کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شکستی کەرکووک کۆتایی ڕێگا نییە!

22:09 - 15 خەزەڵوەر 2717

مستەفا هیجری

شکستی سەرکردایەتی سیاسی کوردی باشوور لە بەرانبەر هێرشی حەشدی شەعبی و سپای حکوومەتی بەغدا بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکانی باشوور بە تایبەت کەرکووک بەو شێوەی کە دیتمان، هۆیەکان و وردەکاریەکانی ئەم کارەساتە، شیکردنەوە و ئاکام وەرگرتنێکی بێلایەنە بۆ پەندێکی دیکەی مێژووی کوردستانە زامدارەکەمان ـ ئەگەر پەند وەرگر بین ـ ئەرکێکی گرنگی مێژوونووسان لەبەر رووناکایی راستییەکانی ئەو رووداوە کارەساتبارەیە کە جارێ بۆ زۆر کەس و یەک لەوان بۆ خۆم نادیارن.

بۆیە ئەوەی من لەم وتارەدا دەمهەوێ ئاماژەی کورتی پێ بکەم، چەند خاڵێکی گرنگی سیاسین کە بە پێویستم زانی لەم هەلوومەرجە دژوارەدا کە باشووری وڵاتەکەمان بەتایبەتی و هەموو کوردستان بەگشتی بەرەو رووی هاتووە لەسەریان راوەستم:

یەکەم ـ هێندێک لە چاودێرانی سیاسی، بەتایبەت ئەوانەی بەهەر هۆیەک لەگەڵ گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان نەبوون، یان پێیان وابوو کاتەکەی گونجاو نییە، بەو ئاکامە گەیشتوون کە هێرشەکە ئاکامی گشتپرسی بوو، واتە ئەگەر گشتپرسی نەکرابا ئەو هێرشە نەدەکرا.

ئەم بۆچوونە لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە ئەو کەسانە تا ئێستاش بە درووستی شارەزای سیاسەت و بەرنامەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە عێراق و بەتایبەت لەسەر کورد و هەرێمی ئۆتۆنۆمی باشور نین. رێژیمێک کە بوون و پەرەگرتنی نفووز و دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەدا لە شەڕ و ئاژاوەدا دەبینێ، بۆ ئەوئامانجەش بەشی زۆری داهاتی وڵاتەکەی خۆی بۆ بەهێزکردنی گرووپ و دەوڵەتە تیرۆریستەکان، پێکهێنانی دووبەرەکی تایفی و ئایینی و ... خەرج دەکات و گرنگترین دووژمنی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندایە.

هەر لە راستای ئەم سیاسەتەدا و دوای رووخانی رێژیمی سەدام حوسێن و بەتایبەت دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی ٢٠١١، رێژیمی کۆماری ئیسلامی جێگای بەتاڵی ئەوانی پڕ کردەوە و بە خێرایی نفووزی خۆی لە هەموو جومگەکانی دەسەڵات و سیاسەتی حکوومەتی بەغدا جێگیر کرد. یەکێک لەو جومگە گرنگانە پێکهێنانی هێزی میلیشیای حەشدی شەعبییە کە بەشێکی زۆر لە چەک، بودجە و بەتایبەت پەروەردەی لەلایەن رێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دابین دەکرێ و لە ئێستادا بەشێکی زۆرتری ئەو هێزە گەورەیە لە فەرمانەکانی قاسم سلێمانی فەرماندەی قودسی سپای پاسدارانی ئێران پێڕەوی دەکا و لەباری ئایینیەوە پێڕەوی ئایەتوڵڵا خامنەیی رێبەری ئایینی ئێرانن.

لە رووناکایی ئەم سیاسەتەی کۆماری ئیسلامیدا شتێکی شاراوە نەبوو کە حکوومەتی بەغدا هەموو ئەو ناوچە کێشەلەسەرانەی هەرێمی کوردستان کە بەدوای هێرشەکانی داعش هێزەکانی خۆی لێ کشاندبۆوە، لە دەرفەتێکی گونجاودا دووبارە دەستیان بەسەردا بگرێتەوە، چوونکە ئەگەر وا دابنێین کە حکوومەتی بەغداش نیازێکی ئەوتۆی نەبێ، کۆماری ئیسلامییەک کە شکڵ‌گرتنی حکوومەتی هەرێمی بەبێ ناوچە کێشەلەسەرەکانیش پێ قبووڵ ناکرێ، چۆن دەتوانێ فراوان بوونەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی ئەو ناوچەیە قبووڵ بکا؟ لە راستیدا یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی تاران لە بنیاتنانی حەشدی شەعبی، بەکار هێنانیانە بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتەکانی خۆی و یەک لەوان ئەم هێرشە بوو بۆ سەر کوردستان(١).

پێش لە هێرشەکانی داعش بوو کە مالیکی سوپای عێراقی بە فەرماندەیی ئەبولئەمیر زەیدی نارد تاکوو کەرکووک و خانەقین بگرنەوە. لە چەند ساڵ پێشیشەوە بوودجەی حکومەتی هەرێمیان بڕیوە تاکوو بە گوشاری ئابووری لە نێوخۆوە بڕووخێ.

بەم چەشنە بەو ئاکامە دەگەین کە ئەگەر گشتپرسیش نەکرابا پیلانی دەست بەسەردا گرتنەوەی ناوچە کێشەلەسەرەکان بە کەرکووکیشەوە لەلایەن بەغداوە جێبەجی دەکرا، بەو جیاوازییەوە کە ئەو گەلەکۆمەکییەی کە لەلایەن دوژمنانی کوردەوە دوای گشتپرسی پێکهات و، ئەو پشتگرییەی لە بەغدا کرا شێوەیەکی دیکەی بەخۆیەوە گرتبا.

