کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە ئامریکا

13:53 - 4 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە ئامریکا بەشداری کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە ئامریکای باکوور، کەی‌. ئێن. ‌سی ( K.N.C)، ڕۆژی ٢١ی ئۆکتۆبر، کۆنفڕانسی ساڵانەی خۆی لە دەڤەری واشینگتۆن دی سی بەڕێوە برد.

ئەم کۆنفڕانسە لە ژێر بابەتی بنیات نانی کوردستانێکی ئاوەدان و سەقامگیر بە بەشداریی کۆمەڵێک لە چالاکانی کوردی باکووری ئامریکا و دۆستانی کورد لە دەڤەری واشینگتۆن بەڕێوە چوو. لەم کۆنفڕانسەدا چەندین پانێل بەڕیوە چوو و چەند وتار پێشکەش کرا. ئارش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بەشداریی لە پانێلێک لە سەر بابەتی یەکگرتوویی کورد بەشداری کونفرانسەکە بوو.

نوێنەری حدکا لە ئامریکا، لە وتەکانیدا وێڕای دەربڕینی داخ و پەژارەی خۆی بۆ ڕووداوەکانی ئەم دوایەی باشووری کوردستان، وتی: هەروەها کە دوێنێ حیزبی دێموکرات رایگەیاند، بەداخەوە ئەم ڕووداوانە مەترسیشی لە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزب ساز کردووە. ئارش ساڵح وتی: کە بەپێی ئەو زانیاریانەی کە بە حیزبی دێموکرات گەیشتوون، هێزێک کە بریتی بووە لە حەشدی شەعبی و سپای پاسداران هەوڵیان داوە نزیک بە بنکەکانی حیزب ببنەوە؛ ئێمە ئەم هەڵسووکەوتە وەکوو مەترسی دەبینین و پێمان وایە دەبێ دنیا لەسەر ئەم بابەتە زۆر هەستیار بێت.

لە درێژەی قسەکانیدا ئارش ساڵح باسی لەوە کرد، کە ئەو بەهانەی کە کۆمەڵگای ئامریکا بانگەشەیان بۆ دەکات، پێویستە لە ناو سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش ڕەنگدانەوەی هەبێت. هەروەها پێویستە قسە و کردەوەی دەوڵەتی ئامریکا یەک بگرێتەوە و ئەمە نە تەنیا بۆ پێشگرتن لە ئێران گرینگە، بەڵکوو بۆ سەقامگیریەکی درێژخایەن و پەرە پێدانی بە دێموکراسی پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە.

نوێنەری حدکا هەروەها وتی: کە سەرچاوەی هەموو کێشەکان ئێرانە و هەر کەس دەیەوێت لە ڕۆژهەڵاتی‌ناوین کارێک بکات پێویستە سەرەتا بیرێک بۆ ئێران بکاتەوە. ئێران سەرچاوەی ناسەقامگیریە، لەبەر ئەوەی ئەمە لە زاتی ئەو وڵاتەیە. سیاسەتی دەرەوەی ئیران لە ژێر کاریگەری نۆستالۆژی ئیمپراتوری پارس سیاسەتێکی پاوانخوازانەیە.

سەبارەت بە یەکیەتی ناو ماڵی کورد، نوێنەری حیزبی دێموکرات وتی: پێویستە ئێمە پێش ئەوەی ئەوەندە خۆمان سەرکۆنە بکەین، بزانین کە ئێمە تەنیا نەتەوەیەک نین کە تووشی چەند دەستەیی و چەند لایەنین، هەروەها ئێمە تەنیا نەتەوەیەک نین کە هەڵە دەکەین، بەڵام بەداخەوە بارودۆخی جوگرافیای سیاسی ئێمە و هەروەها نەبوونی ستاتوسێکی یاسایی وامان لێ دەکات، کە هەڵەکان و چەند دەستەییەکە بۆ ئێمە زیاتر لە وڵاتانی دیکە زەبریان هەبێت، بۆیە زیاتر لە هەر نەتەوەیەکی‌تر ئێمە پێویستمان بە یەکڕیزی هەیە.