• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
١٨ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٢٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی  

عەتا دەباغی: ڕووداوەکانی باشوور دەریانخست کە خەڵکی ڕۆژهەڵات چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات دا، چەندە تینووی ئازادین!

زایینی: ٠٦-١١-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٨/١٥ - ١٩:٢٨ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
عەتا دەباغی: ڕووداوەکانی باشوور دەریانخست کە خەڵکی ڕۆژهەڵات چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات دا، چەندە تینووی ئازادین!
لەپێوەندی لەگەڵ سیاسەتی نوێی ئامریکا و گەمارۆخستنە سەر سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامی ئێرانەوە، سەرنجتان بۆ وتووێژێکی کوردستان ڕادەکێشین کە لەگەڵ بەڕێز عەتا دەباغی، چاودێری سیاسی ئەنجام دراوە.

سیاسەت و ستراتێژیی نوێی واشنگتۆن بەرانبەر بە تاران چ جیاوازییەکی لەگەڵ سیاسەتی پێشووتری ئەم وڵاتە هەیە؟

باراک ئوباما دەیویست پێش وەدەرکەوتن لە کۆشکی سپی بە هەر نرخێک بێت لەگەڵ ئێران بە ئەنجامێک بگات و بۆخۆی و تیمی هاوکاریی، پێیان وابوو بە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بەو ئاکامە دەگەن یان گەیشتوون. بەڵام ڕووداوەکانی ئەم دواییە، درێژەپێدانی تاقیکردنەوەی تەسلیحاتی مووشکی و خۆبەهێزکردنی نیزامیی، دەستێوەردانی بەرفراوانتر لە کاروباری وڵاتانی ناوچە بەتایبەت یەمەن و سوریە، دامەرزاندنی حەشدی شەعبی و پەرەپێدانی نفووز ودەسەڵاتی تاران لە عێڕاق و ...هتد هەڵەبوونی هەڵوێستی دەوڵەتی ئۆبامای سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی نیشاندا. تڕامپ هەر لە سەرەتاوە دژی ئەو ڕێککەوتننامەیە بوو و دوبارەی دەکردەوە کە بە قازانجی ئێران تەواو دەبێ. باسکردن لە هەوڵدان بۆ گۆڕینی ڕێژیمی ئێران لەلایەن دەوڵەتی تڕامپەوە کە یەک دوو هەفتە پێش هاتە بەر باس، خاڵێکی زۆر نوێیە لە سیاسەتی دەوڵەتی ئامریکا کە بۆ یەکەم جار دێتە ئاراوە. هەوڵدان بۆ تێکدانی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی و تەحریمی سپای پاسداران دەکرێ وەک هەوڵێکی نوێی واشنگتون بۆ کەمکردنەوی هێزی نیزامیی و لاوازکردنی ڕێژیم لە دەستێوەردان لە ناوچەکەدا ببینرێت. دیارە بۆ دیتنی نیشانەی بەرچاوتر لە جیاوازی نێوان سیاسەتی کۆن و نوێی دەوڵەتی ئامریکا بەرانبەر بە تاران، زەمانێکی زۆرتر پێویستە.

لەم ستراتێژییە نوێیەدا جێگە و پێگەیەک بۆ نەتەوەکانی ئێران بەرچاو نەگیراوە. ئەمە بۆچی دەگەڕێننەوە؟

بەگشتی وێدەچێ دەوڵەتی تڕامپ و بەتایبەت وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا زۆر لەگەڵ گۆڕانی جوغرافیای ناوچەدا نەبن. هەڵوێستی دژی کوردانەیان لە سەر گشتپرسی و ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی باشوور ئەم ڕاستییەی بەتەواوی خستە ڕوو. ئامریکا زۆرتر لە سەر ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و هێزە ڕێفۆڕمخوازەکانی ناوەوە حیساب دەکا و لەوەش دەترسێ یارمەتی ڕاستەوخۆی ئۆپۆزسیۆنی کورد، هەم ئەم هێزانە و هەم تورکیە و عێراق تووڕە بکات. دیارە یەکگرتوونەبوونی ڕێکخراو و حیزبە کوردییەکانیش لە هەڵوێستی لاوازی دەوڵەتی تڕامپ لە پێوەندی بە کوردانی ڕۆژهەڵات دا بێ تەئسیر نییە. ئەوەش بڵێین کە بەپێی گۆڕانی هەل ومەرج، ئەم بابەتەش دەتوانێ بە قازانجی کورد ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی بەسەردا بێت.

