کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداری نەکردنی شاندی ڕێژیمی ئێران، لە کونفڕانسی وزەی ناوکیی

15:42 - 9 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران لە کونفڕانسی وزەی ناوکیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ئەبووزەبی بەڕێوە چوو، بەشداری نەکرد.

کونفڕانسی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، لە ژێر ناوی وزەی ناوکیی لە سەدەی ٢١دا لە ڕۆژی ٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، لە پێتەختی ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی، لە ئاستی وەزیری وڵاتەکان بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵدەریی ئعتماد ئانلاین و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، لەم بارەوە ڕایگەیاندووە، هۆکاری بەشداریی نەکردنی شاندی ڕێژیم لەم کونفڕانسەدا نەدانی ڤیزا بە شاندی ئێرانیی، لە لایەن وڵاتی ئەماراتە.

هەر لەم پێوەندییە هەواڵدەریی ئاسۆشیتدپرێس ڕایگەیاندووە، کە شاندی ئێرانی یەکەم جارە کە لەم کونفڕانسە بەشداریی ناکەن.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێرانیش ڕایگەیاندووە، کە لە بارەی ئەم بڕیارەدا هیچ زانیارییەکی نییە.

ئەم هەواڵە دژیەکییانەی بەرپرسانی ڕێژیم لەم بارەوە لە حاڵێک دایە، کە شوێنی شاندی ئێرانیی لەو کونفڕانسەکە لە وێنەکاندا دەرکەوتووە و تەنانەت میزەکەیان لە تەنیشت میزی وڵاتی ئیسرائیلەوە بۆ دیاری کراوە.

هەروەها هەواڵدەریی ئاسۆشیتدپرێس باسی لەوە کردووە، کە یووکیا ئامانۆ سەرۆکی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، کە لە پێوەندیی بەرنامەی بەرجام بۆ ئێران سەفەری کردبوو، لە دانیشتنێکی لاوەکیی ئەم کونفڕانسەدا ئامادە نەبووە لەم بارەوە هیچ زانیارییەک بە دەستەوە بدات، تەنیا ئەوەی وتووە: ئەم بڕیارە پێوەندی بە خۆدی ئێرانەوە هەیە.

زۆربەی وڵاتانی عەرەبی دەوروبەری کەنداو، لەسەر ئەوەیکە پاش هەڵگرتنی ئابڵۆقەکان لە سەر ئێران پارەیەکی زۆر بۆ ڕێژیمی ئێران گەڕاوەتەوە، تواناییەکانی ئەو ڕێژیمەی لە پشتیوانی کردنی لە حکوومەتی بەشارئەسەد و میلیشیا شێعەکان لە عێراق زیاتر کردووە و ئەم کارەیان بە هەڵەیەکی بەرچاو لە قەڵەم داوە.