کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هەشت دامەزراوەی ئەمنییەتیی بۆ چاوەدێریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داناوە

20:56 - 2 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: لە دنیای ئەمڕۆدا کە باس لە ئازادی ڕادەربڕین دەکرێ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە وەکوو چوارچێوەی ژیانی تاکەکەسی دەناسرێن، ڕێژیمی ئێران هەشت دامەزراوەی بۆ کۆنتڕۆڵی فەزای مەجازی داناوە.

پاسداری تێرۆریست غوڵامڕەزا جەلالی، ڕایگەیاندووە: کە داوامان لە زانکۆی بەهەشتی و سەنعەتی شەریف کردووە، بۆ چاوەدێریی فەزای مەجازی هاوکاریمان بکەن و هەروەها لەگەڵ ڕێکخراوی بەسیج بۆ چاوەدێری لەو بارەوە ڕێک کەوتوون.

هەروەها لە درێژەدا ئاماژەی بە بەشداریی ڕێکخراوی پدافند غیرعامل و سپای تێرۆریستی پاسداران لە سەر چاوەدێری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردووە.

ڕێژیمی ئێران پەرەسەندنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێراندا بە مەترسی دەزانێ و بە هیچ شێوەیەک باوەڕی بە ڕادەربڕینی ئازاد نییە و بە هەموو شێوەیەک وەکوو فیلتر کردن و داخستن و چاوەدێریی، هەوڵی ناچالاک کردنی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە دەدات.

جیا لەو ڕێکخراوانە کە ئاماژەیان پێکرا، وەزارەتی ئیتلاعات، هێزی ئینتزامی، وەزارەتی پەیوەندییەکان، بەشی تایبەتیان بۆ فیلتر کردن و چاوەدێری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەیە و هەروەها دەزگای قەزایی ڕاستەوخۆ لە فیلتر و چاوەدێریی کردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشداری دەکات.

لە لایەکی دیکەشەوە ئاخوندەکان لە حەوزە علمییەی شاری قوم، داوایان لە بنەماڵەکان کردووە کە چاوەدێر بن و لە دنیای مەجازیدا پڕوپاگاندەی خۆیان و کردەوە جیهادییەکانیان ببنە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سەنگەری ئیسلام لە ئینترنت بەهێزتر بکەن.

ڕێژیمی ئێران بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات، کە ئازادی ڕادەربڕین لە خەڵک بستێنی و لە دنیای پەیوەندییەکان دووریان بخاتەوە و لە هەموو بەشەکانی ژیانی خەڵک دستێوەردان بکات، باس لەوە دەکرێت، کە لە هەر حەوت کەس ئێرانی یەک کەس لە لایەن ڕێژیمەوە چاوەدێریی دەکرێن.

هەروەها لە زۆربەی شوێنەکانی نێو شار بە کامێرای شاراوە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک چاوەدێری دەکات و تەنانەت لە نێو ماڵەکانیش بە کۆنتڕۆڵ کردنی ئامێرە پەیوەندییەکان، گوێ لە قسەی خەڵک دەگرێ و دەکرێت وڵاتی ئێران وەکوو زیندانێکی گەورەتر بۆ خەڵکی بە زاڵە هاتووی ئەو وڵاتە لە قەڵەم بدرێت.

ئەم کردەوە دیکتاتۆریانەی ڕێژیم وای کردووە، کە خەڵکی ئێران بە هیچ شێوەیەک ئەمنییەتی دەروونیان نەبێت. ئەمنییەتی دەروونیی یەکێک لە سەرەکیترین مافەکانی هەر مرۆڤێکە کە لە لایەن حکوومەتەکانەوە دەبێ ڕەچاو بکرێت.