تەحریمەکانی ئەم دواییەی ئامریکا بۆ سەر سپا بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی سپا لە ئابووریی ئێران دا،چ کاریگەرییەکی لە سەر ئابووریی ئەو وڵاتە دەبێت؟

سپای پاسداران لە هەموو کون و قوژبنێکی ئابووریی ئێران دا دەستی هەیە. هەموو کۆمپانیا زلهێزەکانی ئێران ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ موڵکی سپای پاسدارانن. بە پێی ئامارەکان پتر لە %٨٠ی ئابووریی گەلانی ئێران، سپا دەیگێڕێ. بەڕێوەچوونی هەمەلایەنەی ئەم تەحریمە دەتوانێ ئابووری رێژیمی ئێران سەقەت بکات، بەتایبەت سپای پاسداران لە ئیمکانی بەرفراوانی ماڵی بۆ دەستێوەردان لە کاروباری سیاسی نیزامیی ناوچەکە بێبەش بکات. دیارە بەڕێوەبردنی ئەم بڕیارە زەمانێکی زۆری دەوێت و نابێ چاوەڕوان بین بە یەک مانگ و دوو مانگ ئاکامەکەی دەرکەوێت؛ بەس تووڕەیی و هات و هاواری کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران نیشان دەدات کە ئەوان لەم تەحریمە و لە ئاکامەکانی زۆر ترسیان وەبەر نیشتووە.

داهاتووی ئەم هێزە تێرۆریستیە لە دوای تەحریمەکان چی بەسەر دێت؟

ئەم تەحریمە ئاڵۆزیی زیاتری ئابووری لە ئێراندا بەدواوە دەبێت. ئەگەر سپای پاسداران نەیەوێت ئەم مەیدانە چوڵ بکا، کە زەحمەتە کاری واش بکات، شاهیدی پەرەسەندنی ناڕەزایەتی لە ناوەوەی وڵات دەبین کە ئاکامەکەی لاوازبوونی کارتێکەری سپا لە سەر سیاسەتی ڕێژیم یان قەیرانێکی بەرفراوانی سیاسی ئابووری دەبێت. دیارە بەڕای من ئەم تەحریمە لە پێش هەموو شتێک کاردانەوی لە سەر بەرنامە و پیلانەکانی سپا لە ناوچەدا دەبێ و هەر هەنگاوێکیان بۆ دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەدا دەنگدانەوەیەکی گەلێک زیاتر لە ئێستای بەدوادا دەبێ و تووشی لەقاودان و بەربەرەکانێی زیاتر دەبن. هاتووچۆ و هەڵسوکەوتی فەرماندەکانی سپا نەتەنیا لەلایەن دەوڵەتی ئامریکاوە، بەڵکوو لەلایەن میدیای جیهانیشەوە چاوەدێری دەکرێت و بۆ هەر حەرەکەت و هەڵوێستێک دەبێ باجێکی زۆر بدەن.

کێشە و گرفتەکانی ناوچە تەنیا لە سپای پاسداران دایە یان ڕێژیم لە تەواوییەتی خۆیدا بە سەرچاوەی کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچە دەژمێردرێ؟

دیارە سپای پاسداران بەشێکە لە دەسەڵات و ئەو سیاسەتەی ئەوان بەڕێوەی دەبەن، ئەوە سیاسەتی تێکڕای ڕێژیمە؛ بەس نابێ ناکۆکییەکانی نێو دەسەڵات لە بیر بکەین و نابێ ئەو ڕاستییە لەبەرچاو نەگرین کە سپای پاسداران باندێکی مافیایی و دەوڵەتێکی سەربەخۆیە لەناو حکوومەتدا. هێز و مانەوەی سپا، هەر وەک ڕێبەرایەتیی دینی، بە بوونی شەڕ و ئاڵوزی لە ناوچە و دژایەتی هەموو هێز و لایەنێکی غەیری خۆیانەوە گرێدراوە، هەر بۆیە زەخت لەسەر سپا و ئەنگوست دانان لە سەر ئەم هێزە، بە قازانجە و ڕوونیشە ئەگەر تەحریمی سپا کاریگەر بێت، ئەوە ئاکامەکەی هەموو ڕێژیم دەگرێتەوە.

دەکرێت چاوەڕوانی چ کاردانەوەیەک لە لایەن سپای پاسدارانەوە بین بۆ دەورلێدانی تەحریمەکان؟ پێتان وایە کە تەحریمی هووشمەندی ئەم جارە (کاتسا) مەجالی ئاوای بۆ هێشتبێتەوە؟

هەروەک وتم تەحریمی ئابووری پێویستی بە کات و زەمانێکی زۆرە بۆ ئەوەی ئاکامەکانی وەدەرکەون. هەم ئێران و هەم وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا تەجروبەی تەحریمەکەی پێشویان هەیە. سپا هەوڵ دەدا بە کەڵک وەرگرتن لە پێکهێنانی شەریکی ئابووری جۆراوجۆر، ڕێگایەک بۆ دەوردانەوی تەحریم بدۆزێتەوە و ئامریکاش میکروسکۆپی چاوەدێریی هەر هەڵسوکەوتێکی لەم چەشنەیە. دیارە بەتایبەت پەیداکردنی شەریکی بیانی بۆ هاوکاری ئابووریی لەگەڵ شەریکەکانی سەر بە سپا زۆر ئەستەم دەبێ و زەخت و فوکۆسی ئامریکاش لەسەر ئەم شەریکە بیانیانە دەبێت.

