

ئەو نیزامەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا پاش شەڕی یەکەمی جیهانی کار بۆ هێنانەدی کراوە و دوای شەڕی دووهەمی جیهانی و تێکڕوخاندنی کۆماری کوردستان، بەردەوام بە زۆری زەبر کار بۆ جێگیرکردنی کراوە، هۆکاری بنەڕەتی کێشە سەرەکییەکانی دەڤەرەکەیە.

کۆمەڵێک دەوڵەت لە ناوچەکەدا لەو کاتەوە شکڵیان گرتووە کە فرەنەتەوە و فرەئایینن، بەڵام چڕکردنەوەی دەسەڵات لە دەستی یەک نەتەوە یان گرووپی تایەفیی دیاریکراودا وای کردووە لەو دەوڵەتانەدا، بەردەوام کێشە لەسەر ناسنامە و سەروەریی سیاسیی، بەرۆکیان بگرێتەوە. سنووری ئەو وڵاتانە جووت نین لە گەڵ سنووری نەتەوەیی و وەفاداری سیاسیی گەلان و گرووپە ئاینیی و تایەفەییەکانی نیشەجێی سنووری جوگرافییان، بەڵکوو ئەو سنوورانە لە باتی پێکهێنانی یەکیەتی و سەقامگیری، وێڕای حکومەتی دیکتاتۆریی، هەوێنی لەتکردن و ناسەقامگیرین. ئەم دۆخەش وای کردووە کە کێشە نێوخۆییەکانی ئەو وڵاتانە بەردەوام کێشەی نێودەوڵەتی بن.

دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، بە دوو مانا دەوڵەتی ترس و لە درێژەدا، پێکهێنەری ناسەقامگیریی بەردەوامن. ئەم دەوڵەتانە بەردەوام هەم ترسیان لە دانیشتوانی خۆیان هەیە، هەمیش ترسیان لە دراوسێکانیان هەیە.

هۆیەکەشی ئەوەیە کە مەترسین لەسەر دانیشتوانی خۆیان و لەسەر یەکتریش. بە هۆی ئەو بنەما چەوتەی کە لە سەری دامەزراون، دیکتاتۆریی بووەتە تەنیا ڕێگای ڕاگرتنی زۆرە ملێی ئەو دەوڵەتانە. ئەم ڕاستییەش وای کردووە کە زلهێزان ساناتر بتوانن دەستێوەردان لە ناوچەکەدا بکەن.

سیاسەتی بریتانیا و فەرانسە پاش شەڕی یەکەمی جیهانی، بریتی بوو لە لەت‌کردن و دروستکردنی دەوڵەتی ساختە بە مەبەستی پێکهێنانی نیزامێک کە لەوێدا پارسەنگی هێز بە قازانجی خۆیان بێ. بریتانیا، یەکیەتی سۆڤییەت و ئەمریکا هەمان ستراتیژی ڕاگرتنی هێزیان گرتە بەر، بەڵام بە بێ ئەوەی یارمەتیدەری پێکهێنانی دەوڵەتی نوێ بن. کۆماری کوردستان بە هیممەتی کورد خۆی پێک هات و ئەگەر سۆڤییەت پشتیوانیی لێ کردبێ، ئەوا بەس تاکتیکی بوو. دواجار بە شکاندنەوەی پارسەنگی هێز بە قازانجی ئێران، لە ڕێگای هێزی نیزامییەوە، کۆمار تێکڕوخێندرا. ئەمەش وای کرد کە سیستەمی دەوڵەت لە ناوچەکەدا لە شکڵی چەوتی خۆیدا، چەقبەستوو بمێنێتەوە.

سیاسەتی زلهێزان لە پاش کودەتای ١٩٥٨ لە ئێران، درێژەدان بوو بە ستراتیژی ڕاگرتنی پارسەنگی هێز. دوای ئەوەی بریتانیا لە کۆتایی شەستەکاندا ناوچەکەی بەجێ هێشت، بۆشاییەک پێک هات کە ئەمریکا ناچار بوو کار بۆ پڕکردنەوەی بکا. بە هۆی شەڕی ڤییەتنامەوە، پشتیوانیی نێوخۆیی نەبوو بۆ ئەوەی ئەمریکا هێزی نیزامیی خۆی ڕەوانەی ناوچەکە بکات و ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە. لە پێناو ڕاگرتنی پارسەنگی هێز، ئەمریکا ئێرانی سەردەمی شای پڕچەک کرد، تا ئەو جێگایەی کە بیکات بە خاوەن پێنجەمین ئەرتەشی مەزنی دونیا. ئێران بە وەکالەت پارسەنگی هێزی بۆ ئەمریکا ڕاگرت، ئەویش بە ڕێگرتن لە زیادبوونی نفوزی یەکیەتی سۆڤییەت و دەسەڵاتی عێراق لە ناوچەکەدا.

شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ لە ئێران ئەو ستراتیژییەی خستە مەترسییەوە.

هەڵبەت شەڕی نێوان ئێران و عێراق دەرفەتی بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕەخساند کە لە شکڵێکی نوێدا پارسەنگی هێز لە ناوچەکەدا ڕابگرن، ئەویش بە دانی چەک بە هەر دوولا — هەڵبەت بە ئێران بە نهێنی چەکیان دەدا و بە عێراق بە ئاشکرا— بۆ ئەوەی هیچکامیان نەتوانێ بەسەر ئەوی دیکەیاندا سەرکەوێ و لە کۆتاییدا بە سەر ناوچەکەدا زاڵ بێ.

لە شەڕی کەنداودا، ئەمریکا هەمان ستراتیژی درێژە پێدا. لە گەڵ ئەوەی دەیانتوانی حکومەتی بەعس بڕوخێنن، پاش وەدەرنانی هێزی عێراق لە کویەت، مانەوەی حکومەتی بەعس و هێزی داشکێندراویی عێراقیان بە پێویست زانی بۆ ئەوەی پارسەنگی هێز تێک نەچێ و ئێران نەتوانێ زاڵ بێ بەسەر ناوچەکەدا.

یەکەمین گۆڕان کە لە ستراتیژی ئەمریکادا هاتە کایەوە، دوای شەڕی سارد بوو. ئەوکات نیزامی نێودەوڵەتی لە دووجەمسەرییەوە گۆڕدرا بۆ یەک‌جەمسەریی و ئەمریکا بە لەبەرچاوگرتنی دوژمنایەتی هەردوو ڕێژیمی ئێران و عێراق و نەمانی یەکیەتی سۆڤییەت، ستراتیژی "تێکهەڵپێچانی دووسەری" (dual containment) گرتە بەر. جیاوازی نێوانیان لەوەدایە کە ڕاگرتنی پارسەنگی هێز ئامانجی ڕێگرتنی زیادبوونی دەسەڵاتی نەیارێکە، لە کاتێکدا کە ستراتیژی تێکهەڵپێچان ئەوەیە کە لە ڕێگای گەمارۆدانی ئابووریی و نیزامییەوە دواجار زەمینەی داڕمانیی نێوخۆیی لە دەوڵەتێکی نەیاردا پێک بێنێ و بە واتایەکی تر گۆڕینی ڕێژیمی ئامانجە، بەڵام بە بێ هێرش‌بردنی نیزامی. هۆی ئەو گۆڕانە لە ستراتیژی ئەمریکا، زیادبوونی دەسەڵاتی ئەمریکا بوو.

پاش ١١ سێپتامبری ٢٠١١، ئەمریکا دیسان ستراتیژی خۆی گۆڕی، ئەم جارەیان لە تێکەوەهەڵپێچانەوە بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان و بڵاوکردنەوەی دێموکراسی. هێرشی تیرۆریستی ١١ سێپتامبر، پشتیوانیی بۆ ستراتیژییەکی وا مەزن پێکهێنا، هاوکات کە ئەمریکا لە لووتکەی دەسەڵاتی خۆیدا بوو. بەڵام بە هاتنەسەرکاری هێزە شیعەکانی سەر بە ئێران و هەروەها پشتیوانی ئێران لە تیرۆریزم لە عێراق، وێڕای ئەو گرفتانەی کە ئەمریکا لە ئەفغانستان ڕووبەڕووی بوویەوە، ئەو ستراتیژییە دواجار تووشی شکست هات.

