کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاریجانی: مافی مرۆڤی ئیسلامیمان قەبوولە، نەک مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان

15:19 - 4 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران بە هیچ شێوەیەک باوەڕی بە بەندەکانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان نییە و هەڵاواردنەکانی ئیسلام بە یاسای مافی مرۆڤ دەزانێت.

محەممەد جەواد لاریجانی، جێگری بەشی نێونەتەوەیی و بەرپرسی دامەزراوەی بەناو مافی مرۆڤی هێزی دادوەریـی ڕایگەیاندووە: کە ڕێژیمی ئێران لە سەر بنەمای مافی مرۆڤی ئیسلامیی بەڕێوە دەچێت و دەبێ وڵاتە ئیسلامییەکان بە دژی دیکتاتۆری سکۆلار لیبراڵی ڕۆژئاوایی ڕاوەستن.

لە ئێراندا وەکوو زۆربەی وڵاتە ئیسلامییەکان، یاسا لە بەرانبەری دین و شەرع هیچ دەسەڵاتێکی نییە و مافی تاکەکان لە لایەن ڕێژیمی ئێران نەک لە ڕێ یاسا بەڵکوو بەپێی بیرۆکەی هەڵاواردنی ئایینی ئاخوندیی دیاری دەکرێت.

لاریجانی لە وتەکانی، ڕاگەیندراوەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە ساڵێک چەند جار ڕێژیمی ئێران مەحکووم و داوا لە ئێران دەکەن، کە مافی مرۆڤ بپارێزێت، بە تەواوەتی رەت کردووەتەوە و باسی لەوە کردووە، کە ئێمە بەپێی شەرعی ئیسلام بڕیار دەدەین.

زۆربەی هەرە زۆری وڵاتە ئایین تەوەرەکان، لە ڕیزی پێشێلکارانی مافی مرۆڤن و ئینسانەکان لەو وڵاتانەدا بۆیان نییە ئازادی تاکەکەسیان هەبێت و خۆیان بڕیاردەری مافەکانی خۆیان بن، بەڵکوو دین بۆیان دیاری دەکات، کە چۆن هەلسووکەوت بکەن.

لە درێژەدا لاریجانی ڕایگەیاندووە: کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی ئێران بکەن و باسی لەوە کردووە، کە هاتنی ئەو نوێنەرانە هاتنی نالەباریی و گەندەڵی بۆ ئێرانە.

لە ئێستادا کە مرۆڤ بڕیاردەری ژیانی خۆیە و لەژێر سیبەری یاسا و دێموکراسی ئازادییەکانیان پەرەی سەندووە و خەڵک دیاریکەر و دەورگێڕی بڕیاری حکوومەتەکانن، بەداخەوە لە وڵاتە ئایین تەوەرەکاندا بەتایبەت لە ئێراندا تاکەکان هیچ ئیرادەیەکیان بۆ ژیانی خۆیان نییە و دەستی سێهەم ئایینی ئاخوندەکان بۆیان دیاری دەکات کە چۆن بژین.

رێژیمی دیکتاتۆری ئاخوندیی ئێران، بە بەردەوامی بە دژی یاسا جیهانییەکان ڕادەوستێت و پێشێلیان دەکات و لەگەڵ خەڵک وەکوو کۆیلە هەلسووکەوت دەکات و بە بەردەوامی بەڵێنی ژیانیکی خۆش لە ڕۆژی پەسڵان بە خەڵک دەدات.