بەکورتی دەرچوون لە ژێر چاوەدێری و دەوردانەوەی تەحریمەکان ئاسان نییە وبە دڵنیایەوە قەیرانی بەرچاوی ئابووری سپای پاسداران و فەرماندەکانی لێ دەکەوێتەوە.

ڕاگەیاندنی ئەم سیاسەتە نوێیە هاوکاتە لە گەڵ چاوپۆشیکردنی ئامریکا لە سپای پاسداران لە داگیرکردنی کەرکووک دا، ئەمە چ نەتیجە گەلێکی لێ دەکەوێتەوە؟

دەستێوردانی سپا لە کاروباری ناوخۆی عێراق و بەشداریی ڕاستەوخۆ لە داگیرکردنی کەرکوک بۆ کورد زەربەیەکی قورس بوو. بەس ئەم دەستێوەردانە ئاشکرایە، نفوزی زۆری ئێران لە عێراق و ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی دەوڵەت و کاربەدەستانی شیعەی عێڕاقی وەدەر خست. بۆ دنیا و بە تایبەت بۆ ئامریکا دەرکەوت کە لە ڕاستیدا هەموو هەوڵ و یارمەتیی ئەوان چووەتە گیرفانی ئێرانەوە و ئەگەر وەخۆ نەکەون، هەموو ناوچە لە تاران تا بەغدا و دەمشق و سنووری ئیسرائیل دەبێتە مەیدانی ڕمبازێنی سپای پاسداران. هەربۆیە پێموایە ئەم ڕووداوە تاڵە لە ئەنجامی خۆیدا زەخت لە سەر سپا زۆرتر دەکات و لە ئاکام دا پێداگری جدیتری ئامریکا لە سەر تەحریم و لاوازکردنی سپا دەبێت.

لەم نێوەدا کورد و هێزە سیاسییەکانی، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵات و باشوور دەبێ چ بکەن؟

زەربەی ئەسڵی لە کوردی باشوور و لەدەستچوونی کەرکوک، نە لە لایەن سپای پاسداران، بەڵکوو بەهۆی دووبەرەکیی ناوخۆیی و پشتی یەک بەردان بوو. سیاسەت یانی کەڵک وەرگرتن لە هەلەکان. بەس پێش هەموو شتێک، دەبێ ئامرازی کەڵک وەرگرتن لە ڕووداوەکانت بەدەستەوە بێت، هێزت نەبێ هەل دێت و دەڕوا و تۆ هەر لە جێی خۆتدا دەمێنیتەوە. بە بێ باوەڕبەخۆیی، یەکدڵی و یەکگرتن، بەئاکام گەیشتن مەحاڵە.

بەنیسبەت باشوور دەبێ بەهەر چەشنێک بێ ماڵی کورد یەک بگرێتەوە. ڕێفراندۆم دەستکەوتێکی زۆر پڕ بایەخی مێژووییە کە وەک کۆمار هەتا هەتایە دەمێنێتەوە. دنیا ئاگاداری دەستێوردانی ئێران بووە و نییەتی ناپاکی بەغدا ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوونتر دەبێت. بیروڕای گشتی و زۆر کەسایەتی کاربەدەست لە دنیادا بۆیان دەرکەوت کە لە ڕاستیدا کورد تەنیا دۆستی دنیای دێمۆکراتە لە ناوچەدا و لە هەڵوێستی لاوازی خۆیان شەرمەزارن.

ڕێبەرایەتی باشوور دەبێ لەم ڕاستیە بۆ پاراستنی هەرچی زیاتری دەسکەوتەکانی هەرێم کەڵک وەربگرێت.

کوردی ڕۆژهەڵات پێویستە هەرچی زیاتر یەکگرن و بۆ قۆستنەوەی هەر هەلێک کە بێتە پێش، ئامادەبن. دیارە ڕووداوەکان دەشتوانن بە قازانجی کورد نەبن، بۆیە پێویستە هەموو سێناریۆیەک پێشبینی بۆ بکرێت و گەڵالەی بۆ دابنرێت. لە پێوەندی بە ڕووداوەکانی باشوورەوە، خەڵکی ڕۆژهەڵات لە ناوەوە و لە دەرەوەی وڵات دەریان خست کە چەند تینووی ئازادین. تا ئەو هەستە بێت من بە نیسبەت دوارۆژ رەشبین نیم.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٢ لەم ژمارەیەدا:

ــ شکستی کەرکووک کۆتایی ڕێگا نییە!
ــ ڕەوایی چەک و ڕەوایی خەڵکی
ــ ئیمپراتوریی نافەرمی ئێرانی
ــ دەسەڵات و کۆمەڵگا