بۆیە، لە دەورەی دووهەمی ئیدارەی بووشدا، ئەو ستراتێژیە وەلا نرا. ئەوەش ڕەنگدانەوەی مسۆگەرنەبوونی دەسکەوتی ستراتیژیک لە ئەفغانستان و عێراق و هەروها نسکۆی ئابووری ئەمریکا بوو پاش قەیرانی دارایی لە ساڵی ٢٠٠٧ بەدواوە.

ئەمریکا بە ئەسپایی گەڕایەوە سەر ستراتیژی ڕاگرتنی پارسەنگی هێز و لە سەردەمی ئوبامادا، ئەو ستراتیژییە گەیشتە لوتکەی خۆی. ئوباما خۆی بوارد لە لایەنگری کردن لە کێشەی نێوان شیعە و سووننە، بەڵام لە پێناو ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێراندا، چاوپۆشی کرد لە زیادبوونی نفوزی ئێران لە ناوچەکە. هاوکات هەڵگرتنی گەمارۆ لە سەر ئێران، دەستی ئێرانی زیاتر ئاواڵە کرد بۆ وەدەستهێنانی ئامانجە بەرفراوانخوازەکانی. ڕاستییەکەی، ئیدارەی ئوباما بە پاشەکشەکردن و ئەولەوییەتدان بە مەسەلەی ناوکی، لە کردەوەدا ستراتیژی پارسەنگی هێزی ڕەچاو نەکرد و تەنانەت یارمەتیدەری بەهێزبوونی ئێران بوو.

ئیدارەی ترامپ درێژەدەری هەمان ستراتیژییە، بەو جیاوازییەوە کە بە هۆی ئەوەوە کە ڕاگرتنی ڕێککەوتنی ناوکیی بۆ گرنگ نییە، دەیهەوێ لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، بە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی ناوچەیی بە سەرکردایەتی خۆی، پاشەکشە بە کۆماری ئیسلامی بکا. دواوێستگەی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران ڕوون نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی ئیدارەی ترامپ لە گوتاردا باس لە گۆڕینی ڕێژیم دەکا، ئامادە نییە تێچووی گۆڕینی ڕێژیمی ئێران بدا. ڕەنگ بێ دواجار ستراتیژی ئەمریکا لەهەمبەر ئێران، بە مەرجێ بتوانێ گەمارۆی نوێ و کاریگەر بە سەر ئێراندا بسەپێنێ، تێکەڵاوێک بێ لە ڕاگرتنی پارسەنگی هێز و تێکهەڵپێچانی کۆماری ئیسلامی.

هەروەک چۆن ئیدارەی ئوباما یارمەتیدەری بەهێزبوونی ئێران بوو، هەڵوێستی ئیدارەی ترامپ لەهەمبەر رێفراندۆم لە باشووری کوردستان و چاوپۆشیکردن لە داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن حەشدی شەعەبی و سپای پاسدارانەوە، ئەویش تاکوو ئێستا یارمەتیدەری زیادبوونی نفوزی پتری ئێران بووە لە عێراق. لاوازبوونی باشووری کوردستان، ناکۆکە لەگەڵ ڕاگرتنی پارسەنگی هێز. هۆی ئەم هەڵەیەی ئیدارەی ترامپ دەگەڕێتەوە بۆ هەڵەیەکی سەرەتایی کە لە سەردەمی بووشدا کرا.

ئیدارەی بووش خوێندنەوەیەکی دروستی لە عێراق نەبوو. بە رووخاندنی حکومەتی بەعس و ڕێگەدان بە هاتنەسەرکاری شیعەکانی سەر بە ئێران، زەمینەی خۆش کرد بۆ ئەوەی ئێران لە عێراقدا کەم تا زۆر حکومەت بکا.

ئەمریکا هاوکات لە ئەفغانستان و عێراق گیری کرد و ئەو گیرکردنەش، هەزینەی زۆری دارایی و گیانیی بۆ دواوە بوو. ئەرتەشەکەی ماندوو بوو، پشتیوانی نێوخۆیی بۆ حوزووری نیزامی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا نەما و قەیرانی دارایی ئەوەندەی دیکە دەستی ئەمریکای بەستەوە.

بەڵام هەر سێ ئیدارەی بووش، ئوباما و ترامپ لە عێراقدا سیاسەتەکانیان لە سەر کۆمەڵێک فەرز دامەزراون کە ئەو ناکۆکیی و شکستانەی لێ کەوتووەتەوە کە ئێستا شاهیدین. فەرزی سەرەکی ئەوەیە کە دواجار لە عێراقدا ناسیۆنالیزمی عەرەبی بتوانێ بەسەر تایەفەگەریدا زاڵ بێ.

