کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سۆنامی بێکاری لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی

16:18 - 2 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: خەمساردی و داردەست پەروەریی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، زیاتر لە هەزار ئەندازیاری بێکار کردووە و وەرگرتنی مووچەی ژێربەژێری چوار هەزار کەسی لێ کەوتووەتەوە.

پشتگوێخستنی توێژی خوێندکار لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی وای کردووە، کە زیاتر لە هەزار ئەندازیار و ئارشیتێکت نامەیەک لە هەمبەر دواکەوتنی مووچە و دەرکردنیان لە سەر کارەکەیان بۆ بەرپرسانی ڕێژیم بنێرن و نیگەرانی خۆیان دەرببڕن.

دوای ئەوەیکە بوودجەی ڕێژیم لە شەش مانگی ساڵی ١٣٩٦دا کەمییەکی بەرچاوی هێنا و دەوڵەتی ڕۆحانی نەیتوانی داهاتەکان بە دەست بێنێت و بوودجە بۆ پەرە پێدانی بەرنامەی مووشەکی و پەرە پێدانی کارەکانی سپای قودس دیاری کرا، بوودجەی ئێران تووشی کێشە بوو و ڕێژیم دەستی بۆ بەشەکانی دیکەی بوودجە برد و لەو نێوەدا بوودجەی بەشی ئاوەدانیی کەم کرایەوە و چالاکییەکانی لە زۆر شوێن ڕاوەستا و لەو نێوەشدا ئەو کەسانەی لەو بەشەدا مووچەبگیری رێژیمن، نامەیەکیان ئاراستەی بەرپرسانی ڕێژیم کرد و نیگەرانی خۆیان دەربڕی.

لەو نامەیەدا زیاتر لە هەزار ئەندازیار و ئارشیتێکت خەم و نیگەرانیان لە هەمبەر دواکەوتنی مووچە و دەرکردنیان لە سەر کارەکەیان، بۆ بەرپرسانی ڕێژیم نووسی و ناڕەزایەتی خۆیان لە هەمبەر ئەو دۆخە دەربڕی.

بەشێکی بەرچاوی ئەو ئەندازیار و ئارشیتێکتانە، زیاتر لە هەشت مانگە مووچەیان دوا کەووتوە و بەو حاڵەش لە سەر کارەکەیان دەر دەکرێن، نامەنووسینی ئەو کەسانە زیاتر بۆ دەرکردنیانە، واتە بە دواکەوتنی هەشت مانگی مووچە ڕازین، بەڵام هەر لە سەر کار دەریان نەکەن.

ئەو ڕووداوە لە حاڵێک دایە، کە زیاتر لە چوار هەزار کەس لەو کەسانەی لە مێترۆی تارانن، هیچ کارێک ناکەن و مووچەش وەر دەگرن.

مەجید فراهانی جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی بەرنامە و بوودجە وتوویەتی: کە چوار هەزار مووچەخۆر لە مێترۆی تارانن کە هیچ کارێک ناکەن و هیچ بەرپرسیاڕیەتییەکیان نییە.

ناوبراو وتیشی: ئەو کەسانە هەموو رۆژێ کارتی چوونە سەر کار لێ دەدەن، دوایەش دیار نییە چییان لێ دێت و لە کۆتایی مانگیشدا مووچە وەر دەگرن.

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی، هەڵاواردنێکی زۆر لە نێوان چینەکانی کۆمەڵگا هەیە و وای لێهاتووە، هەر کەس بوو بە بەرپرس خزمەکانی خۆی دادەمەزرێنێت یان مووچەیان بۆ دەبڕێتەوە، یان هەر کەس کارتێکی بەسیجی لە گیرفاندا بێ، دەبێتە خاوەن کار و مووچە وەر دەگرێ و لەو لایەشەوە خوێندکاران پاش زیاتر لە ٢٠ ساڵ خوێندن یان کاریان نییە یان لە کار دەر دەکرێن.