کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی خامنەیی لە نزیک بوونەوەی ئامریکا لە حکوومەتی بەغداد

15:45 - 5 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکوەزیرانی عێراق پاش دیداری لەگەڵ ڕێبەرانی عەرەبستان و وەزیری دەرەوەی ئامریکا، بۆ ئێران سەفەری کرد و لەگەڵ ڕێبەری ڕێژیمی ئێران چاوپێکەوتنیان پێک هێنا.

حەیدەر عیبادی پاش چەند ڕۆژ لە دیداری لەگەڵ ڕێبەرانی عەرەبستان، لە ڕۆژی ٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، بۆ ئێران سەفەری کرد و لەگەڵ خامنەیی دانیشت، لەو چاوپێکەوتنە ڕێبەری ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کرد، کە وریای فرت و فێڵەکانی ئامریکا بن و هیچ کات بڕوا و متمانەی پێ مەکەن.

هەروەها خامنەیی لەسەر قسە و پێشنیارەکەی وەزیری دەرەوەی ئامریکا لەمەڕ دەرکردنی هێزە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، لە عێراقدا نیگەرانیی دەربڕی و ئەو هێزانەی بە هێزی خەڵک و لاوانی بەباوەڕ و بوێری عێراقــی پێناسە کرد و پشتیوانیی حکوومەتی عێراقی لەم هێزانە بە ڕەمزی دوایین سەرکەوتنەکانی حکوومەتی عێراق بە سەر تێرۆریستەکان و پشتیوانەکانی زانی.

ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە وتووێژی لەگەڵ عیبادی، لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە داعش لە لایەن ئامریکاوە دروست کراوە و ئامریکا بە خۆ نزیک کردنەوە لە حکوومەتی عێراق دەیەوێت دیسان زەبرێکی قورس لەو وڵاتە بدات.

خامنەیی هەروەها لە قسەکانیدا، لە هێرشی هێزە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر کوردستان، بۆ سەقامگیریی و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق پشتیوانیی کرد و وتوویە: وڵاتی عێراق وڵاتێکی چارەنووسساز و گرنگ لە ناو وڵاتانی عەرەب دایە.

هەر لەم پێوەندییەدا سەرکۆماری ئێران لە چاوپێکەتنی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، پشتیوانیی خۆی لە هێرشی بۆ سەر کوردستان دەربڕی و ئەم کردەوەیە بە تەگبیرێکی ژیرانەی حکوومەتی عێراق زانی، کە خۆیان لە تێکەڵچوون وشەڕ بواردووە و ڕێزیان لە مافەکانی خەڵکی ناوچەکە گرتووە.

حەسەن ڕۆحانی لە ناوەڕۆکی قسەکانی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پێداگریی لە مانەوەی هێزەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران کرد و ڕایگەیاند: کە ئێمە لە پێناوی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق و بەهێز کردنی یەکیەتیی و یەکڕیزیی خەڵکی عێراق لەگەڵ حکوومەت و خەڵکی عێراق دەمێنینەوە.

قسەکانی خامنەیی و ڕۆحانی لەم چاوپێکەوتنە، کە بە ڕواڵەتێکی دڵسۆزانە شاراوە بوو، بەڵام ناوەڕۆکیان جگە لە نەهامەتی و پەرەپێدان بە ئاژاوە و بشێوی بۆ خەڵکی عێراق هیچی دیکەی تێدا نییە، چونکە ئەو یەکپارچەیەی کە مەبەستی ڕێژیمی ئێرانە، تەنیا کاناڵێکە بۆ دروست کردنی سیاسەتی پێکهێنانی هیلالی شێعە و پەرەپێدان بە ئیمپراتوورییەتی پانفارسیزمی ئاخوندیی؛ دەنا ئەگەر هێرش کردن بۆ سەر کەرکووک و شارە کوردنشینەکانی باشوور بە قەوڵی حەسەنی ڕۆحانی کردەوەیەکی ژیرانە و دادپەروەرانە بووبێت، دەبێ لەمەوبەدوا هیتلێر و چەنگیزخان و هەموو خوێنرێژەکانی مێژوو وەکوو کەسە دادپەروەرە ژیرەکان لە قەڵەم بدرێت.