کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میلیتاریزە کردنی شارەکانی کوردستان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت

14:35 - 7 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دژەگەلییەکانی ڕێژیمی ئێران، لە شاری مەهاباد دەستیان بە دروست کردنی سەنگەر کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی هەینی، هێزەکانی ڕێژیمی ئێران، لە شەقام و چوارڕێیانی شاری مەهاباد دەستیان کردووە بە سەنگەر دروست کردن و لە ڕێگایەوە دەیانەوێت خەڵکی ئەو شارە بترسێنن.

هەواڵە گەیشتووەکان لە شاری مەهاباد بە کوردستان میدیا باس لەوە دەکەن، کە بڕیارە لەم حەوتوویەدا کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان بۆ جاش و بەکرێگیراونی بەڕێوە ببەن.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، سپای پاسداران لە دانانی سەنگەر لە شەقام و چوارڕێیانی ئەو شارەدا، نیگەرانی دژکردەوەی خەڵکی شاری مەهاباد لە کردەوەکانی سپای پاسداران لە باشووری کوردستانن.

هەر لەو پەیوەندییەدا، هێزەکانی ڕێژیم ژمارەیەک چەکوچۆلی قورس و نیوە قورسیان هێناوە بۆ شاری سەقز و لەو شارە جێگیریان کردوون.

هاتنی حەشدی شەعبی بە یارمەتی و پشتیوانیی سپای پاسداران بۆ شاری کەرکووک و ناوچە کێشە لە سەرەکانی باشووری کوردستان، هاوخەمی هاووڵاتییانی شار و ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی لێ کەوتووتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەیکە سپای پاسداران لە ترسی خرۆشانی جەماوەری دەستی کردووە بە سەنگەر دروست کردن و خەڵکی پێ چاوترسێن دەکات.