کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری هێرشی عەرەبستان و ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا لە ئارا دایه

16:28 - 15 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: دەست لە کار کێشانەوەی سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی لوبنان، ئەگەری ئەوە دەخولقێنێت کە شەڕێکی دیکه لە ناوچەکەدا دروست بکات.

هەندێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی و ئاکادمیک باسیان لەوە کردووە، دەست لە کار کێشانەوەی حەریری کێشەی گەورەتر دروست دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەیکە ئێران بە قازانجی خۆی کەڵک لەو هەلە وەربگرێت.

ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، هەواڵدەرییە بیانییەکانی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویان کردەوە کە دەست لە کار کێشانەوەی سەعد حەریری لە پۆستی سەرۆک وەزیران، دەبێتە هۆی داڕمانی ئەو وڵاتە و قەیرانی سیاسی لەو وڵاتە دروست دەکات.

ڕێژیمی ئێران پشتیوانی سەرەکی حیزبوڵڵای لوبنانە کە ئەو ڕێکخراوە سیاسی و نیزامیە لە لایەن ئامریکاوە بە گرووپێکی تێرۆریستی دەناسرێت.

حەریری چەند رۆژ پێش بە هۆی ناڕەزایەتی بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەدا دەستی لە کار کێشایەوە.

دوو بەرەی حیزبوڵڵای لوبنان کە لە لایەن ڕێژیمی ئێران و بەرەی حەریری لە لایەن سعوودیەوە پشتیوانیان لێ دەکرێت ئەگەری ئەوە هەیە تووشی شەڕ بن و ئیسرائیل و سعوودیە هێرش بکەنە سەر حیزبوڵڵای لوبنان.

بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل نیسبەت بە دەست لە کار کێشانەوەی حەریری هۆشداری بە وڵاتانی جیهان دا کە دەست لە کار کێشانەوەی حەریری دەبێته هۆی ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران زیاتر پەرە بە دەستێوەردانەکانی خۆی لە ناوچەدا بدات.

بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران نیسبەت بە دەست لە کار کێشانەوەی حەریری گوتی کە دەست لە کار کێشانەوەی ناوبراو سێناریۆیەکی دیکەیە بۆ ئاژاوە لە لوبنان و ناوچەکەدا و ئەوەش بە دەستی ئیسرائیل جێبەجێ دەکرێت.