کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاسپی ڕێژیمی ئێران لە ڕێوڕەسمە مەزهەبییەکاندا

15:13 - 1 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران، لە ڕێوڕەسمە مەزهەبییەکاندا، جیا لە پەرەپێدان بە سیاسەتە مەزهەبییەکانی، وەکوو سەرچاوەیەکی داهات، کەڵک وەردەگرێت.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هەموو ساڵێک لە ڕێوڕەسمی موحەڕەم زۆرتر لە ٣ میلیۆن کەس بە فەرمی بەشداریی لە پرسەی ئیمام حوسێن ئیمامی سێهەمی شێعەکان، بە کاروان خەڵک بۆ عێراق دەنێرێت و داهاتێکی زۆر بەدەست دەهێنێت.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لەم ڕێوڕەسمە مەزهەبییە وەکوو بازاڕێکی پڕداهات کەڵک وەردەگرێ، بۆ نموونە ئەمساڵ نرخی دولار لە بازاڕی ئازاد ٤٠١٠ تمەن بووە، کە بە نرخی ٤٢٥٠ تمەن، دولاری بە ئازیەتباران داوە و لەم ڕێگایەوە ٧٥٠ میلیۆن تمەنی قازانج کردووە.

هەروەها لە بەشی هاتووچۆ و جێبەجێ کردنی ئازیەتباران بە فڕۆکە و ماشینیش قازانج دەکات، ئەمە لە حاڵێک دایە کە بە بەردەوامی ڕێژیم دروشمی ئەوە دەدات کە زۆرترین ئاسانکاریی دەکات و بە کەمترین تێچوو کاروباری ئازیەتباران ڕێک دەخات.

بەڵام رێژیمی ئێران لەم ڕێوڕەسمە کەڵکی ناڕەوا وەردەگرێ و بە زۆر شێوە فێڵ لە خەڵک دەکات و بۆ بەدەستهێنانی داهات، لە باوەڕی خەڵک کەڵکی ناڕەوا وەردەگرێ.

لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا، گەشتیاریی ئایینی و مەزهەبی سەرچاوەیەکی داهات بۆ حکوومەت و خەڵکە، بەڵام لە ئێراندا خەڵک هیچ قازانجێکیان دەست ناکەوێ و تەنانەت زەرەریش دەکەن.

زۆرترین هاتووچۆی ئازیەتبارانی موحەڕەم لە سنوورەکانی کرماشان و ئیلام بەرەو عێراق جێبەجێ دەکرێ، بەڵام بۆ خەڵکی ئەم شارانە هیچ قازانجێکی نییە و تەنانەت لە قەرەباڵغی و پاراستنی پاک و خاوێنی و کەڵک وەرگرتن لە زۆربەی ئیدارەکان و بەکارهێنانی کەلوپەلیان وەکوو: ماشین و هێزی مرۆیی ئەم شارانە تووشی زەرەریش دەبن.

ڕێژیمی ئێران، بۆ ئەوەیکە داهاتەکە بەس بۆ خۆی بێت، بە ڕێکخستنی کاروان و دیاری کردنی کەسانی تایبەت کە سەر بە ڕێژیمن، ئەم ڕێوڕەسمە ڕێک دەخات و تەنیا ئەوانن کە داهاتەکە وەردەگرن و خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی کرماشان و ئیلام تەنیا بۆ خزمەتگوزاری ئازیەتباران دیاری دەکرێن و هیچ داهاتێکیان نابێت.