کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەواد زەریف لەبەرامبەر قسەکانی تیلرسن دژکردەوەی نیشان دا

14:49 - 1 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: پاش چاوپێکەوتنی وەزیری دەرەوەی ئامریکا و لێپرسراوانی عەرەبستانی سعودی و لێدوانەکانیان بەرامبەر بە ئێران، دژکردەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لێکەوتەوە.

ڕێکس تیلرسن، وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ پاشای عەرەبستان و لە پرێس‌کۆنفرانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ عادڵ‌ ئەلجۆبەیر، هێرشی کردە سەر ڕێژیمی تاران و وتی: ئێستا کە شەڕ دژی داعش لە عێراق کۆتایی پێهاتووە پێویستە میلیشیاکانی بەستراوە بە تاران لە عێراق بچنه دەرەوە.

تیلرسن باسی لەوەش کردووە ئێمە سەقامگیریمان لە ناوچە و لە عێراق دەوێت و ئەمەش دژی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامییە و هەروەها باسی سپای تێرۆریستی پاسداران کرا و لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: داوا لە هەموو وڵاتان و کۆمپانیاکان بەتایبەت لە ئورووپا دەکەین کە پشتیوانی لە گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر سپا بکەن تاکوو ئەم ڕێکخراوە چیدیکە نەتوانێت تەڕاتێن لە ناوچەکەدا بكات و نائارامی پێک بێنێت.

هەر لەمبارەوە ئەلجۆبەیریش جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاند: ئێمە بە جیددی نیسبەت بە مەترسییەکانی ڕێژیمی تاران وتووێژمان کردووە.

لەو پێوەندییەدا جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند: قسەکانی تیلرسن و سەرانی عەرەبستان مایەی شەرمەزارین و داوا دەکەم بۆچوونەکانی خۆی چاک بکات و واز لە پشتیوانی کردنی سعوودیە بێنێت کە منداڵ و پەککەوتەکانی یەمەن دەکوژێت.

قسەکانی زەریف ئاماژەیەکن بۆ پشتیوانییەکانی سعوودیە لە دەوڵەتی فەرمی یەمەن کە دژی حوسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران شەڕ دەکات.

پێویست بە ئاماژەیە کە لەم سەفەرەی تیلرسن بۆ ڕیاز، ناوبراو خوازیاری پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەش لە نێوان وڵاتانی عەرەبیی ناوچە دژی تاران بوو.

هەواڵدەری ئاسوشیتێدپرێسیش لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە مەبەست لەو بەرە نوێیە بەستنی دەرگاکانی پەیوەندیی جەهانی عەرەب بە ڕووی ڕێژیمی ئیسلامیی تاران و ڕووبەڕووبونەوەی نفووزی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتری ئەو ڕێژیمەیه لە ناوچەکەدا.