کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەخۆشییە دەروونییەکان باڵی بە سەر ئێراندا کێشاوە

14:57 - 4 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگای ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا پەرە دەستێنێت و هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەریی کێشەکان هەڵناگیرێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە سێمینارێکدا کە لە وڵاتی هولەند لە لایەن دەروونناسانی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات بەڕێوە چوو ئامار و لێکۆڵینەوەکان لە بارەی دۆخی سڵامەتی دەروونیی کۆمەڵگای ئێران کە لەو سێمینارەدا باسیان لێ کرا، دەرخەری ئەوەیە کە کۆمەڵگای ئێران لە ئاستی کارەساتێکی گەورە دایه.

بەپێی لێکۆڵینەوەی شارەزایانی زانستی دەروونناسی، بابەتی سڵامەتیی دەروون لە زۆربەی وڵاتانی لە سەرەتیی یەکەم هەتا سێهەم دایە و لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە سەرەتیی چوارەمە، ئەوەش لە کاتێک دایە کە لە ئێراندا لە سەرەتیی حەوتەم دایە.

هەروەها لێکۆڵینەوەکان دەرخەری ئەوەن، کە نێونجی خەمۆکی لە جیهاندا ٤ لەسەدە، بەڵام لە ئێراندا ٧/ ١٢ لەسەدە.

شارەزایانی دەروونناسیی بەشدار لەو سێمینارە هۆکارەکانی خەمۆکیان بۆ سێ ڕووداوی مێژوویی وەک: هێرشی عەرەب بۆ سەر ئێران کە ١٣٥٠ ساڵ پێش لە ئیستادا ڕووی داوە، دووهەم پەرەسەندنی مەزهەبی شێعه و ئازیەتبارییە مەزهەبییەکان و سێهەم کێشەی ئابووریی، کۆمەڵایەتیی، مرۆیی و کولتوورییان گەڕاندەوە.

وەرزی بەهاری ئەمساڵ بە هۆی مەترسیداربوونی دۆخی نەخۆشی خەمۆکی، ڕێکخراوی جیهانیی لەشساغی دروشمی کەمپەینی ٢٠١٧ی تایبەت کردووە بە پرسی خەمۆکی.

بەپێی دوا ئامارە پێوەندیدارەکان، ساڵانە ١ تریلیۆن دولار بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ خەمۆکی و ئاسەوارەکانی تەرخان دەکرێت و ڕێژەی تووشبووانی ئەم نەخۆشییە لە وڵاتانی جیهانی سێهەم ٨٠ تا ٩٠%ی حەشیمەتی وڵاتەکانیانە.

خەمۆکی بە مەترسیدارترین جۆری نەخۆشییە دەروونییەکان دەژمێردرێت، کە دیاردەی وەک خۆکوژی لێ دەکەوێتەوە.

سەرۆکی ئەنجومەنی یاریدەدریــی ئێران (مددکاری ایران) ڕایگەیاند: لە پاش عێراق، ئێران خەمۆکترین وڵاتی جیهانە و ئێرانییەکان بەشێک لە ناچالاکترین خەڵکانی جیهانن، کە تا ئێستاش هیچ هەوڵێک بۆ ناسینەوەی هۆکارەکانی ئەنجام نەدراوە.

بەپێی ئامارە پێوەندیدارەکانی وەزارەتی بێهداشتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، نزیک بە ٢٥%ی خەڵکی ئێران تووشی خەمۆکی بوونە؛ هەڵبەت لە ڕاپۆرتی وەزارەتی بێهداشتدا ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەگەری زۆرتر بوونی تووشبووان بە خەمۆکیش لە ئارا دایە، چونکە هەندێک لەو کەسانەی کە گیرۆدەی ئەم حاڵەتە دەبن بە هۆی ترس لە تانە و توانجی کۆمەڵگا یان بە هۆی زۆر بوونی تێچووەکانی چارەسەریی بەدواداچوون بۆ نەخۆشییەکەیان ناکەن.

ئەم ئامارەی وەزارەتی بێهداشت، لەحاڵێکدا باس لەوە دەکات، کە ٢٥%ی خەڵکی ئێران تووشی خەمۆکی بوونە کە دامەزراوەی گاڵۆپ: ٣ ساڵ پێش ئیستا لە ڕاپۆرتێکدا کە باسی خەمۆکی وڵاتانی جیهانی کردبوو؛ دەڵێت، ئێران لە پاش عێراق دووهەمین وڵاتی خەمۆکی جیهانە کە هۆکارە سەرەکییەکانیشی بریتین لە: بێکاری، نرخی زۆری هەڵاوسان و ئابڵۆقە جیهانییەکان.

بەپێی دوایین لێدوانی لێپرسراوانی وەزارەتی بێهداشتیش، هەنووکە لە ئێراندا ٩ میلیۆن کەس لە حەشیمەتی چالاک کە توانای بەرهەمهێنانیان هەیە، بە هۆی گیرۆدەبوون بە خەمۆکی ئەگەری هەوڵدان بۆ خۆکوژییان لەسەرە.

هەروەها ڕێکخراوی جیهانیی لەشساغی ڕایگەیاندووە، کە زیاتر لە ٣٠٠ میلیۆن کەس لە جیهاندا بە دەست ئەم نەخۆشییەوە دەناڵێنن، کە زۆرینەی ئەم ڕێژەیە پێوەندیان بە وڵاتانی جیهانی سێهەمەوە هەیە.