• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
١٨ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٢٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی  

عەلی‌ئەشرەف دەرویشیان حیکایەتخوانی ئازارەکانی کرماشان، لە غەریبی سەری نایەوە

زایینی: ٠٦-١١-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٨/١٥ - ١٩:٣٠ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
عەلی‌ئەشرەف دەرویشیان حیکایەتخوانی ئازارەکانی کرماشان، لە غەریبی سەری نایەوە
هێژا سنه

نووسەرێک لە ڕەگەزی دار بەڕوو، قەڵەمێک کە گێڕەرەوە و حیکایەتخوانی بڕک و ئازارەکانی نیشتمانی کوردان بوو. کورتە باڵا و سەر و سیما سپی، بەڵام باڵای خەم و ئازارەکانی هێندەی پەڕاو و بێستوون بڵند. لە گوندەکانی "شائاباد" و کرماشان کە مامۆستای قوتابخانە بوو، تێکەڵی ئازار و مەینەتی قوتابیانی ڕەش و ڕووت و خەڵکی هەژار و بێدەرتان دەبێت و هەر ئەو ئەزموونانە بوونە بنەما و هەوێنی ڕاستەقینەی نووسینەکانی و بە یەکێک لەو دەگمەن نووسەرە واقیعبینانە دێتە ئەژمار کە زمان و قەڵەم و کرداری یەک بوو.

ڕووداو و پێشهاتە سیاسییەکانی دەیەکانی ٥٠ و ٦ی زائینی و زاڵبوونی فکری چەپ لە ئێران و کوردستان کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بیر و باوەڕ و نووسینەکانی هەبوو. لە ڕۆمانی بە قەبارە و چوار بەرگیی "ساڵانی هەورین"دا کە بەسەرهاتی ژیانی خۆیە، بە شێوەیەکی ورد و هونەری ڕیالیزمیانە پەرژاوەتە سەر باری سیاسی، کۆمەڵایەتی فەرهەنگیی کرماشان و شارەزایانە کەلێن و قوژبنە وردەکانی ژیانی لادێ، شار، وردە کولتووری کوردی وێنا کردووە کە زۆر لێکۆڵەر و ڕەخنەگر لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە ڕۆمانی ساڵانی "هەورین"یان تاوتوێ کردووە، کە دوای "کلیدەر"ی مەحموود دەوڵەت‌ئابادی، بە دووەمین ڕۆمانی بە قەبارە دێتە ئەژمار.

دەروێشیان لەو دەگمەن نوسەرانەیە کە هیچ مەودایەک لە نێوان ژیان و بیروباوەڕ و نوسینەکانیدا بەدی ناکرێت، یەکێک لە راستگۆترین نووسەر و رۆشنبیرانی سەردەمی خۆی بوو. لەپێناو هەڵویستەکانیشیدا ساڵانێکی زۆر زیندان و دەربەدەری و ئاوارەیی چێشتووە. هەژاری و بێدەرتانیی سەردەمی منداڵی و پاشان زیندان و ئەشکەنجە لەپێناو بیرباوەڕکانی، دەبنە هۆی چوارچیوە و پێکهاتەی فکریی دەرویشیان و لە هەموو ڕۆمان، چیرۆکەکانیدا بە جوانی ڕەنگیان داوەتەوە.

دەروێشیان لە بەرهەمەكانیدا رووخساری ئاوێتە بە زەبر و زەنگ و بێ بەزەییانەی هەژاریی و بەلەنگازی دەخاتە بەردیدە و چەندە جوان، هەژێنەر و ‌كاراش دەست بۆ خامەكەی دەبات. ئەو زۆر جوان پەی بە هەژاری دەبات و دەیناسێت، ساڵەهای ساڵ بەلای منداڵانی گوندەوە ژیان بەڕێ دەكات و رەنج و مەینەت و چەرمەسەریی ئەوان بەردەوام گیان و ناخی ئازار دەدات.

زۆر چیرۆكی دەروێشیان راڤەی ئەو وێنە دڵهەژێنانە دەكات كە بە درێژایی ژیان بەردیدەی كەوتوون.

عەلئ ئەشرەف دەرویشیان، لە ریزی ئەو نووسەرانە دێتە ئەژمار کە خەم و ئازار و حەسرەتی چینی هەژار و بندەستی کۆمەڵگەی سەردەمی خۆی "هەم پێش شۆڕشی گەلانی ئێران و هەم پاش ئەوەش"، گێڕایەوە.

