کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران پلەی یەکەمی بەفێڕۆ دانی ئاوی هەیە

15:45 - 1 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: عیسا کڵانتەری دەڵێت: بەڵامان بەسەر ئاوی وڵات هێناوە و لە هەمبەر وشک بوونی وڵات هۆشداری دا.

عیسا کەڵانتەری، سەرۆکی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگە، ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، لە دانیشتنێک لە مەجلیسی ڕێژیم باسی لە ڕاستییەکانی قەیرانی ئاو کرد.

کەڵانتەری وتی: ئێران لە سوانی خاک، سوانی کێشی پلاسمایی ژنتیکی و بوارەکانی ژنتیکی و ئاژەڵیی، لەنێوچوونی ڕووەک و لەوەڕگەکان و خەسار کردنی وزە پلەی یەکەمی هەیە و هیچ یەک لەو پلە یەکەمانە دڵخۆشکەر نین.

ناوبراو لەو کۆبوونەوەیەدا ڕایگەیاند: ئەو وڵاتانەی کە تا ٢٠% لە ئاوە زناوەکانیان کەڵک ورەدەگرن لە ڕوانگەی ژینگەوە وڵاتانێکی ئەمنن و بەرخۆری ئاو لە جیهاندا نابێ لە ڕادەی ٤٠% تێپەر ببێت، بەڵام ئێران لە ١١٠% لە ئاوە زناوەکانی کەڵک وەردەگرێت.

ئاوە زناوەکان بە ئاوێک دەڵێن، کە لە بارینی باران دێتە سەر زەوی و بە کەمکردنەوەی هەڵم و بەرزبوونەوەی بۆ ئاسمان لەسەر زەوی دەمێنێتەوە.

کەڵانتەری وتی: بەپێی سەرچاوەی ئاماری وەزارەتی وزە، ڕادەی ئاوە زناوەکانی وڵات ٨٨ میلیارد مێتری سێجایە، بەڵام ڕادەی کەڵک لێ وەرگرتنی ٩٧ میلیارد مێتری سێجایە.

هەروەها ڕایگەیاند، کە کەڵک وەرگرتنی ٨ یا ٩ وڵات لە ئاو ٤٠ لەسەدە، بەڵام ئێران دوای وڵاتی چاد زیاترین بەرخۆری ئاوی ٦٥ لەسەدە.

پێشتر کەڵانتەری هۆشداری دابوو، کە بەکارهێنانی ئاوە زناوەکان لە ئێراندا ١١٠ لەسەد زیادی کردووە، واتە ئێران هەر ساڵە وشکتر دەبیت و ٧٠ لەسەدی ئێرانییەکان لەگەڵ کێشەی بێ‌ئاویی بەرەوڕوو دەبن.

ڕێژیمی ئێران بە لێدانی بەنداو و پرسی سەربەخۆیی کشتوکاڵ تەواوی ئاوەکانی سەرزەویی خۆی بەفێڕۆ داوە و ئێستە دراوسییەکانی خۆی بە تاوانبار دەزانیت و هیچ چارەیەکیش بۆ ئەو قەیرانە نابیننەوە.