کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی سایبری ڕێژیمی ئێران و ئیسرائیل

15:34 - 10 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی تاران، جیا لە پەرەپێدان بە چالاکییە نیزامی و تێرۆریستیەکانی لە ناوچەکە و جیهاندا، خەریکی پەرەپێدان بە چالاکی سایبرییە و هێرشی سایبری بۆ سەر وڵاتانی جیهان، بەتایبەت ئامریکا و ئیسرائیلی دەست پێکردووە.

ژنرال ناداو پادان، لە بەرپرسانی ئەمنییەتی ئیسرائیل لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ڕویترز، ڕایگەیاندووە: ڕۆژانە ئەرتەشی ئەم وڵاتە لەگەڵ هەزاران هێرشی سایبری بەرەوڕوو دەبێتەوە، کە لە لایەن رێژیمی ئێرانەوە دەکرێت.

ڕێژیمی تاران، بە ئاشکرا دژایەتی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل ڕاگەیاندووە و بە بەردەوامی دروشمی لەناوبردنی ئیسرائیل دەدات و لەو پێناوە تێدەکۆشێت.

ناداو پادان، لە درێژەدا باسی لەوە کردووە، کە ڕێژیمی ئێران بە پاڵپشتی کردن لە گرووپی تێرۆریستی حیزبوڵڵا هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل، هەروەها زیادی کردووە کە تیرۆریستە سایبرییەکانی ئێران، بەڕۆژ نین و توانای سایبریان زۆر لاوازە، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ خەریکن چاکتر دەبن.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، زۆرجار لە لایەن هەندێک لە وڵاتانی جیهان لە سەر هێرشی سایبری تاوانبار کراوە، بەڵام ڕێژیمی ئێران لە هەمبەر ئەم تاوانانە بێدەنگ دەبێت و هێرشەکانی بە ئەستۆ ناگرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای ئەمنییەتی فایرئای، هەکێرەکانی ڕێژیمی ئێران لە هێرش کردن بۆ سەر کۆمپانیا پترۆشیمییەکان و هەوافەزای عەرەبستان و وڵاتە ڕۆژئاواییەکان دەستیان هەبووە و لە هەمبەر بەهێز بوونی سیخوڕیی سایبری ئەم ڕێژیمە هۆشداری داوە.

هەروەها دانڵدترامپ، تارانی بەوە تاوانبار کردووە، کە ئەم ڕێژیمە هێرشی سایبری بۆ سەر سیستمی ماڵی و نیزامی ئامریکا کردووە.

ناداو پادان، ژنراڵی ئیسرائیلی، لە درێژەدا باسی لەوە کردووە، کە چاوەدێری بە سەر بەرنامە ئینترنتییەکانی ڕێژیم ئێران دەکەن و زۆرجاریش هێرش دەکەنە سەر بەرنامە ئینترنتییەکانیان و دایاندەخەن.

ئیسرائیل بە هاوکاری ڕێکخراوی ئیتلاعاتیی ئامریکا، لە ساڵی ٢٠١٠ی زایینی، بە چاک کردنی ویروسی ستاکس نت هێرشیان بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران کرد.