پێداگری و شێلگیریی دەرویشیان لە گێڕانەوەی واقیعی کۆمەڵایەتی و شێوەژیانی جیهانی خۆی دەنگێکی جیاواز و بێ وێنەی لە کۆمەڵگەی تاکخواز و فەردگەرای هەنووکەی ئێران بۆ گەرەنتی کرد و بەگشتی وەکوو نووسەرێکی سەر بە ئەدەبیاتی دەروەست و بەرگری ناسرا. ئەگەرچی ئەو پاش خۆی رێباز و نیگایەکی لە جیهانی پڕ لە ئاژاوە و نائومێدی ئێستای بۆ ئێمە بەجێ هێشت، بەڵام ئەم نووسەرەش وەکوو نووسەرانی گەورەیتری کورد؛ ئیبراهیمی یوونسی، یاشار کەماڵ (کوردی باکوور) و مەحەمەد قازی (وەرگێڕ)و... بە زمانی زگماکی خۆی و گەلەکەی نەینووسی، یان هەلی لەباری بۆ نەڕەخسا خەم و ئازارەکانی نیشتمانەکەی بە زمانی دایکیی خۆی بگێڕێتەوە، بەڵام هەموو تێم و ناوەرۆکی بەرهەمەکانی دەرویشیان هەڵگری خەم و هەناسە ساردی و کوڵەمەرگیی کۆمەڵگەی کوردستانە.

سەرەڕای ئەمانەش دەرویشیان هەمیشە وەکوو کەسایەتییەکی "ناڕازی" لە هەمبەر سیستەمە سیاسییەکان "لە نێوان دوو سیستەمی سیاسی کە لە تەمەنیدا بینیبووی"، مایەوە و ئەمەش هەر وەکوو تێم و ناوەرۆکێک باڵی بەسەر تێڕوانینیدا کێشابوو.

بوێری، ڕاستگۆیی لە کردار و نووسین و ملکەج نەکردن بۆ دەسەڵات، هەروەها بەکارنەهێنانی نووسین و کەسێتیی خۆی بۆ پلە و خەڵات و خۆدوورگرتن لە خوانی دەسەڵاتداران، بوونە هۆی ئەوەی لە هەردوو سیسەتمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیدا نووسینەکانی بکەونە بەر تیغی سانسۆر و بەشێکیان بە نهێنی چاپ بکرێن و بۆ ئەمەش گرفت و ئاستەنگی زۆری بۆ ساز بوو.

بەپێی ئەو تایبەتمەندییانەی کە باسمان کرد، دەکرێ بڵێین خەسڵەت و کەسێتیی دەرویشیان، ئاوێنەی باڵانوێنی نووسینەکانی خۆیەتی.

دەرویشیان ئاسمانی هەور و پڕ تەمی ژیانی خۆی دەکاتە ئاسۆگی نووسین بیر لە کارەسات و تراژیدیای تاڵی "نەداری، برسێتی، بێدەرەتانی" دەکاتەوە، ئەو دەبێتە تریبوونی چینی چەوساوەی کۆمەڵ و بە نووکی خامەکەی دەبێتە چقڵی چاوی دەسەڵاتی ملهوڕ.

ئەم نووسەرە دەروەستە خەمخۆرە، بەرهەمەکانی پڕ بوون لە تاڵییەکانی ژیان، ئەو تاڵ ژارانەی کە دەبوونە خورەی خاوەن دەسەڵاتەکان. قەڵەمێک کە حیکایەتخوانی ژانی پڕ ئازاری "نەداری" بوو، ئەو ژانەی کە هیچکات ساڕێژ نەکرا و لە سینەیدا کەڵەکە بوون و بوونە ئازاری جەستە و سەرەنجام بەو دەردانە و لە غەریبیدا سەری نایەوە.

هەرچەند زمانی نووسینی فارسییە، بەڵام سەرلەبەری ناوەرۆک و کاکڵەی ڕۆمان و چیرۆکەکانی، خەمی مرۆڤی کورد و بەتایبەت کۆمەڵگەی کرماشانن. دەرویشیان حیکایەتخوانی خەڵکی کەناری ڕووبارەکانی "ئابشووران، لەب‌ئاو و قەرەسوو"یە. دەریشیان مامۆستایەک بوو لە ڕەگەزی "سەمەد بێهرەنگی" و ڕێڕەوی جەلالی ئال ئەحمەد و ئەحمەد مەحموود بوو.

قەڵەمە دڵسۆز و خەمخۆرەکەی دیاری بیستوون، هەرچەند ڕۆمان و چیرۆکەکانی بە زمانی بێگانە (فارسی) نووسیوە، بەڵام لە بواری کۆکردنەوەی ئەفسانە، حیکایەت، بەیت و باو و مەتەڵەکانی دەڤەری کرماشاندا کارێکی گرنگ و بەنرخی کردووە کە بە قەڵەمی وەرگێڕی بەتوانا "عەزیز گەردی" کراونەتە کوردی.

لە بواری ئەدەبی منداڵانیشدا چەندین کۆمەڵە چیرۆکی وەک "هەوری ڕەشی هەزار چاو، گوڵزەڕ و کڵاش‌سوور، ڕەنگینە و ڕۆژنامەدیواریی قوتابخانەی ئێمە" و حیکایەتەکانی ئەو ساڵانەی چاپ و بڵاو کردووەتەوە کە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر کۆمەڵگەی ئەدەبیی ئێران هەبووە.

دەرویشیان لە ماوەی شەست ساڵ کاری نووسین و خزمەت بە ئەدەبی کوردی و فارسی زیاتر لە ٥٠ بەرهەمی لە بوارەکانی ڕۆمان، چیرۆک، توێژینەوە و ڕەخنەی ئەدەبی چاپ و بڵاو کردووەتەوە کە گرنگترینیان ڕۆمانی "ساڵانی هەورین"، ئەفسانە کوردییەکانی و ئەفسانەی گەلانی ئێران کە ٢٢ بەرگە و بە یارمەتیی "ڕەزا خەندان مەهابادی" کۆی کردووەتەوە.

