کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران یارمەتی بۆ میانمار کۆ دەکاتەوە

15:33 - 1 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، بە جێگای دابین کردنی بژیوی خەڵکی ئێران، پارە و یارمەتی بۆ وڵاتانی بیانی کۆ دەکەنەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بنکە و ناوەندەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی کوردستان لە هەوڵێکی ناڕەوا و دوور لە ئینساف شوێنی یارمەتی کۆ کردنەوەیان بۆ خەڵکی میانمار داناوە و ئەوەش لە کاتێک دایە کە دۆخی ژیانی خەڵکی هەژار لە ئێراندا لەژێر سێبەری ڕێژیمی بنبڕکەری خۆشبژێوی، هەژێنەرە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەو باریەوە باسی لەوە کرد، کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە ئیدارەی هیلالی ئەحمەری شاری مەهاباد بنکەی یارمەتیان لە مەیدانی مەلا جامی ئەو شارە داناوە و داوا لە هاووڵاتییانی ئەو شارە دەکەن کە یارمەتی بدەن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، داوا لە خەڵک دەکەن کە هەر جۆرە یارمەتی نەختی و غەیرە نەختی بۆ یارمەتیدان بە خەڵکی میانمار بەوان بدەن.

کۆ کردنەوەی یارمەتی بۆ خەڵکی بیانی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، لە کاتێک دایە کە بەپێی ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران نێوەی حەشیمەتی ئێران لەژێر هێڵی هەژاری دان و هەر ڕۆژە هەواڵ و ڕاپۆرتی دلتەزێن لە بارەی هەژاری لە ئێران بڵاو دەکرێتەوە.

دیاردەی هەژاری لە وڵاتی ئێراندا، لەژێر سێبەری دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران هێڵی هەژاری بەزاندووە و بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە باس لەو دەکەن، کە لە داهاتوودا نیوەی حەشیمەتی ئێران دەڕۆنه ژێر هێڵی هەژارییەوە.

هەژاری لە ئێراندا، لە کاتێک دایە کە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە و بەتایبەت سەرکۆمارەکانی ئەو ڕێژیمە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا وادە و بەڵێنی بنبڕکردنی هەژاری دەدەن.

جێگری کۆمەڵایەتی و خۆشبژێوی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی ڕێژیم رایگەیاندبوو، هەژاری لە گوندەکانی ئێران کەم بووەتەوە و لە شارەکان پەرەی سەندووە و یازدە ساڵە ئەم وه‌زاره‌ته‌ ڕاپۆرتێکی لە بارەی گۆڕانکارییەکانی ئاستی هەژاری لە ئێران ئامادە نەکردووە.

ساڵی ڕابردووش بەرپرسی کۆمیتەی ئیمدادی خومەینی باسی لەوە کردبوو، کە ڕێژەی هەژاری و لێقەوماوی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە ئێران لە حاڵی بەرزبوونەوە دایە و دەوڵەتە یەک لەدوای یەکەکان نەیانتوانیوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن.

ئامارە فەرمییەکان سەرەڕای هەموو سانسۆر و دەسکارییەکانی ڕێژیم، باس لەوە دەکەن کە هەژاری لە ئێران لەو پەڕی خۆی دایە و بەرپرسانی ڕێژیمیش ئەو ڕاستییە ناشارنەوە.