فەرزێکی دیکە ئەوەیە کە بە یارمەتیدانی پێکهێنانەوەی حکومەتێکی ناوەندی و بەهێز لە بەغدا، عێراق دواجار بتوانێ لە بەرانبەر ئێراندا سەربەخۆ بێ بۆ ئەوەی دواجار بتوانێ یارمەتیدەری ڕاگرتنی پارسەنگی هێز بێ لە ناوچەکەدا. بە واتایەکی دیکە، هیوا دەخوازن عێراق ئەگەر بتوانێ دەوری جاران بگێڕێ وەک رێگرییەک لە هێژمۆنیخوازیی ئێران.

هەروەها پێیان وایە هێندێک لە شیعەکان، وەک سەدر و حەکیم، دوورکەوتوونەتەوە لە ئێران. بە پێچەوانەی مالیکی، عەبادی وەک کەسێکی "میانەڕەو" دەبینن کە دواجار بتوانێ حکومەتی بەغدا ڕزگار بکا لە سیاسەتی تایەفەگەریی.

بۆیە ئەمریکا پێداگریی لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکات و ئامادە نییە پشتیوانی لە دەوڵەتی کوردی بکا. هەڵبەت هۆیەکی دیکەی ئەوەیە کە دەزانێ دەوڵەتی کوردی چواردەوری بە دوژمن تەنراوە و ئامادە نییە هەزینەی پاراستنی بدا.

ئەو فەرزانە دواجار وایان کرد ئیدارەی ترامپ هەڵەیەکی ستراتێژیک بکا و چاوپۆشیی لە داگیرکردنی کەرکووک بکا. ئەگەر ئەولەوییەتدانی ئوباما بە مەسەلەی ناوکی ئێرانی بەهێز کرد، پابەندبوونی ئیدارەی ترامپ بەو فەرزە هەڵانە وای کرد کە ئەویش بە نۆرەی خۆی یارمەتیدەری زیادبوونی نفوزی ئێران لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناویندا بێ، چوونکە لاوازبوونی حکومەتی هەرێم مەترسییە لە سەر پارسەنگی هێز لە گشت ناوچەکەدا.

ئەم هەڵە ستراتێژیکانە دواجار ئەمریکا ڕووبەڕووی دوو بژاردە دەکاتەوە؛ یان قەبووڵکردنی هێژمۆنی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، کە ناسەقامگیریی و ئەگەری شەڕی ناوچەیی زیاتر دەکا، یان ئەوەی هەزینەی گۆڕینی ڕێژیم لە تاران بدا. لاوازبوونی ئێران یەکێکە لە پێشمەرجەکانی سەقامگیریی و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا.

پاش داگیرکردنی کەرکووک، ئەمریکا وێ دەچێ بە هەڵەی خۆی زانیبێ.

هەر نەبێ، حوزووری نیزامی ئێران لە عێراق چی دی شاراوە نییە بۆ دونیا.

ئەگەر پێشمەرگە بتوانێ باشووری کوردستان لە بەرانبەر سپای پاسداران و حەشدی شەعبی، کە سپای پاسدارانی عێراقە، بپارێزێ، ئەمریکا ناچار دەبێ وەکوو جاران قورسایی خۆی بخاتە سەر باشووری کوردستان.

بە واتایەکی تر، زیادبوونی نفوز و دەسەڵاتی ئێران لە عێراق و ناوچەکەدا، هەم مەترسییە و هەمیش دەرفەت بۆ کورد. دواجار گرنگ ئەوەیە کە هێزی پێشمەرگە و سیاسەتی دروست قەیرانمان بۆ بکا بە دەرفەتی زیاتر، ئەوەش پێویستی بە ستراتێژییەکی نەتەوەیی هەیە.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٢ لەم ژمارەیەدا:

ــ شکستی کەرکووک کۆتایی ڕێگا نییە!
ــ ڕەوایی چەک و ڕەوایی خەڵکی
ــ ئیمپراتوریی نافەرمی ئێرانی
ــ دەسەڵات و کۆمەڵگا