کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەسعوود بارزانی وەک پێشمەرگەیەک درێژە بە کاری سیاسی دەدات

14:32 - 8 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی باشوور لە پەیامێکی مێژووییدا دەستی لە کار کێشایەوە.

هەواڵدەرییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویان کردەوە، کە شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی باشوور بە فەرمی دەستی لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەڵگرت و دەسەڵاتەکەی دابەش کرد.

مەسعوود بارزانی، سەرەڕای ئەوەیکه ماوەی سەرۆکایەتییەکی بۆ ٨ مانگی دیکە درێژ کرایەوە، بەڵام ناوبراو ئەو بڕیارەی ڕەت کردەوە.

ناوبراو باسی لەوە کرد: کە وەک پێشمەرگە، لە ناو جەماوەری گەلەکەمان و پێشمەرگە ئازیزەکان لە خەبات و تێکۆشان بۆ بەدی ھێنانی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان و پارێزگاری کردن لە دەسکەوتەکانی میللەتەکەمان بەردەوام دەبم.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد: کە ئێمه‌ وامانزانى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ڕێز له‌ قوربانی دانى كورد ده‌گرێت و به‌غدادیش وه‌فاى ده‌بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ بينيمان هه‌ر له‌و وه‌خته‌وه‌ هه‌موو هه‌وڵيان ئه‌وه‌ بوو، ئه‌و هه‌له‌ بقۆزنه‌وه‌.

بارزانی باسی لەوەش کرد، ئه‌وانه‌ى ئا‌مريكا به‌ تێرۆريست ناويان ده‌بات، بێن و سوارى تانكى ئه‌برامز بن و په‌لامارى كوردستان بده‌ن، خۆی جێگای پرسیاره!

هەروەها ناوبراو نیسبەت بە دۆخی ئیستای کوردستان باسی لەوە کرد، کە مومكين نييه‌ ئه‌م وه‌زعه‌ى ئێستا قبووڵ بكرێت و كه‌ركووك ناسنامه‌ى كوردستانييه‌ و مردن هه‌ڵده‌بژێرين، ناهێڵين كه‌رامه‌تى ئێمه‌ بشكێت.

دەست لە کار هەڵگرتن بە هیچ شێوەیەک بابەتێکی خۆش نییه و ئەوەش هونەرێکە کە کەم کەس لە ژیانیدا دەیخاتە ڕوو، مەسعوود بارزانی یەکێک لە ڕێبەرانی کورد لە ناوچەیەک بە نێوی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست یەکەم کەس بووه، کە دەستی لە پۆستێکی گەورە وەک ڕێبەری وڵاتێک بە شێوەی دێموکراتیک هەڵگرت و تەنانەت ئیزنی نەدا کە ئەندامانی بنەماڵەکەشی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی باشوور بەربژێر بکەن.

مەسعوود مستەفا بارزانی، ١٦ی ئابی ١٩٤٦، لە شاری مەھاباد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لەدایک بووە و لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستاندا، لە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٠٥ وەکوو یەکەمین سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە لایەن ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستانی باشوور ھەڵبژێردرا.