کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆزی دایان: دەوڵەتی کوردستان دروست دەبێت

14:11 - 14 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەیەکدا لە ڕووسیه باسی لەوه کرد، دەوڵەتی کوردستان دروست دەبێ و ئێمەش پشتیوانی لە کورد دەکەین.

لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ناوەندەی هاوکاریی کولتووری جوولەکه‌کان که لە ڕووسیه لە قوتابخانەی خوێندنی باڵای ڕۆژهەڵاتناسی، تایبەت بە توێژینەوە و پێگەیاندنی پسپۆڕی زانستی لە ڕووسیه بەڕێوە چوو، باس لە دروست بوونی دەوڵەتی کوردی کرا.

لەو کۆبوونەوەیەدا ئۆزی دایان ژنراڵی سپای ئیسرائیل و بەرپرسی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی ئیسرائیل باسی لە دروست بوونی دەوڵەتی کوردستان کرد و پشتیوانی وڵاتەکەی لە دەوڵەتی کوردی دەربڕی.

بەرپرسی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی ئیسرائیل لە قسەکانیدا جەختی کردووەتەوە، \'\'کە ئیسرائیل هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی دەوڵەتی کوردستان دروست بێت، دڵنیاشتان دەکەمەوە ئەم دەوڵەتە هەر دروست دەبێت.\'\'

پرسی سەربەخۆیی کوردستانی باشوور و ئەنجام دانی ڕێفراندۆم لە یەکەم مانگی وەرزی پاییزی ئەمساڵدا لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، دژکردەوەی چەند وڵاتی دراوسێی لێ کەوتەوە کە لە نێویاندا دژایەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەمووان زەقتر بوون.

سەرەڕای هەموو دژایەتییەکانی نزیک بە ٩٣٪ لە خەڵکی کوردستان دەنگی بەڵێیان بە سەربەخۆیی کوردستان دا.