کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرژییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغداد توندتر دەبێت

14:18 - 11 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگه‌یەندراوێكدا ئیددعای فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراقی ڕەت کردەوە.

هەواڵدەرییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویان کردەوە، که وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیددعای فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراقی ڕەت کردەوە.

فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاندبوو: کە ڕێککەوتن لەگەڵ شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان کراوه.

وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو ڕوونکردنەوەیەدا بڵاوی کردووەتەوە، کە پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی بەرگری کردن لە مافە دەستووری و ڕەواکانی گەلی کوردستان دایە.

لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، کە ڕاگەیندراوەکەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە ڕاستی بە دوورە و ئاماژەی بەوە داوە، لە لایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، نامەیەک وەکوو وڵام لە بەرانبەر پێشنیارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەستاندنی شەڕ و دەسپێکردنی گفتوگۆی سیاسیی جیددی لەسەر بنەمای دەستووری عێراق و بە مەبەستی چارەسەر کردنی تەواوی کێشە هەڵپەسێردراوەکان وەکوو: شەڕی نادەستووری و سەپێندراو بەسەر پێشمەرگە و گەلی کوردستان بە دەستمان گەیشتووە.

وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەی دووپات کردووەتەوە کە پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی بەرگری کردن لە ئیرادە و کەرامەتی ملیۆنان ڕۆڵەی گەلی کوردستان و ژیان و موڵک و ماڵ و شەرەفیان دایە و نایەوێت چارەنووسی ئەو خەڵکەش هاوشێوەی (خورماتوو، داقووق، کەرکووک و ناوچەکانی دیکە)ـی لێ بێت. لە هەمان کاتدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای دانوستان و چارەسەر کردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆی سیاسییانە دەکات.