کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: لە هەمبەر ڕێژیمی ئێران لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی خەریکە یەکیەتییەک پێک دێت

19:39 - 13 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئاماژەی بەوە کرد کە لە نێوان وڵاتانی عەرەبیی کەنداو و ئیسرائیل لەمەڕ ئێران یەک هاودەنگییەک هەیە و لەمبارەوە خەریکە یەکیەتییەک لە نێوانیان پێک دێت.

ڕۆژی ١١ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، نێتانیاهوو بە بۆنەی سەدەمین ساڵیادی ڕاگەیەندراوی بالفوور بۆ بریتانیا سەفەری کرد و لەو سەفەرە لەگەڵ تەرزامەی چاوپێکەوتنیان پێک هێنا.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەم سەفەرەی، ڕۆژی هەینی ١٢ی خەزەڵوەر لە چەتم هاوس باسێکی لە سەر ئێران و دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکە پێشکەش کرد و وتی: وڵاتانی عەرەبی و سونی مەزهەب کە لە ڕابردوودا لەگەڵ ئیسرائیل شەڕ و ناکۆکییان هەبووە، ئێستە لەوە تێگەیشتوون کە ئیسرائیل لە هەمبەر بەهێز بوونی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوپەیمانێکی باشە.

ناوبراو لە نێوان قسەکانی ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە شەڕی دەسەڵات و پادشایدا، شێعەی توندئاژۆ بە ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە هەمبەر سونیی توندئاژۆی ئەلقاعیدە، ڕێژیمی ئێران بەرەو سەرکەوتن هەنگاو هەڵدەگرێت و دەیەوێت هەموو ناوچەکە داگیر بکات؛ دەیەوێت لە هەموو ناوچەکە شێعەی توندئاژۆ جێگیر بکات، بەڵام هەواڵی خۆش ئەوەیە کە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لەگەڵ ئیسرائیل پێوەندی نەرمیان هەیە.

نێتانیاهوو هەروەها ڕووی قسەکانی لە پووتین سەرکۆماری ڕووسیە کرد و وتی: بە قازانجی مسکۆ نییە کە دەسەڵاتی ئێران لە سووریە و ناوچەکە ڕیشە دابکوتێت.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە سەر نەخشەی چەتم هاوس شی کردەوە، کە ئێران دەیەوێت لە تارانەوە هەتا بەندەری تەرتووس لە سووریە داڵانێکی ڕابکێشێت و هاوکات بە پشتیوانی کردنی حەوسییەکان لە یەمەن بە سەر ئاوی بابولمەندەب زاڵ ببێت.

هەروەها نێتانیاهوو ئاماژەی بەوە کرد، کە لە کاتی سەرکۆماریی ئۆباما لە ئامریکا، بە بۆنەی ئێران پێوەندییەکانم ئاڵۆز ببوو، چونکە ئۆباما لە سەر ئەو باوەڕ بوو کە ڕێژیمی ئێران بەشێک لە ڕێگاچارەی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لە حاڵێکدا ئیسرائیل لە سەر ئەو باوەڕ بوو کە ڕێژیمی ئێران خۆدی کێشەی سەرەکیی ناوچەکەیە.

نێتانیاهوو کە پێشتر داوای هەڵوەشاندنەوەی بەرجامی دەکرد، لەم سەفەرە خوازیاری دەستکاریی کردن و لابردنی کەموکۆڕییەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە دەکات و وتوویەتی: ئەم ڕێککەوتننامە هیچ گرنگییەکی بۆم نییە، تەنیا گرنگ ئەوەیە کە ئێران دەستی بە چەکی ناوکیی نەگات و ئەگەر لەم بارەوە کەمتەرخەمی بکرێت لەگەڵ هەڕەشەیەکی مەترسیدارتر لە کورەی باکوور بەرەوڕوو دەبینەوە.

ئەم هەوڵانەی نێتانیاهوو بۆ دەست پێڕانەگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکیی و پێداگریی یەکیەتیی ئورووپا بۆ مانەوەی بەرجام، لە حاڵێک دایە کە خامنەیی ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی خەزەڵوەر، ڕایگەیاند: ئێران ئامادە نییە لەو زیاتر لەسەر بەرجام دانوستان بکات و ڕێگا نادەن چیدی ئورووپا بە بیانووی بەرنامەی پەرەپێدانی مووشەکی، ئێران بۆ لای دانوستانی نوێ ڕابکێشێت.