کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەیانەت بە نەخۆشە کەم‌داهاتەکان لە ژێر سێبەری کۆماری ئیسلامی

20:37 - 4 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: دابەش کردنی نادادپەروەرانەی سڵامەتی و هەڵاواردن و خەیانەت بە نەخۆشەکان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی گەیشتۆتە ئاستی قەیران.

رێژیمی ئێران لە ڕوانگەی کۆمەڵاییەتییەوە خەڵکی خۆی بە شارۆمەندانی پلە یەک و دوو و سێ دابەش کردووە واتە نەتەوە غەیرە فارسەکان بە شارۆمەندانی پلە دوو و سێ دادەنێ و لە ڕوانگەی جوغرافیایی_نەتەوەییەوە، جگە لە جوغرافیای نەتەوەی فارس و بەشێک لە ناوچەکانی کە بوونەتە ئامرازی دەستی دەسەڵاتدارانی تاران، بە ناوچە بێبەشکراوەکان و شوێنە شەڕلێدراوەکان دادەنێ کە ئەوەش بۆتە هۆکارێک بۆ هەڵاواردنی نەتەوە غەیرە فارسەکان.

لەو نێوەدا بەشی دەرمان و سڵامەتی کە نەدەبا هیچ هەڵاواردنێکی تێدا بایە لەلایەن ڕێژیمەوە زەختێکی بەرچاوی لەسەرە و وای کردووە کە لە ناوچە شەڕ لێدراوەکانی ئێران کە نەتەوە پلە دوو و سێیەکانی ئێرانی تێدا دەژین سڵامەتی بکەوێتە ئاستی قەیران و ڕۆژانە بەشێکی بەرچاو لە هاووڵاتیانی سەر بە نەتەوەکانی ئێران ژیانیان بکەوێتە مەترسییەوە.
نموونەیەکی بەرچاوی نادادپەروەری سڵامەتی و هەڵاواردن، مردنی دایکان لە کاتی منداڵ بوون لە ناوچە بێبەشکراوەکانی ئێرانە.

نموونەیەکی بەرچاوی دیکە، کەسانی تووش بوو بە ماددە هۆشبەرەکانن، هیندێک سەرچاوەی فەرمی دەڵێن زیاتر لە سێ میلیۆن کەس لە ئێراندا تووشی ماددە هۆشبەرەکان بوون بەڵام سەرچاوە غەیرە فەرمییەکان باس لە زیاتر لە دە میلیۆن کەسی تووشبوو بە ماددەی هۆشبەر دەکەن.
وڵاتی پر داهاتی ئێران پلەی ١٠٦ی هەیە لە نێوان ١٩٥ وڵات لە ئاستی هیوا بە ژیان؛ ئەوەش بەو واتایە دێت کە داهاتی وڵات بۆ دابین کردنی سڵامەتی لە ئاستێکی قەیراناویدایە.

هەر بەپێی سەرچاوەکان ڕۆژانە ئەو کەسانەی بە ڕووداوی هات‌وچۆ گیانیان لەدەست دەدەن زیاترە لەو کەسانەی کە ڕۆژانە لە شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق کوژراون.

دوای ئابلۆقە ئابوورییەکان بۆسەر ڕێژیمی تاران دابین کردنی دەرمان، کێشەی سەرەکی بۆ خەڵکی ئێران ساز کرد و ڕێژیم ئەو دەرمانانەی کە لە ڕێگای قاچاخ هاوردەی دەکرد لە نێوان شارۆمەندانی (وەک خۆی دەڵێ) پلە یەک و ناوچە پلە یەکەکان واتە نەتەوەی فارس دابەشی کردووە و ناوچە بێبەشکراوەکان و شارۆمەندانی پلە دوو و سێ بۆ دابین کردنی دەرمان دەبێ ڕێگایەکی دوور ببڕن و خۆیان بگەیێننە ئەو ناوچانەی خەڵکی پلە یەکی تێدا دەژی؛ دەنا دەبێ لە دەرمانی ئێرانی کە کوالێتی باشیان نییە کەڵک وەرگرن و ئەمەش هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر چارەسەری نەخۆشییەکان نییە.