دەروێشیان ساڵی ١٩٤١ لە خێزانێكی كرێكاری گەڕەكی "ئاوشووران"ی شاری كرماشان لەدایك بووە. ساڵی ١٩٥٨ خوێندنی خانەی مامۆستایان تەواو دەكات و بۆ مامۆستایی، ڕەوانەی گوندەكانی دەوروبەری كرماشان و گێڵانی رۆژئاوا و شائاابد دەكرێت. ساڵی ١٩٦٦ لە بەشی وێژە و ئەدەبی فارسیی زانستگەی تاران دەست بە خوێندن دەكات و دوای وەرگرتنی بڕوانامەی بكالۆریۆس، لە بەشی دەروونناسیی پەروەردەدا درێژە بە خوێندنی ماستەر دەدات، هاوكات لە خوێندنگەی باڵای تاران لە بەشی راوێژكاری و رێنمایی فێركاری دەخوێنێت. ساڵی ١٩٧٣ یەكەمین كۆمەڵە چیرۆكی بڵاو دەبێتەوە. لە ساڵی تا ١٩٧٨، لەبەر نووسینی كتێبی "لەم هەرێمەوە" و بەهۆی چالاكیی سیاسی، سێ جار قۆڵبەست و خامەی یاساخ دەكرێت. یەكەم جار لە كرماشان بۆ ماوەی هەشت مانگ دەخرێتە گرتووخانەوە، دواتر دەروێشیان لە تاران دەگیرێت و حەوت مانگ لە گرتووخانەدا دەمێنێتەوە. دەروێشیان دوا بەدوای ئەمە‌ لە زانكۆ دەردەكرێت و لە پیشەی مامۆستایەتیش دوور دەخرێتەوە. ساڵی ١٩٧٤ دیسان قۆڵبەست دەكرێتەوە و ١١ ساڵ زیندانی بۆ دەبڕدرێتەوە. دەروێشیان ئیتر لەو دەمەوە دەخرێتە گرتووخانە و تا سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران لە گرتووخانە دەمێنێتەوە.

سەرجەمی کتێب و بەرهەمەکانی دەروێشیان کە تا ئێستا ئامادە و چاپ و بڵاوکراوەتەوە، زیاتر لە٦٠ بەرهەمە کە بریتین لە بوارەکانی "چیرۆک بۆ منداڵان و مێرمنداڵان"، "کۆکردنەوە"، "کورتەچیرۆک و رۆمان" و "فەرهەنگی خەڵکی ئاسایی، ڕەخنە و ئەفسانەی کوردی و گەلانی ئێران.

گرنگترین و بەرچاوترین بەرهەمی "عەلی ئەشرەف دەروێشیان" نووسین و کۆکردنەوەی پرۆژەیەکی گەورەیە بەناوی "فەرهەنگی ئەفسانەکانی خەڵکی ئێران لە٢٠ بەرگدا" کە بەرهەمی ٢٢ ساڵ هەوڵ و تێکۆشانی ئەم نووسەرەیە.

سەرەنجام دەریشیانی بوێر و دەروەست، پاش زیاتر لە شەش دەیە چالاکیی نووسین و خزمەت بە ئەدەبی کوردی و فارسی، پاش نزیکەی دە ساڵ نەخۆشی و تلانەوە بەدەم ئازاری جەستە، رۆژی پێنجشەممە ٢٠١٧/١٠/٢٦ لە نەخۆشخانەیەکی تاران لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. هەرچەند خۆی وەسێتی کردبوو لەلای سەفەر قەهرەمانیان کە هاوبەندیی خۆی بووە، لە تاران یان لەلای شاملوو بە خاک بسپێردرێت، هاوکات بنەماڵەکەی داوایان کردبوو تەرمەکەی ببرێتەوە کرماشان، بەڵام بە گوتەی خوشکەکەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەر لە نەخۆشخانە دەستیان بەسەر تەرمەکەیدا گرتووە و نەیانهێشتووە لە هیچکام لەو شوێنانە بنێژرێت. بۆ خۆیان کات و شوێنی ناشتنی دەرویشیانیان دیاری کردووە.

هۆکاری ئەو ڕێگەگرتنەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دەرویشیان لە ڕیزی ئەو نووسەرە بوێر، ناڕازی و کۆڵنەدەرانە بوو کە قەت ملکەجی دەسەڵات نەبوو، هاوڕێی ئازار و خەڵک و دژی ستەم و چەسانەوە بوو. بۆیە دوژمانەی ئازادی تەنانەت لە تەرم و جەستەی بێ گیانیشی ئەترسان.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٢ لەم ژمارەیەدا:

ــ شکستی کەرکووک کۆتایی ڕێگا نییە!
ــ ڕەوایی چەک و ڕەوایی خەڵکی
ــ ئیمپراتوریی نافەرمی ئێرانی
ــ دەسەڵات و کۆمەڵگا