کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆگاندا بەخۆڕایی، نەخۆشی ئێرانییەکان چارەسەر دەکات

14:44 - 3 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: لەمەودوا هاووڵاتییانی ئێرانی بۆ چارەسەری پزیشکی خۆڕایی دەتوانن سەردانی وڵاتی ئۆگاندا بکەن.

لە چوارچێوەی گەڵاڵەی بەناو گەشەسەندنی وڵاتانی دواکەوتوو، کۆماری ئیسلامی نەخۆشخانەیەکی بە بودجەی تایبەت بەم گەڵاڵە و لە ڕاستای دزەکردنی زیاتر لە قاڕەی ئافریقا کردەوە کە هەموو تێچووەکانی سازکردن و دابین‌کردنی پێداویستی و کەل‌وپەلەکانی لە ئەستۆی رێژیم بووە.

هەواڵدەریی تەسنیمی سپای پاسداران بە پشت‌ڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە رایگەیاند کە ئەم نەخۆشخانە لەلایەن جەواد زەریف کراوەتەوە.

ئەم چەشنە دەست‌ودڵ‌بازییانە و کردنەوەی ئەم نەخۆشخانە و خزمەتگوزارییە عومرانییەکانی دیکەی ڕێژیم لە وڵاتانی ئافریقایی لەکاتێکدایە کە خەڵکی ئێران بەگشتی و بەتایبەت لەو هەرێمانەی کە نەتەوەکانی ئێرانی تێدا نیشتەجێیە، بە دەس کەمی ئیمکاناتی پزیشکی و نەبوونی پێرسۆنێلی شارەزاوە دەناڵێنن.

هەر لەم پێوەندییەدا رۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢١ی رەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی بەهۆی نەبوونی سیستمی ئیمەنی، تەقینەوەیەک لە بەشی ICU لە نەخۆشخانەی زارای شاری میاندواو روویدا کە بووە هۆی کوژرانی هاووڵاتییەک و بریندار بوونی پێنج کەسی دیکە کە کارناسان لەو کاتەدا ڕایانگەیاندهۆکاری سەرەکی ڕوودانی ڕووداوگەلی لەم چەشنە بۆ کۆن و بێ‌کەڵک بوونی کەل‌وپەل و پێداویستییەکانی نەخۆشخانەکان دەگەڕێتەوە کە بەهۆی کەمتەرخەمی بەرپرسانی رێژیم هاتۆتە ئاراوە.

چەند ڕۆژ پێشتریش ژمارەیەک لە ژنانی شاری شنۆ، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر نەبوونی کەرەستە و پێداویستییەکانی نەخۆشخانەی ئەو شارە نامەیەکیان بڵاو کردەوە و داوایان کردووە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەو شارە هەنگاوێک بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیه هەڵبگرن.

ئەم هەوڵانەی ریژیم بۆ پەلهاویشتنی زیاتر لە ناوچە و جیهان و سەرف کردنی سامان و پارەی خەڵکی ئێران بۆ شوێنەکانی دیکە لەکاتێکدا هاتوونەتە ئاراوە کە بەپیی ئامارە فەرمییە حکوومەتییەکان لانیکەم ٥٠%ی ژنان و پیاوانی ئێران لە باری دەروونییەوە شێواون و تێک‌چوون، نیزیک بە ٤٠%ی حەشیمەتی ١٥ تاکوو ٦٤ ساڵی ئێران هەڵگری کێشەیەکی دەروونین و پێویستیان بە سەردان کردنی پزیشکی تایبەت هەیە و ٢٠ لەسەدی بنەماڵەکانی ئێران بەخێوکەریان نییە.

لە ئێستادا تەنیا هونەری رێژیم، وەک خزمەتگوزاری بە خەڵک بریتییە لە دامەزراندنی ڕێکخراوی سواڵ‌کردن؛ چەند ڕۆژ پێش ئێستاش ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی کوردستان و لە هەوڵێکی ناڕەوا و نابەجێ شوێنی یارمەتی کۆکردنەوەیان بۆ خەڵکی میانمار دانا و ئەوەش لە کاتێکدایە کە دۆخی ژیانی خەڵکی هەژار لە ئێراندا لەژێر سێبەری ڕێژیمی بنبڕکەری خۆشبژێوی، هەژێنەرە.