کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوارە بوونی ١٧٥ هەزار کەس لە شەڕی حکوومەتی بەغداد بە دژی هەرێمی کوردستان

15:58 - 6 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، زیاتر لە ١٧٥ هەزار کەس لە ماوەی ئەم یەک مانگەدا بە هۆی داسەپاندنی شەڕ بە سەر هەرێمی کوردستان ئاوارە بوون.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ شەممە ٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕایگەیاند، کە زیاتر لە ١٧٥ هەزار کەس لە پارێزگاکانی هەولێر و نەینەوا و دهۆک بە هۆی شەڕی داسەپاوە بە سەر هەرێمی کوردستان ئاوارە بوون.

دوای هێرشی حەشدی شەعبی بە پاڵپشتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەت تازەخورماتوو و کەرکووک خەڵکانێکی زۆر بەتایبەت هاووڵاتییانی کوردی ئەو ناوچانە لە ترسی کوشتن و تاڵان کردنیان ئاوارەی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بوون.

لە تازەخورماتوو و کەرکووک میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەستدرێژیان کردووەتە سەر ماڵی هاووڵاتییانی کورد و بەپێی ڕاپۆرتی هێندێک سەرچاوە، لە لایەن حەشدی شەعبییەوە زۆرێک لە هاووڵاتییانی کورد کوژراون و ئەوانەی کە نەکوژراون و بە دیل گیراون، دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەریان.

ئەوە لە حاڵێک دایە، ماوەی سێ ساڵ بوو هێزی پێشمەرگەی کوردستان کونتڕۆڵی ئەو ناوچانەی لەژێر دەستدا بووە و گیان و ماڵی هاووڵاتییانی بەبێ جیاوازی پاراستووە و تا ئێستە هیچ حاڵەتێکی تاوان لەسەر هێزی پێشمەرگە تۆمار نەکراوە.

دوای ئەو ڕووداوانە ئامریکا، جەماڵ ئیبراهیمی ناسراو بە ئەبوو مەهدی ئەلموهەندیس یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی حەشدی شەعبی بە تێرۆریست لە قەڵەم دا.

ڕێژیمی ئێران دەیەوێت هاوشێوەی سپای تێرۆریستی پاسداران کە کۆنتڕۆڵی وڵات و حکوومەتی ئێرانی بە دەستەوە گرتووە، حەشدی شەعبیش کونتڕۆڵی عێراق بە دەستەوە بگرێت و وڵاتی عێراق لە ڕێڕەوی خۆی بباتە دەرێ و وڵاتێکی دیکتاتۆری هاوشێوەی خۆی لێ دەربچێت.