کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باندی لاریجانی و ڕوحانی نەیانتوانی ترسی خۆیان لە چارەنووسی ڕێژیمەکەیان بشارنەوە

15:08 - 10 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: دوابەدوای پەسندکردنی خولی نوێی تەحریمەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی تاران، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە نێوان سەرکردەی ٣ هێزی یاسادانان، جێبەجێکار و قەزایی بەڕێوەچوو.

لەم کۆبوونەوەیەدا سەرکردەی باندەکانی دەسەڵات بەشێوەی هاوبەش هۆشدارییان دا لەمەڕ تەحریمە نوێیەکان و وەک بڵیی لە ئێستادا گومانێک بەنیسبەت داهاتوو و چارەنووس لەلای خەڵک بوونی نییە، ڕایانگەیاند: ترامپ دەیهەوێ دڵەڕاوکێ بخزێنێتە نێو ئابووریی ڕێژیم و بەم پیلانە خەڵک لە بەرامبەر داهاتووی ئابووری و پێشکەوتنی وڵات تووشی گومان و شک بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژنامەی آرمان لەمبارەوە بلاوی کردۆتەوە، لەم دانیشتنە سێ‌قۆڵییەدا ڕوحانی وتوویەتی: ناهۆمێدکردن و هیوابڕاو کردنی خەڵک بەتایبەت توێژی لاوان بەرامبەر بە داهاتووی وڵات لەباری ئابوورییەوە سەرەکیترین هۆکاری چوونەسەری خەسارە کۆمەلایەتییەکانە بۆیە پێویستە کە ئێمە خەڵک بۆ داهاتوویەکی گەش هیوادار بکەین.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی اطلاعات لەمبارەوە عەلی لاریجانی وتوویەتی: ئامانجی سەرەکی ئامریکاییەکان لە فازی نوێی گەمارۆکان بریتییە لە درووست کردنی ترس لای سەرمایەدانەرانی نێوخۆیی و دەرەکی بۆ کشانەوە لە دانانی سەرمایەکانییان لە ئێراندا.

ئەم قسە پڕاوپڕ لە ترسانە لە کاتێکدا دەدرکێن کە وەک لە نێوەڕۆکی ڕێژیم و ڕابردووەکەی دیارە، بەشێکن لە چەواشەکارییەکانی ڕێژیم کە ئامانجی خۆڵ لە چاوی خەڵک کردنە، دەنا کێ هەیە لە ئێراندا کە نەزانێ جگە لە ئاغازادە و تاڵانچییەکانی سپای پاسداران و ئەو کەسانەی کە دەستیان لەگەڵ ڕێژیم لە کاسەیەکدایە هیچ توێژێکی دیکە لە ئێران گەش‌بین نییە بە داهاتوو و چارەنووسی وڵات جا چ لەباری ئابوورییەوە بێت یان ڕەهەندەکانی دیکە.

ڕێکەوتی ٩ی خەزەڵوەر وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا بە جێبەجێ کردنی کاتسا زیاتر لە ٤٠ بەرپرس و دامەزراوە و کۆمپانیای سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانی تەحریم کرد کە ئەمە زیانێکی بەرچاو بە هەیکەلی ئۆختاپوسی سپا دەگەیەنێ.