کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسدرێژی بۆسەر کچێکی ١٢ساڵان تووڕەیی خەڵکی ورمێی لێکەوتەوە

16:17 - 2 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستدرێژی بۆسەر کچێکی ١٢ ساڵان لە یەکیک لە قوتابخانەکانی ورمێ، خەڵکی ئەم شارە ڕژانە سەر شەقامەکان و تێکهەلچوون لە نێوان خەڵک و هێزی ئینتزامی هاتە ئاراوە.

بەپیی دوایین هەواڵەکان ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی پاش بڵاوبوونەوەی هەوالێک لەمەڕ دەستدرێژی کارمەندێکی قوتابخانەی راه شهدا لە شاری ورمێ، بۆسەر قوتابییەکی تەمەن ١٢ ساڵ خەڵکی تووڕە و ناڕازی ڕژانە سەر شەقامەکان و لە بەردەم ئەم قوتابخانەدا کۆبوونەوە.

بەپێی هەواڵەکان، هێزە سەرکوتکەرەکانی ریژیم لە هەولدا بوون تاکوو بە لێدان و ترساندنی خەڵکی ناڕازی بڵاوەیان پێبکەن کە لەگەڵ دژکردەوەی تووندی خەڵک بەرەوڕوو بوونەوە و لە کۆتاییشدا تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵک و هێزەکانی ڕێژیم هاتە ئاراوە؛ هەر لەم پێوەندییەدا و بەپێی وتەی شایەتحاڵان ئەم تێکهەڵچوونە ئەوەندە بەربڵاو بوە کە ٢٠ کەس لە هێزەکانی رێژیم بە سەختی بریندار بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانەی خومەینی کراون. خەڵکی ناڕازی وێڕای هێرش بردنە سەر قوتابخانەی ناوبراو و شکاندنی شیشەکانی ئەم قوتابخانە، ماشینی ئەو کارمەندەشیان سووتاندووە.

پێویست بە ئاماژەیە کە بەرپرسانی ڕێژیم لە ورمێ لە پیوەندی لەگەل ئەم پرسە قسە و لێدوانی دژبەیەک دەدەن؛ لەلایەکەوە بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی فێرکاری پارێزگای ورمێ هەواڵەکە پشت‌ڕاست دەکاتەوە بەڵام فەرماندار و جێگری سیاسی – ئەمنیەتی ناوبراو هەواڵەکە ڕەد دەکەنەوە.

بەپێی دوایین ئامارە لێڵاوییەکانی هێزی بەناو ئینتزامی تەنیا لە ساڵی ٩٠دا ٩٠٠ پەروەندەی لەم چەشنە تۆمار کراوە. بەهۆی نەبوونی یاسایەکی ڕوون لە پیوەندی لەگەڵ پشتیوانی ڕۆحی و جیسمی لە منداڵان لە ئێراندا، ئەم توێژەی کۆمەڵگا بەردەوام بوونەتە قوربانی توندوتیژییە جینسی و جەستەیی و دەروونییەکان.