کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دنە‌دان و ئاژاوەگێڕیی رێژیم لە نێوان دوو خێڵ لە ورمێ ٨ قوربانیی لێکەوتەوە

14:51 - 16 رەزبەر 2712

کوردستان میدیا: دەستێوەردان و دنەدانی هێزەکانی رێژیم لە کێشەیەکی دوو خێڵی گوندێکی ورمێدا، ٨ هاووڵاتیی کورژان و بریندار بوون.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە نێوان دوو خێڵی گوندێکی ناوچەی سۆما لە پارێزگای ورمێ، بەناوی هەشتیان بەهۆی کێشەی زەوی و زار شەڕ و ئاژاوە دروست بووە و لە ئاکامدا ٥ کەس لە هەر دوولایەن بریندار، یان گیانیان لە دەست داوە.
بەپێی ئەم راپۆرته، هێزەکانی رێژیم پاش ئەم تێکهەڵچوونە دەچنە نێو ئاوایی ناوبراو و لە جیاتیی هێور کردنەوەی بارودۆخەکە، هاووڵاتییەک دەکوژن و ٢ کەسی دیکەش بریندار دەکەن.
بەوتەی یەکێک لە هاووڵاتییانی گوندی هەشتیان، ئەو دوو خێڵە بەهۆی ئاژاوەگێڕیی هێزەکانی رێژیم، رەقی زیاتریان لە یەکتر هەڵگرتووە و هەر کام لەو خێڵانه لە هەوڵی تۆڵە ئەستاندنەوە لە خێڵەکەی دیکە دان.
رێژیمی ئیسلامی ئێران لە درێژەی سیاسەتە شەڕەنگێزانەکانی خۆیدا، لە چەند ساڵی رابردوو بە شێوەیەکی بەردەوام هەوڵی ئاژاوەنانەوە لە نێوان هێز و چینە جیاجیاکانی کوردستانی ئێرانی داوە و بە پیلان‌گێڕی و زەق کردنەوەی کێشە لاوکییە نێوخۆییەکان بە مەبەستی پێکانی ئامانجە دژە خەڵکییەکانی خۆی هەوڵی دروست کردنی ناتەبایی لەنێو نەتەوەی کورددا داوە، بەڵام ئاگایی و وشیاریی خەڵکی کوردستان ئەو پیلانانەی رێژیمیان پووچەڵ کردۆتەوە و وشیاری و ئاگایی چین و توێژە جیاجیاکانی کوردستان پێویستە هەتا رێژیم لە ئاوی لێڵ ماسی نەگرێت.