کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاران لە تەنگەتاوییا هانای بۆ کرێملین برد

14:38 - 11 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڤێلادیمێر پووتین، عەلی خامنەیی داوای لە ڕووسیە کرد کە بۆ کەم‌کردنەوەی کاریگەری تەحریمەکانی ئامریکا هاوکاری تاران بکات.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان؛ ڕێبەری ڕێژیم ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١ی نۆڤامبر بە پووتینی ڕاگەیاندووە: تاران ئامادەیە بۆ پەرەدان بە هاوکارییەکانی نێوانیان هەموو کارێک بکات.

هەر چەند تا ئێستا باس لە وردەکارییەکانی ئەم هاوکارییانە نەکراوە بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ڕێژیمی تاران وەک دۆڕاوێکی سیاسی لەگەڵ کرێملین‌دا مامەڵەی کردووە و لە بری هاوکارییە لۆژستیکی و سیاسی و سەربازییەکانی ڕووسیە بەدڵنیاییەوە چەندین ئیمتیازی گرینگی بە مۆسکۆ داوە.

هەر لەمبارەوە ئەسەدوڵا عەسکەرئەولادی، سەرۆکی ژوری بازرگانی ئێران و چین و ئێران و ڕوسیە، بە ڕۆژنامەی اعتمادی وتووە: تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا و لە بیاڤی بازرگانیدا ئێمە بەرامبەر بە ڕووسیە دۆڕاین، بەو واتایە کە لە بەرامبەر هەناردەکردنی ٤٠٠ میلیۆن دۆلار شتومەک، ١ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن دۆلار کەل‌وپەلمان هاوردەی ئێران کردووە؛ بەواتایەکی دیکە لە کۆی ئاڵووێری بازرگانیمان لەگەڵ ڕووسیە ٨٠%ی ئەم ئاڵووێرە بریتی بووە لە هاوردەکردن کە ئەمە تەنیا قازانجی ڕووسیەی بەدوای خۆیدا هێناوە.

بەشێکی دیکەش لە چاودێران پێیان وایە ئەم چەشنە هەوڵانەی ڕێژیم بۆ بەهێزتر کردنی بەرەی دژ بە ئامریکا لە ناوچەدایە کە هاوپەیمانەکانی تاران تەنیا بە مەرجی وەرگرتنی ئیمتیازی ئابووریی ئامادەن لەگەڵ تاران بکەون.

ئەمەش دوای ئەوە هاتۆتە ئاراوە کە ئامریکا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا یاسای کاتسای پەسند کرد کە بەهۆیەوە هەموو ئەو لایەنانەی کە دوژمنایەتی ئامریکا دەکەن لەوانەش تاران و مۆسکۆ دەکەونە لیستەی تەحریمەکانی واشەنگتۆنەوە.