کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

موقتەدا سەدر و مەلەک عەبدوڵڵا دانیشتن و چاوپێکەوتنیان پێک هێنا

15:34 - 2 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: موقتەدا سەدر کەسایەتیی شێعەی عێراق و مەلەک عەبدوڵڵا پادشای ئوردۆن لە کۆشکی پادشایی ئوردۆن چاوپێکەوتنیان پێک هێنا.

موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدری عێراق، پاش چەندین چاوپێکەوتنی گرنگ لەگەڵ ڕێبەرانی ناوچەکە، ڕۆژی دووشەممە ١ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، لەگەڵ مەلەک عەبدوڵڵا پادشای ئوردۆن چاوپێکەوتن و دانیشتنیان هەبووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاسۆشیتدپرێس، کۆشکی پادشایی ئوردۆن ڕایگەیاند، تەوەری باسەکانی ئەم دانیشتنەیان لەسەر پێویستیی پەرەپێدان بە هاوکارییە بازرگانیی و ئابوورییەکان بووە، بەڵام ئاسۆشیتدپرێس ئەم چاوپێکەوتنەی بە هەنگاوێک بۆ کونتڕۆڵ کردنی دەستێوەردانەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قەڵەم دا.

موقتەدا سەدر یەکێک لەو کەسایەتییە شێعانەی عێراقە، کە ماوەیەک پێش بە ڕاشکاوی داوای هەڵوەشاندنەوە گرووپی میلیشیایی حەشدی شەعبی سەر بە ئێرانی کردبوو و لەو بارەوە وتوویە: بوونی ئەم گرووپە بەدەر لە چوارچێوەی دەوڵەتە و کێشەی گەورە و دەرئەنجامی خراپی لێ دەکەوێتەوە.

حکوومەتی بەغداد لەو کاتە پێشنیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەم گرووپە میلیشیاییەی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی ڕەت کردەوە و هەنووکەش سەروکۆوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیندراوێکدا داخوازی وەزیری دەرەوەی ئامریکای لەمەڕ کۆتایی هێنان بە چالاکییەکانی حەشدی شەعبی بە نەرێنی وڵام داوەتەوە.

موقتەدا سەدر لە ئەمساڵدا چەندین سەفەری بۆ وڵاتانی عەرەبی وەکوو: عەرەبستان، ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی و میسر و ئوردۆن کردووە، کە هەر چوار وڵاتەکە لە وڵاتانی ڕەخنەگری توند و پێداگری ئێرانن.

گرنگترین چاوپێکەوتنی موقتەدا سەدر لەگەڵ وەلیعەهدی عەرەبستان بووە، کە ئەم وڵاتە وەکوو باوکی بەهێزی نەتەوەکانی عەرەب دەناسێت کە لە ناوچەکەدا بۆ جێگیر کردنی ئاشتی و سەقامگیریی تێدەکۆشێت.

وەلیعەهدی عەرەبستان، یەکێک لە ڕەخنەگرە توندەکانی دژبەری ئێرانە و لە لێدوانێکدا لە بەفرانباری ساڵی ڕابردوو ئەم ڕێژیمەی وەکوو نوێنەر و پاڵنەری سێ کێشەی سەرەکیی لە ناوچەکە وەکوو: بیرۆکە بێ‌سنوورەکان، ناسەقامگیریی و تێرۆریزم لە قەڵەم دا.

ئەم چاوپێکەوتن و دانیشتنانە لە ئاستی کەسایەتی و ڕێبەرانی وڵاتانی ناوچەکە دوو پەیامی گرنگی تێدایە، یەک ئەوەیکە زۆربەی ئەو وڵاتانە لە دەستێوەردان و کردەوە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمە وە زاڵە هاتوون و دووهەمین پەیام ئەوەیە کە ئەو ڕێژیمە لە بواری سیاسییەوە لە ناوچەکە و جیهاندا لە پەراوێز کەوتووە و تەنگی پێ هەڵچێنراوە.