کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دیسان لە مامەڵە بازرگانییەکان زەرەری کردووە

20:27 - 11 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: تەرازی بازرگانیی ئێران بە پێشکەوتنی هاوردەکان لە هەناردەکان، دیسان نەرێنی بووە و بەم پێیە ڕێژیمی ئێران زەرەرمەندی ناوچەکەیە.

بەپێی ئامارە بازرگانییەکانی دەرەوەی ئێران، لە ٧ مانگی سەرەتای ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، تەرازی بازرگانیی ڕێژیمی ئێران بە ٣ میلیارد و ١٠٠ میلیۆن دولار نەرێنی نرخێندراوە.

نەرێنی بوونی تەرازی بازرگانیی ئێران لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩٦ لە حاڵێک دایە، کە لە سەرەتای مانگی ڕەزبەر ڕاگەیەندرا کە ڕادەی هاوردە ١٥% زیادی کردووە و ڕادەی هەناردە ٣% دابەزیوە و تا کۆتایی خەرمانانی ئەمساڵ ٤ میلیارد دولار نەرێنی بووە.

نەرێنی بوونی تەرازی ئێران لە بواری بازرگانییە دەرەکییەکانی لە حاڵێک دایە، کە زیاتری هاوردەی ئێران لە ڕێگای قاچاغەوە بووە و ئەگەر ئەو ڕێژە دراوە لەو مامەڵانەدا لەبەر چاو بگیرێت، بێگومان ڕادەی تەرازی بازرگانیی ئێران گۆڕانێکی بەرچاوی بەسەردا دێت و بارودۆخەکە لەوەش خراپتر دەبێت.

بارودۆخی خراپی ئابووریی ڕێژیمی ئێران زۆر بەرچاوە و سەندووقی نێونەتەوەیی دراو لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا باسی لەوە کردووە، کە گەشەی ئابووریی ئێران کەم بووەتەوە و نرخی هەڵاوسان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.

لە ڕاپۆرتی سەندووقی نێونەتەوەیی دراو، ئاماژە بە چاکسازی نیزامی بانکی ئێران کراوە و پسپۆڕان باسیان لەوە کردووە، کە ئەو چاکسازییە نیازمەندی دابین کردنی دووبارەی سەرمایە و نوێ کردنەوەی پێکهاتەیە.

بارودۆخی ئابووریی ڕێژیمی ئێران، دوای ئابڵۆقە ئابوورییەکانی ئێران لە لایەن ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی ئیفلیج بووە و بە ئابوورییەکی نەخۆش پێناسە دەکڕێت کە نیازمەندی دابین کردنی سەرمایە و پێکهاتەیەکی نوێیە، بەڵام بەو بارودۆخە خراپەی کە ڕێژیمی ئێران لە بواری سیاسییەوە بۆ خۆی ساز کردووە و دەست پێکردنەوەی ئابڵۆقە ئابوورییەکان و یارمەتییە ماڵییەکانی ڕێژیمی ئێران لە پەرەپیدان بە تێرۆر، باشتر بوونی ئابووری ئێران چاوەڕوان ناکرێت.