کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندکارانی ناڕازی لە بەردەم چەندین زانکۆی ئێراندا کۆ بوونەوە

20:20 - 7 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: لە هەمبەر بەتایبەت کردنی خوێندن و زاڵ بوونی کەشی ئەمنییەتی لە زانکۆکان، خوێندکارانی ناڕازی کۆبوونەوەی ئێعترازییان پێک هێنا.

ڕۆژی ٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆی تاران، لە هەمبەر سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیم لە بواری خوێندن لە ئاستی باڵادا ناڕەزایەتییان دەربڕی.

خوێندکاران لە زانکۆی تاران زیاتر بە بۆنەی بەتایبەت کردنی کەرتی خوێندنی باڵا و بەپارەیی کردنی خوێندن لە زانکۆکان، ناڕازیەتییان دەردەبڕی.

هەروەها خوێندکاران خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی زانکۆی نێونەتەوەیی پەردیس بوون، کە بە وەرگرتنی پارەیەکی زۆر خوێندکار وەر دەگرێت.

بەشێکی دیکەی ناڕەزایەتییەکانی خوێندکاران بە هۆی هەڵبژاردنی مەنسوور غوڵامی بۆ پۆستی وەزارەتی زانست بوو، کە کەسایەتی ناوبراو بە شیاوی ئەو بەرپرسایەتییە نازانن و لەگەڵ بەڵێنییەکانی ڕۆحانی بۆ کراوەتر کردنی بەستێنی زانکۆکان یەک ناگرنەوە، چونکە غوڵامی بە کەسێکی ئەمنییەتی دەناسن.

شایانی باسە لە زانکۆکانی سەنعەتی شەریف، خاجە نەسیر و بەهەشتی و هەروەها زانکۆی کرماشانیش کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لەم چەشنە بەڕێوە چووە.

خوێندکاران لەم کۆبوونەوەیەدا لە هەمبەر سیاسەتی بەرپرسانی ڕێژیم لە بواری خوێندنی باڵا و زانکۆکان ئەم دروشمانەیان دەگوتەوە: ئامانجی ئەم وەزارەتە/ زانستە یان تیجارەتە؟، زانکۆوە پووڵ هەڵکێشەکان / چەوسێنەری زەحمەتکێشەکان، دەوڵەتی ئیعتداڵی / سفرەکەمان بووە خاڵی، ئەمنییەتی شەرم بکە / زانکۆکان ڕزگار بکە.