کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٩ سیخوڕی ئێرانی لە بەحرەین گیران

15:40 - 9 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: دادگای بەحرەین ١٩ کەس لە شێعەکانی ئەو وڵاتەی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئێران دەسبەسەر کرد.

دادگایەکی بەحرەین لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند، ١٩ کەس لە هاووڵاتیانی شێعەی ئەو وڵاتەی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان و هەوڵدان بۆ ڕووخانی حکوومەتی بەحرەین دەسبەسەر کردووە و حوکمی جیاجیای بۆیان دەرکردووە.

لەو ڕاگەیندراوەدا هاتووە، کە ئەو کەسانە زانیارییەکی زۆر نهێنیان بە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان داوە و ئەو دوو گرووپە کەرەستەگەلێکی گرینگیان بەو کەسانە داوە.

دادگای بەحرەین لەو ڕاگەیندراوەدا ئەوەشی زیاد کردووە، ئەو کەسانە ژووری تاکەکەسیان ساز کردووە و میلیشیاکانی بەحرەینی سەر بە ڕێژیمی ئێرانیان هانداوە تا لە دژی حکوومەتی ئەو وڵاتە ئاژاوە بگێڕن؛ هەروەها دادستان وتوویەتی: کەسە مەحکوومەکان ئەندامانی گرووپی ئۆلفا بوون، کە بە وتەی بەرپرسانی بەحرەینی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانن.

لە ڕاگەیندراوەکەدا هاتووە: لە کۆی ئەو ١٩ کەسە گیراوە، ٨ کەسیان بە زیندانی هەتاهەتایی، ٩ کەسیان بە پازدە ساڵ زیندان و ٢ کەسی دیکەشیان بە ١٠ ساڵ زیندان مەحکووم کراون؛ هەروەها مافی هاووڵاتی بوون لە ١٥ کەسیان وەرگیراوەتەوە.

گیرانی ئەو کەسانە لە پێناو سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران و سپای پاسداران لە حاڵێک دایە، کە بەرپرسانی ڕێژیم و سپای تێرۆریستی پاسداران هیچ بایەخێک بە خەڵکی خۆیان نادەن، هەتا بە خەڵکی بەحرەین و یەمەن و قەتەر بایەخ بدەن، تەنیا شتێک بۆ رێژیمی تاران گرینگە سەرکەوتنی ئیدۆلۆژییەکەیانە.