کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی ڕێژیمی ئێران درێژ کردەوە

14:53 - 10 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا گەمارۆ ئابوورییە پەسندکراوەکانی پێشوو کە بە دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پەسند کرابوون، درێژ کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، واشنتۆن لە بڕێارێکدا یاسای ناسراو بە کاتسا (بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دوژمنانی ئامریکا لە ڕێگای گەمارۆ) لیستەیەک لە بەرپرسان و کۆمپانیا ئێرانییەکان کە لەگەڵ سپای تێرۆریستی پاسداران هاوکارییان هەیە، خستە ناو گەمارۆ ئابوورییەکان.

یاسای کاتسا (بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دوژمنانی ئامریکا لە ڕێگای گەمارۆ) بەتایبەتی دژی ڕێژیمی ئێران و کورەی باکوور جێبەجێ دەکرێت. ئەو بڕیارە ڕێکەوتی ١١ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە زۆرینەی دەنگ لە هەر دوو مەجلیسی نوێنەران و سێنای ئامریکا پەسند کرا.

بەپێی یاسای کاتسا دارایی ئەو کەس و کۆمپانیانە لە ئامریکا داخراوە و هیچ ئامریکاییەک مافی مامەڵەی لەگەڵ ئەو کەسانەش نییه و هەروەها ئەو کەسە ناتوانێت بێتە نێو خاکی ئامریکاش.

دوای ئەو بڕیارەی ئامریکا پاسداری تێرۆریست جەعفەری فەرماندەی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە گوتی: ئامریکا بە بیانووی هێزی مووشەکیی ئێمە، گەڵاڵەیەکی بە نێوی کاتسا دژی سپای پاسداران جێبەجێ کردووە.
ناوبراو باسی لەوە کرد کە ئێمە لە هێزی مووشەکیی خۆمان وەک نامووسی خۆمان بەرگری دەکەین.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا لە بەیانییەیەکدا بڵاوی کردووەتەوە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئیران پشتیوانی لە تێرۆریزم دەکات.

ئەو کەسانەی کە گەمارۆیان دژی درێژ کراوەتەوە بریتین لە محەممەدعەلی جەعفەری، یەحیا ڕەحیم سەفەوی، ڕۆستەم قاسمی، محەممەد حیجازی، پەرویز فەتاح، مورتزا ڕەزایی، عەبدوڵڵا عیراقی، عەلی‌ئەکبەر ئەحمەدیان، محەممەدڕەزا نەقدی، حوسێن تائب، حوسێن سەلیمی و ئەحمەد فرووزەنده.

هەروەها کۆمپانیا و دامەزراوەکانی وەک قەرارگای سازەندگی قائم، دامەزراوەی مهندسین مشاور ایمن‌سازان، کۆمپانیای حەرا، دامەزراوەی مهندسی فاطر، هێزی بەرگریی بەسیج، زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی بقیەاللە، بونیادی تعاون سپاە، قەرارگای سازندگی قرب کربلا، هێزی هوا فضا سپاە، زانکۆی ئیمام حوسێن، بانکی مێهر، دامەزراوەی رهاب، دامەزراوەی سەرمایه‌گذاری مهر ایرانیان، کۆمپانیای صنعت دریایی ایران، دامەزراوەی راه ساحل، کۆمپانیای تهران‌گسترش، کۆمپانیای مهندسی نفت و گاز سپانیر، کۆمپانیای فناوری آبهای عمیق و دامەزراوەی خودکفایی هوافضای سپاه لە لیستی گەمارۆکانی ئامریکادا جێگایان گرتووە.