دووهەم ـ ئەو هێرشەی دوای گشتپرسی باشووری کوردستان روویدا و لە ئاکامدا کورد بەشێکی زۆر لە دەسکەوتە سیاسییەکانی خۆی لە دەست دا، شکستێکی گەورە بوو کە شوێندانەری نەرێنی لەسەر رەوانی هەموو تاکێکی کورد داناوە و، برینێکی مێژوویی دیکەی لە جەستەی خوێناوی کوردستان پێکهێناوە، بەڵام ئەمە یەکەمین شکست و یەکەمین برین نەبوو؛ لە رابردووشدا زۆر جاری دیکە و هەر جارەی پارچەیەک لە لەشی ئەو نیشتمانە کەوتووەتە بەر هێرش و پیلانی دوژمنانمان و چوونکە ئەوان بەهێزتر بوون بەرەوڕووی شکستیان کردوینەتەوە. رەنگە لە داهاتووشدا ئەم سناریۆیانە دووپات ببنەوە، تا ئەو کاتەی ستەم و داگیرکاری دوژمنانمان لە ئارادا بێ، خەبات و بەربەرەکانێی کورد بۆ رزگاری لە زوڵم و داگیرکاریش بەردەوام دەبێ. کەوابوو ئەو شکستە کۆتایی رێگا نییە؛ باشوور هەڵدەستێتەوە و تەپوتۆزی ئەو شکستە لە قامەتی زامداری خۆی دەتەکێنێ، هەروەک ئەوەی دوای شکستەکانی خۆی لە رابردوودا کردوویەتی. مێژووی سەد ساڵی رابردووی خەباتی کورد و شکستەکانی لە کۆماری کوردستان، شۆڕشی سمکۆ، شێخ سەعیدی پیران، مەلا مستەفا بارزانی و ئەنفال و کیمیایی باران و ... هەمووی ئەو راستییەمان پێدەڵێن، تەنانەت تازەتر لە هەمووی ئەوانە خۆڕاگری پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕی پردێ، زوممار و ... شاهیدی دەدەن کە باشوور لە پێ نەکەوتووە و هەناسەی بەرخۆدان هەروا بەهێزە.

سێهەم ـ بەڵام لەگەڵ هەمووی ئەو کەوتن و هەستانەوانەدا زۆر بابەتی جێگای پرسیار هەن کە ئێش و ئازاری کەوتنەکان زیاتر دەکەن؛ لە لایەکی دیکەشەوە زۆر دەرس و ئەزموونی جێگای لێ فێربوون لە ناوەڕۆکی ئەو شکستانەدا بەدی دەکرێن کە ئەگەر ئەو پرسیارانە وەڵام نەدەینەوە و ئەو دەرس و ئەزموونانە فێر نەبین، مەحکووم بەوەین لە داهاتوودا بۆ جارێکی دیکەش تووشی ئەو کارەساتانە ببینەوە. هەروەک چۆن دەرکەوت ئەم جارەیان وەڵامی پرسیارەکانی شکستەکانی رابردوومان لە لا نەبووە و دەرسیشمان لێ وەرنەگرتوون:
گەلۆ، دیسان بەسڵاو و مەرحەباییەکی دوژمنانمان دڵخۆش دەبین و ئەوانمان لێ دەبنەوە دۆست و پشتیان پێ دەبەستین بۆ رۆژی تەنگانە؟ پێمان وایە راستییەکان هەموو لە لای ئێمەن و خەڵکی دیکە هەرچی دەیڵێن، ناڕاستن؟ دیسان کۆنەقین، یەکتر بێبایەخ کردن و شکاندن، هزر و بیرمان دادەگرێ، یان لێبووردەیی، پشت بەیەکتر بەستن و یەکگرتوویی ریزەکانی گەل چۆنیەتیی پێوەندییەکانی نێوانمان دیاری دەکا؟ لە کوردستاندا هەوڵ دەدرێ کە بەرژەوەندی و ستراتژیی نەتەوەیی دابڕژێرێ و هەموو لایەنە سیاسییەکان لەخۆ بگرێ یان هەر بەرژەوەندیی حیزبی باڵادەست دەبێ؟ سەرئەنجام حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان لەبەرامبەر گەندەڵیی لە زۆربەی بەشەکانی ئابووری و نیزامی و ئیداری و... دا بێدەنگ دەبێ، یان نەخێر ئەو شکستە رایچڵەکاندووە و بەخۆیدا دێتەوە و دەست دەکا بە دامەزراندنی بنچینەی کوردستانێکی سەربەخۆ کە زیاتر لە ٩٠ لە سەدی خەڵکی باشوور دەنگی بۆ داوە؟

داهاتوو وڵامی ئەو پرسیارانە و زۆر پرسیاری دیکەی لەو چەشنەشمان دەداتەوە.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(١) نووسەری ئەو دێڕانە لە کۆتایی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا وتارێکی لەژێر عینوانی کۆماری ئیسلامی چ خەونێک بۆ عێراق دەبینێ؟ (http://sikirter.org/detail.aspx?id=911&LinkID=6) بڵاوکردوەتەوە، ئەوکات لەو وتارەدا پێشبینی دەوری ئێرانی لە هێرشەکانی داعش و حەشدی شەعبی بەوشێوەی کە تا ئێستاش چوەتەپێش، کردووە .