• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢١ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٣٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی  

ئێعدام چەكێك بەدەستی دەسەڵاتداران

زایینی: ٠٦-١١-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٨/١٥ - ١٩:١٦ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
ئێعدام چەكێك بەدەستی دەسەڵاتداران
هیوا میرزایی

مرۆڤ لەو كاتەوە ڕووی لە ژیانی بەكۆمەڵ كرد بۆ تەكووزی كۆمەڵگا و پاراستنی شارستانیەت و ئامانجەكانی ناچار بوو كە ڕێسا و یاسای گونجاو و پێویست لەگەڵ كۆمەڵگا و خەڵكەكەی بنووسێتەوە و بەڕێوەی ببا و ئەو كەسانەی كە دەبنە هۆكاری پێشێلكردنی تەكووزی كۆمەڵگا و خوڵقاندنی كێشە، سزا بدا؛ ئەم سزایانە لە دوورخستنەوەی خەتاكار لەو كۆمەڵگایە دەستی پێدەكرد هەتا زیندانیكردن و زۆرجاریش سزای خەتاكار بە ئێعدام كۆتایی پێدەهات و سزای ئێعدام لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەمیشە بوونی هەبووە. ئێعدام یەكێك لەو حوكمە قورس و دژە مرۆییانەیە كە لەودا دەسەڵاتدار جا ئێستا چ سەرۆك خێل بێ یان لە سەردەمی ئێستادا دادوەر، بەسەر خەتاكاردا دەیسەپێنێ و بەم شێوازە كۆتایی بە ژیانی كەسێك دەهێنرێ كە هەڵسوكەوتێكی لادەرانەی هەبووە لە هەمبەر یاسا و ڕێساكانی كۆمەڵگاكەی خۆی.

دیارە هەم سزاكان لە كۆمەڵگایەكەوە بۆ كۆمەڵگایەكی دیكە جیاوازە و هەمیش شێوازی بەڕێوەبردنی حوكمی ئێعدامەكە؛ بەڵام ئەمە هیچ لەوە ناگۆڕێ كە ئێستاش و لە سەردەمی ئەمڕۆدا سەرەڕای دژایەتی ناوەندەكانی مافی مرۆڤ کە ئەم سزایە بە سزایەكی دواكەوتووانە و دژە مرۆیی ئەژمار دەكرێ سزای ئێعدام لە زۆریەك لە وڵاتانی جیهان پەیڕەو دەكرێ. وڵاتی ئێران یەكێك لەو وڵاتانەیە كە سزای ئێعدام تێیدا بەڕێوەدەچێ و ئەم سزایە، یاساییە و ئێران یەكێك لەو وڵاتانەیە كە ئامارێكی بەرزی هەیە لە سەپاندنی سزای ئێعدام بەسەر تۆمەتباراندا. لە سەرەتای سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێراندا و دوابەدوای ئەوەی حكوومەتی ئایینی مەلاكان توانی دەسكەوتەكانی ئەم شۆڕشە بە تاڵان ببا و دەسەڵات لە ئێراندا بەدەستەوە بگرێ، ساڵ بە ساڵ پلەی ئێران لە سزای ئێعدامدا لە نێو وڵاتانی جیهان بەرزبووەتەوە و ساڵانە ژمارەیەكی زۆر سزای ئێعدام لە زیندانەكانی ئێراندا بەڕێوەدەچن.

هەرچەند لە یاسای ئێراندا سزاگەلێك وەك دزی و هەڵگەڕانەوە لە دین و كوشتن و دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر منداڵان و ... سزای ئێعدامی بۆ دیاریكراوە بەڵام ئەم سزایە لە ئێراندا زیاتر چەكێكە بە دەستی دەسەڵاتدارانەوە بۆ دژایەتی لەگەڵ دژبەران و جیابیرانی حكوومەتی و ئەمە لە دادگا چەند خولەكییەكانی "خەلخالی" نوێنەری ڕاستەوخۆی خومینی لە دەیەی ٦٠ی هەتاوی دەستی پێكردووە و هەتاكوو ئەمڕۆ درێژەی هەبوو كە وایكردووە لە ساڵی ٢٠١٦ ئێران دوای وڵاتی چین بە بەڕێوەبردنی ٥٦٧ ئێعدام پلەی دووهەمی هەبێت لە جیهاندا و لە ئەمساڵیشدا واتە سەرەتای ساڵی 96ی هەتاوی بە پێی ئاماری ناوەندی هەواڵدەری كوردپا ٣٩ حاڵەتی ئێعدام بۆ هاووڵاتیانی كورد لە خۆرهەڵاتی كوردستان لە لایەن كۆمای ئیسلامییەوە ڕوویداوە؛ هەر بەپێی ئامارەکانی ئەم ناوەندە لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٥ەوە تاکوو مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ ٦٢ هاووڵاتی کە دوو کەسیان تۆمەتی سیاسییان خرابووە پاڵ لە سێدارە دراون.

شرۆڤەی ڕەهەندە كۆمەڵایەتی و ئابووری و ئەخلاقییەكانی ئێعدام هەر یەك بابەتگەلێكن كە پێویستیان بە توێژینەوەی زۆر هەیە و ڕەنگە لەم بابەتدا نەتوانرێ كە شیكارییان بۆ بكرێ بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لە سزای ئێعدامدا ئەوەیە كە خودی بەڕێوەبردنی ئەم سزایە و ئەویش لە پانتاییەكی وەها زۆردا گوزارش لە دۆخێكی نالەبار دەدا كە دەسەڵاتداران لە ئێراندا گیرۆدەی بوون، جۆرێك سادیسمی سیاسی و دەروونی كە چێژ لە ئازاردانی مرۆڤ دەبینن و بەجێگەی ئەوەی توێژینەوە بۆ چۆنیەتی بوون بە دز و بكوژ و ... بكەن و بەستێن بۆ ژیانێكی گونجاو بڕەخسێنن، دەیانهەوێ بە سزای ئێعدام ئاستی لاواز و دواكەوتووانەی بەڕێوەبەری خۆیان پەردەپۆش بكەن یان بەجێگەی ئەوەی مافە نەتەوەیی و ئینسانییەكانی دانیشتووانی ئێران لەبەرچاو بگرن، زیندان و لە سێدارەدان وەك ڕێگەچارە دەبینن و ئەمەیش وایكردووە كە هەم وڵاتی ئێران ببێ بە زیندانێكی گەورە و هەمیش ڕێژەی ئێعدام بەمشێوەیە پلەكەی بەرز بێتەوە؛ هەروەها شێوازی بەڕێوەبردنی حوكمی ئێعدام كە زۆرجار لە گۆڕەپانەكان و بەبەرچاوی خەڵكەوە ئەنجام دەدرێ بووەتە هۆكارێك كە كوشتن و مردنی مرۆڤ لە كۆمەڵگا ببێ بە شتێكی ئاسایی و ئەمە دەرئەنجامی خراپی لێدەكەوێتەوە چ لە ڕووی پەروەردەی منداڵان و هەروەها پەرەگرتنی خەمۆكی و بەرزبوونەوەی ئاستی خۆكوژی و ناهومێدی لە كۆمەڵگادا.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٢ لەم ژمارەیەدا:

ــ شکستی کەرکووک کۆتایی ڕێگا نییە!
ــ ڕەوایی چەک و ڕەوایی خەڵکی
ــ ئیمپراتوریی نافەرمی ئێرانی
ــ دەسەڵات و کۆمەڵگا