کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی ئێران ئاخوندەکانی ڕێژیم وەک هێمای زوڵم و بێدادی دەبینن

14:21 - 9 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران ئاخوندەکانی سەر بە ڕێژیم وەک هێمای سەرباشقەی زوڵم و جینایەت و نادادپەروەری دەبینن و بە هۆکاری سەرەکی دۆخی شپڕێوی ئابووری و سیاسی و کۆمەلایەتی خۆیانی لەقەڵەم دەدەن.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران، لاوانی وەزاڵەهاتوو بەدەست زوڵم و زۆرییەکانی ڕێژیم هێرش دەکەنە سەر ئاخوندەکان کە بە سەرباشقەی گەندەڵی و ڕاوڕووت و تاڵانکارییەکان لە ئێران دەژمێردرێن.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم لە شارەکانی نیشابور، مەشهەد، رەشت، گیلان، شەهمیرزادی سمنان، نەهاوەند، تاران و چەندین شاری دیکە خەڵکی وەزاڵەهاتوو لەدەس بێدادی و زوڵمە سیستماتیکەکانی ئاخوندەکان هێرشیان کردووەتە سەر ئەم مۆرە بەدناوانەی ڕێژیم و لێیان داون.

ناوی بەشێک لەم ئاخوندانە کە لەلایەن هەواڵدەرییەکانی رێژیمەوە بڵاو کراوەتەوە بەم چەشنەیە: ئاخوند سەید عەلی بێهێشتی لە مەهدیشەهر، سەید مەحمود مۆستەفەوی لە تاران، فەرزاد فروزش لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاران، عەلی ئەکبەر خەیرئەندیش لە نەیشابور.

هەر لەمبارەوە ئاخوند هادی غەفاری کە لەسەرەتای بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی ڕێژیم بە یەکێک لە توندڕەوترین ئاخوندەکانی ڕێژیم دەناسرا و ئێستا هەوڵ دەدات بەرگی میانەرۆیی بپۆشێ سەبارەت بەم ڕووداوانە بە ڕۆژنامەی آرمانی گووتووە: هۆکاری سەرەکی هێرش‌کردنە سەر ئاخوندەکان لەلایەن خەڵکی ئاساییەوە دەگەرێتەوە بۆ برسیەتی و نەداری و بێدەرەتانی کە لە شوێنی خۆیاندا دین و ئیمانی لێ ئەستاندوون و توێژی ئاخوند لە ئێران کە دەسەڵاتی سیاسییان بە دەستەوەیە بە هۆکاری سەرەکی کیشە و ئاریشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان دەزانن.

بەوتەی ناوبراو کۆمەلگای ئێران باوەڕی بە دین و مەزهەب و ئاخوندەکان نەماوە؛ هەر کەسێکیش ئەم چەشنە کردارانە بە بێگانەوە ببەستێتەوە ئەوا دەیهەوێ ئەسڵی پرسەکە بشارێتەوە.

غەفاری وتوویەتی: ڕەگ‌وڕیشەی سەرەکی دیاردەی هێرش بۆ سەر ئاخوندەکان بریتییە لە کێشە سیاسی، فەرهەنگی، ئابووریی و کۆمەلایەتییەکانی نێو وڵات کە لە ئێراندا کەڵەکە بوونەتە سەر یەک و وەک گرێ‌پووچکەیان لێهاتووە و تاوناتاوێ لە شوێنێکی ئەم وڵاتە خۆی بەشێوەی هێرش بۆسەر ئاخوندەکان دەخاتەڕوو.

ناوبراو وەک بەڵگە بۆ قسەکانی خۆی دەڵێ: ئێوە بچن بەراوردی بکەن بزانن خەڵک لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا چەندە لە دین و بەجێ‌گەیاندنی بڕیارە مەزهەبی و دینییەکان دوور کەوتووەتەوە! بۆچی؟

لەبەر ئەوەیکە خەڵک بۆیان ڕوون بۆتەوە کە ئاخوندەکان و کاری ئاخوند بووەتە دوکانێک لەمەڕ وەدەست‌خستنی داهاتی تاکەکەسی زیاتر هەر بۆیە ئەم توێژە کە سەردەمانێک خاوەنی جێگە و پێگە و ڕێز بوون، ئێستا بوونەتە چینێکی پەراوێزخراو کە خەڵک وەک شارلاتان دەیانناسن.