کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرکران لە کار بووە هۆی گیان‌ لەدەستدانی ٢ کرێکار

15:43 - 3 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: بارودۆخی نالەباری ئابووری ئێران، زۆربەی کۆمپانیاکانی بەرەو مایەپووچی بردووە و لەم نێوەدا زەرەرمەندی سەرەکی کرێکارەکانن.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری نفت ما، کۆمپانیای لاستیکی پارس نزیک بە مانگێکە کە مایە پووچ بووە و دەستی کردووە بە دەرکردنی کرێکارەکان، کرێکارەکانیش لە بەرامبەردا دەستیان کردووە بە مانگرتن و نارەزایەتی دەربڕین.

بە پێی ئەم هەواڵە، دو کەس لە کرێکارە دەرکراوەکان، پاش بیستنی هەواڵی دەرکرانیان، بە هۆی گوشاری دەروونی و خەمبار بوون لە هەمبەر داهاتوو و چارەنوسی نادیاری بنەماڵەکەیان، تووشی جەلدە بوون و گیانیان لە دەست داوە.

زۆربەی هەرە زۆری کارخانەکانی ئێران کاتێک کە تووشی مایە پووچ بوون دەبن، لە جیاتی گوشار هێنانەوە بۆ بەرپرسانی ڕیژیم، یەکەم کردەوەیان ئەوەیە کە، کرێکارەکان دەردەکەن و هیچ بەرپرسایەتییەک لەو بارەوە بە ئەستۆ ناگرن؛ یەکیکی دیکە لە کێشەکانی بەردەم کرێکاران لە ئێران بریتییە لە نەبوونی سەندیکایەکی کرێکاری ڕاستەقینە و سەربەخۆ کە بتوانێ داکۆکی لە مافی ئەم توێژەی کۆمەلگا بکات.

کرێکارانی کارخانەی لاستیکی پارس، هۆکاری سەرەکی مایە پووچ بوونی ئەم کارخانەیە بۆ ناکارامەیی بەرپرسان و مووچەی کەڵانی بەڕێوەبەرانی ئەم کارخانەیە دەگێڕنەوە.

ئەم کرێکارانە دوو هەفتەیە کە دەستیان کردووە بە مانگرتن و داواکارن بە زووترین کات چارەنووسیان دیاری بکرێت و بچنەوە سەر کارەکانیان.

ڕێژیمی ئێران بە هێچ شێوەیک چینە کەم‌داهاتەکانی کۆمەڵگا لە بەر چاو ناگرێت و گرنگی نادات بە ژیانی خەڵک؛ چینی کرێکار یەکێک لەو توێژانەی کۆمەلگان کە رێژیمی ئێران گرنگیان پێ نادات و وەکوو کۆیلە کاریان لێ دەکێشێتەوە.

چینی کرێکار لە ئێران، بە بەردەوامی گوشاری دەروونی لە سەرە، تەنانەت لە کاتی کارکردنیشدا، بیر لەوە دەکاتەوە کە هیچ گارانتییەک بۆ بەردەوامی کارەکەی نییە، لەوانەیە لە هەر کاتیک کارەکەی لە دەست بدات و بنەماڵەکەی تووشی قەیران بن.

لەو کاتەوە کە ئەو دوو کرێکارە بە هۆی جەڵدە گیانیان لە دەست داوە، هیچ کەسێک بەرپرسیارەتی ئەم کارەساتەی وە ئەستوو نەگرتووە و بنەماڵەکانیشیان هیچ پشتیوانییەکیان نییە کە داکۆکی لە مافەکانیان بکات.