کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە بواری کار ٤ پلەی دیکە دابەزی

14:24 - 12 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: پلەی ئێران لە پلەبەندیی فەزای کاسبی و کاردا لە نێوان ١٩٠ وڵاتی جیهان، لە پلەی ١٢٠ بۆ ١٢٤ دابەزی.

بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی بانکی جیهانیی کە لەژێر ناوی \'\'ڕاپۆرتی فەزای کار و کاسبیی ٢٠١٨ لە نێوان ١٩٠ وڵاتی جیهاندا، لەبارەی ئاسانگیریی چالاکییە ئابوورییەکان و دۆخی فەزای کار و کاسبی ئەنجام دراوە، ڕێژیمی ئێران ٤ پلە دابەزیوە.

دابەزینی ٤ پلە لەو بوارەدا دەرخەری دۆخی نالەباری ئابووری بە هۆی مەندیی ئابووری و ناکارامەیی بەرجام و هەروەها ناکاریگەربوونی لابردنی هەندێک گەمارۆی ئابوورییه کە نەیتوانیوە کاریگەرییی ئەرێنی لە سەر دۆخی ئابووریی ئێراندا هەبێت.

ئەو ناوەندە نێودەوڵەتییە لەو ڕاپۆرتەدا بڵاوی کردووەتەوە کە ساڵی ڕابردووش ئێران لە بواری فەزای کار و کاسبی‌دا ٢ پلە دابەزینی بە خۆیەوە بینیبوو.

پلەی ئێران لە ٤ بواری دانی مۆڵەت، تاپۆی داراییەکان، بەرق و مایەپووچ بوون بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو خراپتر بووە و هەروەها لە بواری پشتیوانی لە سەرمایەگوزاران ١٧٠، ماڵیات ١٥٠، بازرگانی ١٦٦ و جێبەجێکردنی گرێبەستەکان ٨٠ بووە.

ئەو پلەیەی ئێران لە بواری کار و کاسبی‌دا باس لەوە دەکات کە دۆخی ئابووری ئێران لە دۆخێکی زۆر نالەبار دایه و سەرەڕای لابردنی هەندێک لە گەمارۆ ئابوورییەکان بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە نەیانتوانیوه دۆخی ئابووری چارەسەر بکەن.

لەو پێوەندییەدا سەندووقی نێونەتەوەیی دراو لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا باسی لەوە کردووە، کە گەشەی ئابووریی ئێران کەم بووەتەوە و نرخی هەڵاوسان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.

لە ڕاپۆرتی سەندووقی نێونەتەوەیی دراو، ئاماژە بە چاکسازیی نیزامی بانکی ئێران کراوە و پسپۆڕان باسیان لەوە کردووە، کە ئەو چاکسازییە نیازمەندی دابین کردنی دووبارەی سەرمایە و نوێ کردنەوەی پێکهاتەیە.

بارودۆخی خراپی ئابووری کە ڕێژیمی ئێران هەیەتی به دەست پێکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان دژی ئەو ڕێژیمە و یارمەتییە ماڵییەکانی ڕێژیمی ئێران به پەرەپیدان بە تێرۆریزم، باشتر بوونی دۆخی ئابووریی ئێران چاوەڕوان ناکرێت.