لە ماوەی ڕابردوودا هەواڵی جۆراوجۆر و جێگەی داخ لە کوردستان بڵاو بۆتەوە کە جێگای تێڕامانن:

رۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢١ی رەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، کاتژمێر ٢:٤٠ خولەک تەقینەوەیەک لە نەخۆشخانەی زارای شاری میاندواو روویدا کە بووە هۆی کوژرانی هاووڵاتییەک و بریندار بوونی پێنج کەسی دیکە.

لەو تەقینەوەیەدا بەشی ICU نەخۆشخانە بە تەواوی لە نێو چووە و نەخۆشەکانیش ئاوریان تێبەربووە کە بووەتە هۆی مردنی یەک لەو نەخۆشانە و سووتانی پێنج کەسی دیکەیان.

بەباوەڕی کارناسان هۆکاری سەرەکی ڕوودانی ڕووداوگەلی لەم چەشنە بۆ کۆن و بێ‌کەڵک بوونی کەل‌وپەل و پێداویستییەکانی نەخۆشخانەکان دەگەڕێتەوە کە بە هۆی کەمتەرخەمی بەرپرسانی رێژیم هاتۆتە ئاراوە.

نموونەیەکی دیکە:

ژمارەیەک لە ژنانی شاری شنۆ، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر نەبوونی کەرەستە پێویستەکانی نەخۆشخانەی ئەو شارە نامەیەکەیان بڵاو کردووەتەوە و داوایان کردووە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەو شارە هەنگاوێک بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیه هەڵبگرن.

نەخۆشخانەی نەبی ئەکرەم هەتا ئێستا ژوورێکی تایبەتی بە کەرەستەی پێشکەوتوو بۆ منداڵبوون تێدا نییە و ژنان لە کاتی منداڵبووندا بۆ شاری نەغەدە بەڕێ دەکرێن و ئەمەش هەڕەشە لە گیانی ژنانی دووگیان دەکات.

لە لایەکی دیکەوە نەبوونی کادر و پزیشکی شارەزا و پسپۆڕ لەو نەخۆشخانەیە بووەتە گرفتێکی دیکە و بەو هۆیەوە هاووڵاتییان بە تەواوەتی لەو نەخۆشخانەیە هیوابڕاو بوون و تەنیا لە کاتی ناچاریدا سەردانی نەخۆشخانەی نەبی ئەکرەم دەکەن.

لە نموونەیەکی دیکەی گەندەڵی و خەیانەتەکان بە خەلکی کەم‌داهاتی ئێران، سەرۆکی یەکێک لە دەرمانخانەکانی شاری تاران نامەیەک بۆ پزشکی نەخۆشخانەیەک لەم شارە دەنووسێ و داوای لێدەکا کۆمەڵە دەرمانێک کە ماوەیان بەسەر دەچێت لە نوسخەی دەرمانی نەخۆشەکاندا بیاننووسێ تاکوو بەمشێوەیە خەسارە ئابوورییەکانیان کەم بکەنەوە واتە بە یاری‌کردن بە گیانی هاووڵاتییان.

ئەو نموونەگەلە باس لە قەیراناوی بوونی دۆخی سڵامەتی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامی تاران دەکەن؛ بەمشێوەیەش هەڕەشەی مردن و دابەزینی ئاستی سڵامەتی کۆمەڵگا لە ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت؛ ئەم نیشانانە بەو دەرەنجامەمان دەگەیێنێت کە بەردەوامی ئەم ڕەوتە لە داهاتوودا دەبێتە هۆی ڕوودانی ڕووداوگەلی دڵتەزێنتر و هەژێنەرتر لە ئێراندا و بەتایبەت لەو هەرێمانەی کە نەتەوەکانی ئێرانی تێدا دەژین.