کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوایین ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە تاوتوێ کرا

20:36 - 3 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: لە دیداری نێوان دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و وەفدێک بە سەرپەرەستی بەڕێز مستەفا مەولوودی، پرسی کورد لە باشوری کوردستان و مەترسییەکان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات تاوتوێ کران.

بەپیی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی بەرامبەر بە ٢٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ی زایینی بەڕێز کاک مستەفا مەولوودی بە یاوەری هاوڕێیانی دەفتەری سیاسییان سەردانی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لە لایەن بەڕێز کاک مستەفا هیجری سکرتێری گشتی حیزب و ئەندامانی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتەوە پێشوازییان لێکرا و بەگەرمی بەخێرهاتنیان لێکرا.

لەم کۆبوونەوەیەدا لەسەر دوایین ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی پێوەندیدار بە پرسی کورد لە باشوور و مەسەلەی هێرشی ئەرتەشی عێراق و حەشدی شەعبی بە بەشداری سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ گرتنەوەی شاری کەرکووک و ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان و ئەو مەترسییانەی لەسەر دەسکەوتە سیاسی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە ئاڵوگۆری بیروڕا کرا.

لە بەشێکی دیکەی ئەو راگۆڕینەوەدا هەڕەشەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی لەسەر حیزب و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خرایە بەرباس و بۆ بەرپەرچدانەوە و پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی سپای پاسداران و بەکرێگیراوانی قەرارگای قودس لەسەر کۆمەڵێک رێوشوێنی کردەیی جەخت کرایەوە و ئۆرگانە پێوەنیدارەکان ئەرکدار کران لە بواری کردەییدا پێکەوە هاوکاری و هەماهەنگی بکەن.