کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حووسییەکان ڕیازیان کردە ئامانجی مووشکی بالستیکیی خۆیان

15:06 - 14 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: عەرەبستان مووشەکێکی بالستیکی حووسییەکانی لە نزیک ڕیاز تەقاندەوە و هیچ خەسارەتێکی لێ نەکەوتەوە.

هەواڵدەرییەکانی عەرەبستان شەوی شەممە ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، شەوێک پێش رێپێوانی ڕێژیمی ئێران بە بۆنەی گرتنی دیپلۆماتە ئامریکاییەکان لە ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٥٨ی هەتاوی، ڕایانگەیاند کە مووشەکێکی حووسییەکانیان لە نزیک شاری ڕیاز تەقاندووەتەوە.

هەواڵدەری ڕۆیتێرز، لە زاری کاناڵی تەلەفزیۆنی ئەلعەربییە و ئەلئەخبار ڕایگەیاند، کە ئەو مووشەکە باکووری فڕۆکەخانەی ملک خالیدی کردووەتە ئامانج.

ئەو مووشکە لە لایەن سیستمی دژە مووشەکی عەرەبستانەوە پووچەڵ کرایەوە و پێش ئەوەیکە ئامانجەکەی بپێکێت تەقێندراوەتەوە.

میدیاکانی ڕێژیمی ئێران، لە زاری کاناڵی ئەلمەنار ڕایانگەیاندووە، کە ئەو مووشەکە لە جۆری بالستیک بووە.

میلیشیاکانی حووسی پێشتریش لە چەندین پەیامی تویتێری لەو بارەوە ڕایانگەیاندبوو، کە پێتەختی هێزە دژبەرەکان لە بازنەی مووشەکەکانی ئێمە دان و دەتوانین بیانپێکین.

پێشتریش عەرەبستان لە چەندین ناوچەی جیاوازی دیکە مووشەکی حووسییەکانی لە ئاسمان و پێش گەیشتنیان بە زەوی تەقاندبووە.

ئەوە لە حاڵێک دایە، کە میلیشیاکانی حووسی کە ئێران پاڵپشتیان دەکات، ئەوەندە پێشکەوتوو نین تا بتوانن مووشەکی بالسیتکی ساز بکەن و وڵاتانی دەوروبەر بکەنە ئامانج.

ڕێژیمی ئێران بەبێ لەبەرچاو گرتنی گیانی هاووڵاتییانی سڤیل، لەو ناوچانە شەڕی هەڵگیرساندووە و هەر کارێک کە ئیدئۆلۆژی وەلایەتی فەقیهـ سەر بخات خۆیانی لێ نابوێرن.

ناردنی چەک بۆ حووسییەکان و کردنە ئامانجی وڵاتانی دراوسێ یەکەم کاری ڕێژیمی ئێران نییە، لە فەلەستین و لوبنانیش گرووپە تێرۆتستییەکانیان بەو مووشەکانە تەیار کردووە و هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێ و ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەکات.

ڕێژیمی ئێران بە سەڕەڕۆیی، ئەمنیەت و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوینی خستووەتە مەترسییەوە و هەر ڕۆژە سەرەڕۆتر دەبێت.